ڕاوێژکاری دیپلۆماسی سەرۆکی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی (ئیمارات) هۆشداری دا کە هەر چەشنە هەوڵێکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورموزدا یان دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی دەریایی ئیمارات، “خەیاڵێکی خاوە“.
ئەنوەر قەرقاش ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی گوڵان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی کە وڵاتانی ناوچەکە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بەوەی کە بە “زۆردارییەکانی ئێران” ناوی برد ڕاهاتوون؛ ڕەفتارێک کە بە وتەی ئەو بووەتە بەشێک لە کەشی سیاسیی کەنداوی فارس. قەرقاش جەختی کردەوە کە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز یان دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی دەریایی ئیمارات، بێ وەڵام نامێنێتەوە و جێبەجێبوونی مەحاڵە.
