کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هاتنەدەری ئەمریکا لە بەرجام، بەرلە هەموو شتێک دوکەڵەکەی دەچێتە چای خەڵکی بێبەشەوە

سەرئەنجام دوای چەند مانگ هەڕەشەی بەردەوام، شەوی ڕابردوو دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕەسمەن لە تەوافوقی هەستەی نێوان ئێران و ٦ زل هێزی جیهانی دێتەدەرێ. ئەو فەرمانێکی ئیمزا کرد کە بەپێی ئەو گەمارۆ هەستەییەکانی ئێران کە لەسەر بنەمای بەرجام هەڵپەسێردرابوون، بەرە بەرە چالاک دەبنەوە.

بریارەکەی ترامپ گەلێک کاردانەوەی دژایەتی ئامیز و ڕەخنەی لەنێو هاوپەیمانان و نەیارانی دەوڵەتی ئەمریکا بەشوێنەوە بوو. دەوڵەتی روسیە یەکێک لە واژۆكارانی سەرەکی تەوافوقنامەکە لە کاردانەوە بەم بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا لە بەیانیەیەکدا ڕایگەیاند:” دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام گوێ پێنەدانێکی سوکایەتی ئامێزە بە یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان.” روسیە وێڕای مەحکوم کردنی بڕیارەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ بردەنە دەری وڵاتەکەی لە بەرجام وتویەتی:” ئەمە تازە ترین شاهیدی ئەوەیە کە ئەمریکا قابیلیەتی ووتووێژ کردنی نییە.” مەکرون سەرۆک کۆماری فەرانسە ڕایگەیاند کە فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمریکا بەداخەوەن”. باراک ئۆباما کە واژۆی تەوافوقنامەی بەرجام لە دەورەی سەرۆک کۆماری ئەودا کرابوو، لەدژی ئەم بڕیارە و بۆ دیفاع لە بەرجام نووسی:” بەرجام تەنیا یەک تەوافوقی دوو لایەنەی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و ئێران نییە بەڵکوو دوای ساڵانێک هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی پشتیوانی هاوپەیمانەکانمان لە نێوان ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، چین و روسیە، یەکێتی ئەروپا لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە ئیمزا کراوە. بەرجام لەسەر بنەمای باوه‌ڕ پێكردن ئامادە نەکراوە، به‌ڵكوو نیزامێکی گشتگیر بۆ چاودێری بەسەر ئێران و دامەزراوەکانیدا لەبەرچاو گیراوە. ئەم تەوافوقنامەیە توانیویەتی بەرنامەی هەستەیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بگێرێتەوە بۆ دواوە. بەبێ بەرجام، ئەمریکا لە کۆتاییدا دەبێ لەگەڵ دوو بژاردەدا بەرەو روو بێتەوە، ئێرانی هەستەیی و یان شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.”

حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کاردانەوە بە قسەکانی دوناڵد ترامپ وتویەتی:” به‌ دەرچوونی ئەمریکا لە تەوافوقی هەستەیی، ئێران لە ئێستادا لێی دەرناچیت تا دواهاتەکانی بڕیاری ئەمریکا هەڵبسەنگێنێ.”

کاریگەریە وێرانگەرەکانی چالاک بوونەوەی تەحریمەکانی ئەمریکا لەسەر ئابووری ئێران لە ئاکامی دەورچوونی ئەم وڵاتە لە بەرجام حاشا هەڵنەگرە. ئیدیعاکانی روحانی سەبارەت بەوەی کە خەڵک نیگەرانی ئاسەوارە ئابووریەکانی ئەم بڕیارە بەسەر ژیانی رۆژانەیاندا نەبن، بێ ناوەرۆک تر لەوەیە کە کەس فریو بدات.

هەواڵنێریی فەرانسە لە هەڵسەنگاندنێک لە هه‌مبه‌ر ئاکامە ئابووریەکانی خێرای دەرچوونی ئەمریکا لە تەوافوقنامەی بەرجام نووسی:” بەر لەوەی کە هیچ چەشنە گەمارۆیەکیش داندرابێت، کاریگەریە ڕەوانیەکانی هەڕەشەی ئەمریکا سەبارەت بە دەرچوون لە بەرجام، ئاکامێکی نا سەقامگیر کەری لەسەر ئابووری ئێران هەبووە. لەوانە دابەزینی ٤٠ لەسەدی ئەرزشی پوڵی ڕەسمی ئێران لە بەرانبەر دۆلاردا و هەڵاتنی ١٠ تا ٣٠ ملیارد دۆلاری سەرمایە لە وڵات لە ماوەی ئەم چەند حەفتەی دواییدا.”

له‌ ڕاستیدا ڕێبەریی وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە تەوافوقی بەرجام بە دەوڵەتی ئەمریکا بوو وە بە بڕیاری تازه‌ی ئه‌مریكا له‌م باره‌یه‌وه‌ بنه‌مای سەرەکی ئه‌و ته‌وافوق نامه‌یه‌ روخاوە. دەوڵەتانی ئوروپایی سەرەڕای وتە توندەکانیان و ئەو ڕەخنانەی دەیگرن لە بڕیارەکەی ئەمریکا، لە کۆتاییدا بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری خۆیان لە پەیڕەو کردن لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا دەبیننه‌وه‌. لەم روەوە ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی ئەم بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا دەکەوێتە ژێر گوشاری ئابووری تازەترەوە. بەڵام هەر ئەو جۆرەی کە لە ڕابردودا بینیومانە، دوکەڵی ئەم گوشارە ئابووریانە لە هەمانحاڵدا لە دوولاوە دەچێتە چاوی کرێکاران و توێژی هەژار و بێبەشی کۆمەڵگاوە. لە لایەکەوە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری، گرانی، بێکاری و داسەپاندنی بارودۆخێکی فەلاکەتبارتر بەسەر زۆربەی کۆمەڵگای ئێراندا و لە لایەکی دیکەوە دەرفەتی فریوکاری زیاتر بۆ پاساوی ئەم بارودۆخە بە کۆماری ئیسلامی ئەدات. ئەم بارودۆخە لە عەینی حاڵدا لەسەر ئاست و قوڵایی خەباتی خەڵک کاریگەری نەرێنی دەبێت. هەروەک بینیمان بە تەوافوقی بەرجام و لاچوونی تەحریمەکان خەبات و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی كرد و پەرەی سند. نمونەی بەرچاو و لوتکەیمان، لە ئاخیزی جەماوەری مانگی بەفرانبار هاوکات لە نزیک بە ١٠٠ شاری ئێراندا بینی.

گەمارۆکان و گوشارە ئابووریەکان و هەڕەشە نیزامیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ئەم چەند دەیەی دواییدا بە کردەوە خزمەتی بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی کردوە. دەوڵەتی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک خوازیاری ئەوە نییە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای ئاخێز و شۆڕشی جەماوەریەوە بروخێت. ترامپ و تیمەکەی لە حاکمیەتی دەوڵەتی ئەمریکادا تەنیا دەیانەوێ زێدە خوازیە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی كونتڕۆڵ بکەن. بێ گومان ئەوان لە نێوان داهاتوی سیاسی لە ڕاونگەی ئەوانەوە نادیاری ئێران و مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا، دووهەمیان بە قازانجی ئێستا و داهاتوی خۆیان دەزانن. بوونی ڕژیمێکی ئیسلامی لە ئێران ئیمکانی ئەوەی بە ئەمریکا داوە تا دۆلارە نەوتیەکانی دەوڵەتانی دەوڵەمەندی ناوچه‌كه‌، لە ڕێگای هەڵخڕاندنی کێىڕکێی تەسلیحاتیەوە، سەرلەنوێ بگێڕێتەوە نێو خه‌زینه‌ی ئەمریکا. دڵخۆش بوونی بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەدژی ڕژیمی ئێران، خۆشباوەڕی و خۆ فریودانێکی ساویلکانه‌ نه‌بێ، هیچی تر نییه‌. داهاتوی باشتر بۆ خەڵکی ئازار چەشتوی ئێران تەنیا لە ڕێگای خه‌باتی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەم دیتو و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەوە و روخاندنی شۆڕشگێرانەی ئەم ڕژیمەوە دابین دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-