بڕیارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا هوشداری داوە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان کۆتایی پێ نەهێنێت، وەڵامێکی توندی هێزە چەکدارەکانی ئێران چاوەڕێی دەکات.
بەپێی ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکە، ئیسرائیل پاش ڕاگەیاندنی کۆتایی شەڕ لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە، ٨٤ جار پێشێلی ئاگربەستەکەی باشووری لوبنانی کردووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەگەر ئیسرائیل بە شەڕ خوازییەکانی خۆی لە باشووری لوبنان کۆتایی نەهێنێت، دەبێت چاوەڕێی وەڵامی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بێت. هاوکات “عەباس عەراقچی” وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کۆتایی هاتنی ئەو ململانێیە بە بێ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان تەواو نابێت و ناوبراو هەروەها بەردەوامبوونی هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر لوبنان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی کۆتایی شەڕ ناو بردووە.
