کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هه‌ڵیت و پڵیته‌كان سه‌باره‌ت به‌ كاره‌ساتی به‌ربوونه‌وه‌ی فرۆكه‌ی مۆسافربه‌ری و كابووسی ڕووخان

photo 2020 01 14 11 33 12

photo 2020 01 14 11 33 12

ڕووداوی به‌ربوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌ ئۆكراینیه‌كه‌ له‌ لایه‌ن په‌دافه‌ندی هێزی ئاسمانی سپای پاسداران و په‌راوێزه‌كانی ئه‌و باسه‌، هێستاش سه‌ردێڕی زۆربه‌ی هه‌واڵه‌كانی ئێران و جیهانه‌. بۆ چواره‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام، شه‌پۆلێك له‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ زانكۆكان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی زانكۆكان دژبه‌ كۆماری ئیسلامی وه‌ك خوڵقێنه‌ری ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ ، له‌ ئارا دایه‌. هه‌موو سه‌رانی ڕژیم له‌م ڕووداوه‌دا به‌ تاوانبار له‌قه‌ڵه‌م دراون. ئه‌وه‌یكه‌ له‌و كاره‌ساته‌دا بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وت‌، ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ بوو كه‌ به‌شێكه‌ له‌ ماهیه‌تی ڕژیم، گه‌نده‌ڵیه‌ك كه‌ سه‌رتاپێی ئه‌م ڕژیمه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌‌. حاشا له‌ واقعیه‌ت كردنی ڕژیم، دیارده‌یه‌كی تازه‌ نییه‌. كاتێك سه‌رانی ڕژیم ڕوو به‌ خه‌ڵك ده‌دوێن، هه‌مووان پێیان درۆ و ڕیاكاریه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی بسه‌لمێندرێ. له‌ ڕاستیدا درۆ كردن به‌شێكه‌ له‌ باوه‌ڕی سه‌رانی ڕژیم له‌ خامنه‌یه‌وه‌ بگره‌ تا ڕووحانی و فه‌رمانده‌كانی سپای پاسداران و ئه‌وانی تریان. ئه‌وان بۆ ئه‌و شته‌ی كه‌ ناویان ناوه‌ “به‌رژه‌وه‌ندی ئیسلام“، ڕێگه‌ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن كه‌ درۆ بكه‌ن. درۆ كردن له‌ زمانی ئاخوندی دا “ته‌قیه‌”ی پێده‌وترێ، كه‌ كارێكی شه‌رعیه‌ و هێندێك جاریش له‌ زۆمره‌ی واجباته‌. له‌ ڕووداوی به‌ربوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی موسافربه‌ریی ئۆكرایندا، ئه‌گه‌ر تێكنۆلۆژیی مۆدێرن و گوشاره‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان لێگه‌ڕابایه‌ن و ئه‌گه‌ر ترس له‌ هاتنه‌ سه‌رشه‌قامی دووباره‌ی خه‌ڵك له‌ دڵیانی نه‌دابایه‌، به‌ خه‌یالێكی ئاسووده‌وه‌ بۆ هه‌میشه‌ ئه‌و درۆیه‌یان دووپات ده‌كرده‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌وجۆره‌ درۆیانه‌ له‌ كارنامه‌ی ٤٠ ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی دا بێ ئه‌ژمارن. له‌ ئێستادا بۆشایی نێوان زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران و ڕژیمی ئیسلامی ئه‌وه‌نده‌ قووڵ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ حه‌ڵك بۆ دیتنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كان، پێویستیان به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئیدعاكانی سه‌رانی ڕژیم نییه‌. گوێی خه‌ڵك به‌ بیستنی ئه‌و درۆیانه‌ عاده‌تی گرتووه‌. ئه‌وه‌یكه‌ له‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساته‌دا گرینگیی هه‌یه‌، ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ ڕژیم له‌ به‌رابه‌ر تووڕه‌یی خه‌ڵكی ئێران و له‌ به‌رابه‌ر گوشاره‌ ده‌ره‌كیه‌كاندا، ده‌ست و پێی خۆی ون كردووه‌.  ڕژیم ڕه‌وایه‌تی ساخته‌ ته‌حویلی خه‌ڵك ده‌دات و درۆ ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌ترسێ. هه‌موو ئه‌و هه‌ڵیت و پڵیتانه‌ی كه‌ سه‌رانی ڕژیم ده‌یڵێن تا له‌و كاره‌ساته‌دا پاكانه‌ بۆخۆیان بكه‌ن، هاوشێوه‌ی “عوزری خراپتر له‌ تاوان‌”ه‌ كه‌ زیاتر له‌ زه‌لێكدا نوقمیان ده‌كات كه‌ خۆیان خوڵقاندوویانه‌.

عه‌لی ڕه‌بیعی، وته‌ بێژی ده‌وڵه‌ت، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٣ی مانگی به‌فرانبار له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی: “ئێمه‌ به‌ درۆزن له‌ قه‌ڵه‌م دراوین، له‌ حاڵێكدا كه‌ هیچ یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت له‌وانه سه‌رۆك كۆمار له‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌ربوونه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌‌ كه‌ له‌ ڕاستیدا ئاگری په‌دافه‌ندی خۆمان بووه‌، ئاگادار نه‌بوون.” ئه‌گه‌ر ئیدعاكه‌ی ڕه‌بیعی قه‌بووڵ بكه‌ین ئه‌وكات پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه،‌ ئه‌وه‌ چ ده‌وڵه‌تێكه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ئاگادارنه‌بوونی خۆی له‌ ڕووداوه‌كانی ناوه‌وه‌ی وڵات به‌ هه‌موان ڕاده‌گه‌یه‌نێت و ته‌نانه‌ت ڕێگایه‌كیش بۆ پاساو كردنی نادۆزێته‌وه‌؟

هه‌روه‌ها، فه‌رمانده‌ی سپای پاسداران وتی: “به‌ردانه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی موسافربه‌ریی ئۆكراین له‌ لایه‌ن‌ په‌دافه‌ندی سپاوه‌ كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی ئینسانی بووه‌، له‌ باروودۆخی جه‌نگی دا ڕوویداوه‌ و له‌ ئه‌نقه‌ست نه‌بووه‌.” هه‌روه‌ها وتیشی كه‌ “به‌دوای هێرشی مووشه‌كی بۆسه‌ر پێگه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق، به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بووین كه‌ مووشه‌كه‌ كرووزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ره‌و ئێمه‌ بهاویشترێن.” ئه‌گه‌ر ئه‌م ئیدعایه‌ش قه‌بووڵ بكه‌ین، دیسان ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌ گۆڕێ كه‌ بۆچی سه‌باره‌ت به‌ باروودۆخی جه‌نگی هۆشدارتان به‌ خه‌ڵك نه‌دا؟ ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی خۆتان باروودۆخه‌كه‌ جه‌نگی بووه‌، بۆچی ڕێگه‌ی هه‌ڵفڕینتان به‌ فڕۆكه‌ مه‌ده‌نیه‌كان داوه‌ و بۆچی له‌ كاتی خۆیدا ئاسمانی ئێرانتان چۆڵ نه‌كردووه‌؟ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا له‌و ڕه‌وایه‌ته‌ بێ سه‌ر و پێیانه‌ زۆر له‌ زمانی سه‌رانی ڕژیمه‌وه‌ بیستراون.

به‌ڵام وتنی ئه‌م هه‌ڵیت و پڵیتانه‌ له‌ خۆڕا نین. گوشارێكی واقعی، كۆماری ئیسلامیی له‌ قه‌یرانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا نوقم كردووه‌. ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و هه‌ڵچوونی تووڕه‌یی خه‌ڵك له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، هه‌ڕه‌شه‌ به‌تاڵه‌كانی سپای پاسداران له‌ ئه‌مریكا و له‌ده‌ست دانی قاسم سوله‌یمانی وه‌ك مۆره‌یه‌كی سه‌ره‌كییان، هاواری ڕه‌سای خه‌ڵیكی عێراق دژبه‌ حزوور و ده‌خاڵه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌و وڵاته‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ ده‌ستی یه‌ك و سه‌رانی ڕژیمیان تووشی سه‌رلێشێواوی و وتنی قسه‌ی بێ ناوه‌رۆك كردووه‌. كابووسی ڕووخانی كۆماری ئیسلامی، یه‌كگروویی ناو ڕیزه‌كانی ڕژیمی تێكداوه‌. خه‌ڵك بۆ جارێكی دیكه‌ پاش مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ به‌رز كردنه‌وه‌ی درووشمه‌كانیان سه‌رتاپێ ڕژیمیان كرده‌ ئامانج.  په‌یامی حه‌ره‌كه‌ته‌كانی چوار ڕۆژی ڕابردوو به‌ سه‌رانی كۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوشتاری ١٥٠٠ كه‌س و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی پتر له‌ ٧ هه‌زار كه‌س، خه‌ڵكی نه‌ترستاندووه‌. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ ئاگادار بوون له‌ وه‌حشیگه‌ریه‌ك كه‌ ڕژیم له‌ مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا نواندی، بێ گومان، بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێزی پڕچه‌كی ڕژیمدا سنگیان ده‌كه‌نه‌وه‌ قه‌ڵغان و پڕ به‌ گه‌روویان هاواری مه‌رگ و نه‌مان بۆ دیكتاتۆر ده‌ڵێنه‌وه‌.