لە گەرووی هورموز سوپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە نوێترین کردەوەی تێکدەرانەیدا لە ناوچەکە ،هێرشی مووشەکیی کردە سە رچەندین کەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگر لە گەرووی هورموز و ئاوەکانی عومان.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە دوو کەشتیی وڵاتەکەیان لە ڕێڕەوی باشووری گەرووی هورمز و لەناو ئاوەکانی عومان، لەلایەن ڕژیمەوە بە مووشەک کراونەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا کەشتییەکان ئاگریان گرتووە و کارمەندێکی هیندیی یەکێک لە کەشتییەکان گیانی لەدەست داوە و هەشتی دیکەش بریندار بوون. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەم پێشێلکارییە نێودەوڵەتییە، جەختی لە مافی وەڵامدانەوە و گرتنەبەری هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنی خاکەکەی کردەوە. هاوکات، ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا هۆشدارییەکی بەپەلەی سەبارەت بە کرانەئامانجی نەوتهەڵگرێک بە مووشەک لە نزیک پارێزگای موسەندەمی عومان لە کاتی چوونەدەرەوەی لە گەرووی هورمز، بڵاوکردەوە و داوای لە کەشتییەکان کرد بە وریاییەوە هاتووچۆ بکەن. لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران و میدیاکانی سەر بە ڕژیم، بە فەرمی بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەیان لەئەستۆ گرت و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئەو کەشتییانە “سەرپێچیکار” بوون و پابەندی ڕێکارەکان نەبوون، بۆیە کراونەتە ئامانج.
