ڕۆژی ڕابردوو، هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان لە یەمەن، بە ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالستیکی و درۆنی ئینتحاری، هێرشێکی گەورە و بەربڵاویان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبستانی سعوودی لە ڕۆژهەڵاتی یەمەن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەم هێرشانە بۆ سەر کەمپەکانی “ڕووەیک” لە پارێزگای مەئریب و ناوچەکانی “عەبەر” و “وەدیعە” لە پارێزگای حەزرەمەوت کە دەکەونە نزیک سنوورەکانی سعوودیە ئەنجام دراون. یەکێک لە مووشەکەکان لە کاتی ڕیزبوونی بەیانیانەی سەربازەکاندا لە کەمپی مەئریب کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم ٣٨ سەرباز و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. هەروەها میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ٨٠ برینداری ئەم ڕووداوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی مەئریب و سەیئوون. هاوکات وتەبێژی حووسییەکان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، هۆشداریی توندی بە عەرەبستانی سعوودی داوە کە لە ئەگەری وڵامدانەوەی ئەم هێرشە، هێرشەکانیان زۆرتر دەکەنەوە و ژێرخانەکانی عەرەبستان بە ئامانج دەگرن.
