به پێی دوایین ڕاپۆرتی ناوه‌ندی ئاماری ئێران سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی بێكاریی وه‌رزی سێهه‌می ساڵ، هه‌روه‌ك وه‌رزه‌كانی پێشوو، ژنان دیسان زیاترین سه‌همیان، له چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئیجباری، له بازاڕی كاردا هه‌یه. له پاییزی ساڵی ١٣٩٨ه‌وه تا كۆتایی پاییزی ئه‌مساڵ، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و ٤٠ هه‌زار كه‌س له جه‌معییه‌تی ژنانی چالاكی ئابووری، كه‌م بووه‌ته‌وه. هه‌ر له‌م ده‌وره‌یه‌دا، ٧٧٧ هه‌زار كه‌س به ژماره‌ی ژنانی بێكار زیاد بووه. ناوه‌ندی ئاماری ئێران، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی بێكاریی وه‌رزی سێهه‌می ساڵی، ٩ و ٤ دههۆمی له‌سه‌د ڕاگه‌یاند كه له به‌رئاورد له‌گه‌ڵ وه‌رزی پێشووــ هاوین و پاییزی ساڵی ڕابردوو، ئه‌م ڕێژه‌یه هاتووه‌ته خوارێ. به‌ڵام ئه‌م هاتنه‌خواره‌وه‌ی ڕێژه‌یه، هه‌روه‌ك پێشتر ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مه‌جلیس ڕایگه‌یاندبوو، نه‌ك به‌هۆی خوڵقانی پیشه‌ی نوێ، به‌ڵكوو به‌هۆی دڵ‌سارد بوونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه، كه به‌شوێن كاره‌وه بوون و به‌هۆی بێ‌ئاكام مانه‌وه‌یان، له بازاڕی كار چوونه‌ته ده‌رێ. به پێی به‌رئاوردی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مه‌جلیس، ڕێژه‌ی بێكاریی واقعی، لانیكه‌م ٢ و نیو هێنده‌ی ڕێژه‌ی ڕه‌سمییه. به‌پێی ئاماره ده‌وڵه‌تییه‌كان، گشتگیر بوونی كۆرۆنا له مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ڕابردووه‌وه، لانیكه‌م یه‌ك و نیو پیشه‌ی له‌ناو بردووه. ئه‌وه‌ش له حاڵێك دایه كه ته‌نیا نیوه‌ی كه‌سانێك كه به‌هۆی كۆرۆناوه بێكاربوون، وه‌ك به‌ركه‌وتووی بیمه‌ی بێكاری پێناسه كراون.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئامارانه‌ی باسیان لێكرا، ته‌نیا گۆشه‌یه‌ك له ڕاستییه‌كانمان پێ نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ئاماره ناكامڵانهش پێمان ده‌ڵێن كه ڕێژه‌ی بێكاریی ژنان له به‌رئاورد له‌گه‌ڵ پیاوانی خوازیاری كار، یه‌كجار له‌سه‌رێیه و بازاری كار به گشتی له‌دژی ژنانه. ڕێژه‌ی له‌سه‌رێی بێكاری ئه‌و ژنانه‌ی كه زیاتر له ڕابردوو له كۆمه‌ڵگادا حزووریان هه‌یه و به‌شوێن كاره‌وه‌ن، ته‌نیا به‌هۆی ئابووریی یه‌كجار داڕماویی كۆماری ئیسلامی نییه، به‌ڵكوو یاساكانی دژه‌ژن و بڕیاری ئۆرگان و كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی ئیسلامیش، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌یه. بردنه ده‌ره‌وه‌ی ژنان له شوێنه گشتییه‌كان له زۆمره‌ی یاسا و سیاسه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی كۆماری ئسیلامییه كه ده‌وڵه‌ته جۆراوجۆره‌كان، بهكردهوهیان ده‌رهێناوه. ڕێگری له كار كردنی ژنان له كافیشاپ و قاوه‌خانه‌كان، له زومره‌ی سیاسه‌ته دژه ژنه‌كانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی سه‌رۆك كۆماریی ڕووحانییه، كه به‌كرده‌وه ده‌رهاتووه.
سیاسه‌تی بێبه‌ری كردنی ژنان له پیشه‌ی ڕه‌سمی و ناچار كردنیان به خانه‌نشینی و كاری غه‌یره ڕه‌سمی به شێوه‌ی دووركاری له ماڵه‌وه و یان خاوێنكاری و ئاگاداری كردن له منداڵان و كاری هاوشێوه‌ی دیكه له ماڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، پاش ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری ساڵی ١٣٨٨ و ئاخێزی سه‌رتاسه‌ریی مانگی به‌فرانباری ١٣٩٦ و حزووری به‌رینی ژنانی لاو له‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا، توندتر بووه‌ته‌وه. كۆماری ئیسلامی به‌و بیانوویه‌ی كه “كاری سه‌ره‌كیی ژنان، په‌روه‌رده كردنی منداڵان، به هاوسه‌ر ڕاگه‌یشتن و كاری ناوماڵه”، ژنان له پیشه ڕه‌سمییه‌كان و له شوێنه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌خاته ده‌رێ. به‌ڵام وه‌ها بیانووهێنانهوهیهكی پیاوسالارانه، لۆژیكێكی سهرمایهدارانهشی له‌پشته. سه‌رمایه‌دارانی ده‌وڵه‌تی و خسووسیی كۆماری ئیسلامی، هه‌روه‌ك هاوپیاڵهكانیان له باقیی وڵاته‌كان، به‌نیازن هێزی كار، تا ده‌توانن هه‌رزانتر بكه‌ن. ئه‌وان وێڕای ناچار كردنی ژنان به په‌روه‌رده كردنی كرێكارانی داهاتوو و خزمه‌ت به ڕه‌واندنی ماندوویه‌تیی كرێكارانی ئێستا له ناو ماڵدا، ناچاریشیان ده‌كه‌ن كه وه‌ك یارمه‌تیده‌ریان، به شێوه‌ی به‌رین خه‌ریكی كاری غه‌یره ڕه‌سمی بن. ئه‌م ژنانه و هه‌روه‌ها جه‌معییه‌تی ژنانێك كه كارگه چكۆلهكانی كه‌متر له ١٠ كه‌سدا كار ده‌كه‌ن، له وه‌رگرتنی لانیكهمی حه‌قده‌ست و ههمووجۆر بیمه و خزمه‌تگوزارییه‌ك، كه له ناو ئه‌م یاسا دژه كرێكاریهشدا گونجاوه، بێبه‌رین. له‌و كارگه و ناوه‌نده سهنعهتییانهش، كه زیاتر له ١٠ كرێكار تێیدا كار ده‌كه‌ن و یاسای كار ده‌یانگرێته‌وه، ژنان ته‌نیا ١٢ له‌سه‌دی جه‌معییه‌تی گشت كرێكاران پێكدێنن و ته‌نیا ٨ له‌سهدیشیان پێرسۆنێلی بهرههمێهانن. له‌خۆڕا نییه كه ئێران، كه‌مترین ڕێژه‌ی به‌شداری كردنی ژنانی له بواری ئابوورییه‌وه، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌خۆی ته‌رخان كردووه. له حاڵێكدا كه ڕێژه‌ی به‌شداریی كردنی ژنان له بواری ئابوورییه‌وه، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ٢٢ له‌سه‌ده، له ئێران، له ئاستی شاره‌كاندا كه‌متر له ١٤ له‌سه‌ده. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه جه‌معییه‌تی ژنانی خوێنده‌وار و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانكۆ ٣ به‌رابه‌ر بووه، به‌ڵام ڕێژه‌ی به‌شداری كردنییان له چالاكییه ئابوورییه‌كاندا، چوار ده‌یه‌یه كه گۆڕانێكی به‌رچاوی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. ڕێژه‌ی لهخوارێی به‌شداری كردنی ژنان له چالاكییه ئابوورییه‌كان و بێ مافیی ئه‌وان له شوێنه‌كانی كار، یه‌كجار دڵته‌زێنه. ئه‌م باروودۆخه، بووه‌ته هۆی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌ژاری و دابین نه‌بوونی ژنان و سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌گه‌لێكی وه‌ك ژنانی مۆعتاد و كارتۆن خه‌و، هاتنه خواره‌وه‌ی ته‌مه‌نی له‌شفرۆشی و هاوسه‌رگیری پێشوه‌ختی كچانی كه‌م ته‌مه‌ن و بێگومان، ئه‌م دیاردانه‌ش بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی ژنانی زیانههڵگرتر كردووه.
حكوومه‌ت و سه‌رمایه‌دارانی به‌شی ده‌وڵه‌تی و خسووسی، به‌مجۆره، ئیمكانی ناڕه‌زایه‌تیی ڕێكخراو، گه‌یشتن به وشیاریی چینایه‌تی له شوێنه‌كانی كار و ئاشنابوون له‌گه‌ڵ یاساكانیان، له ژنان زه‌وت كردووه و هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش زه‌ربه‌ی له پیاوانی كرێكاریش داوه. هه‌ر بۆیه ژنان و پیاوانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش، پێویسته له شوێنه‌كانی كار و ژیان، شان به شانی یه‌كتری خه‌بات بكه‌ن تا باروودۆخی كار و ژیانی چینی كرێكار باشتر بێت. به هێزی خه‌باتی یه‌كگرتووانه‌ی ژنان و پیاوانی كرێكار، ئه‌و ئیمكانه ده‌خوڵقێ، كه سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان ناچار بن كه له داسه‌پاندنی ئه‌و بێمافییانهی، كه ته‌نانه‌ت له یاسای كاری كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێستاشدا ناگونجێن، ده‌ست هه‌ڵگرن. خه‌بات بۆ دابین كردنی به‌رابه‌ریی ژن و پیاو له بواری پیشه‌ییه‌وه، دانی حه‌قده‌ستی یه‌كسان بۆ پیشه‌ی یه‌كسان به ژنان و پیاوان، بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌كسان بۆ ژنان و پیاوان، قه‌ده‌غه كردنی سپاردنی هه‌رجۆره كارێكی سه‌خت و زیانبار به ژنانی دووگیان و خاوه‌نی منداڵ، قه‌ده‌غه كردنی گونجاندنی “ڕه‌گه‌ز” له‌ناو ئاگادارییهكانی دامه‌زراندن، له زومره‌ی خواستی چینی كرێكار و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی ژنانه، بۆ باشتر كردنی پێگه‌ی ژنان له چالاكییه ئابووریه‌كاندا. وه‌ڕێخستنی ئه‌م بزووتنه‌وه موتالباتییه، له‌ده‌وری ئه‌م خواستانه و باقیی خواسته‌كانی چینی كرێكار، كه له‌سه‌ر ئه‌م به‌ستێنه، ژنان و پیاوانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش، بتوانن خۆیان له ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تیی خۆییاندا ڕێك بخه‌ن، له پێداویستییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تیی كرێكارانه به ئاسۆی سۆسیالیستییه‌وه.