ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، هوشداری جددی دا.
ئەم ڕێکخراوە جیهانییە بەتایبەت تیشکی خستووەتە سەر دۆخی مەترسیداری پێنج بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهواز بە ناوەکانی مەسعوود جامێعی، عەلیڕەزا مێرداسی، فەرشاد ئێعتیمادی فەر، ڕەزا عەبدولی و حەسەن موسەڵاوی کە لە دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ گروپێکی دژ بە ڕژیم، حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. لە درێژەی بەیاننامەکەدا جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، 42 بەندکراوی سیاسی لە سێدارەدراون و ڕۆژانە ژمارەی بەندکراوان زۆرتر دەبێتەوە.
