کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  نەورۆز و بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سیاسی

  •   نەورۆز بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سیاسی، ئازاردەرترە لە هوموو ساڵێک. ئەو ئازیزانەی کە یەک یان چەند نەورۆز لەوپێش لەنێو بنەماڵەکانیاندا بوون، ئێستا لە ئارامستانەکان و یان لە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکاندا ئارامیان گرتوە. بە هەزاران زیندانی سیاسی لە زیندانەکان و لە ئەشکەنجەگاکانی دوور و نزیک لە بنەماڵەکانیان لە بارودۆخێکی زۆر نامرۆڤانەدا بەسەر دەبەن. لە چل و چوار ساڵ حاکمیەتی ئیسلامیدا بە دەیان هەزار زیندانی سیاسی لە ئەشکەنجەگاکانی حکومەتدا شکەنجە  و یان ئێعدام کراون. بە هەزاران کەس لە جەریانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی دژبە حکومەتدا بە گوللەی جەنگی گیانیان لەدەست داوە و یان دەستبەسەر و ئێعدام کراون. ئێستا ئیتر کەمتر بنەماڵەیەک هەیە کە ئەندامێکیان دەستبەسەر، زیندانی، ئێعدام، دەرکراو لەسەر کار و یان بە ناچار پەڕەوازەی هەندەران نەبوو بێت.

نەورۆز، رۆژی لە دایک بوون، رۆژی هاوسەرگیری، رۆژەکانی لە دایک بوونی منداڵان بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سیاسی ئاوێتەی ئازار و ژان، گریانی بە ئاشکرا و شاراوەیە. بەشێک لە ژیان و کاتی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سیاسی لەسەر مەزارەکان تێپەڕ دەبێت. ئەرکی هەر ئینسانێکی شەریف و ئازادیخواز و هەر ناوەندێکی جەماوەری، گوروپێکی کۆمەڵایەتیە کە بنەماڵەی گیانبەختکردوان و زیندانیانی سیاسی بە تەنیا نەهێڵنەوە. بەتایبەت لە مەڕاسمەکانی نەورۆزیدا یاد و ناوی ئازیزانی گیانبەختکردوان بەرز و بەڕیز ڕابگرن. شەپۆلی دادخواهی لە کوردستان و لە هەموو ئێران ڕووی لە گەشەیە. حکومەتی ئیسلامی و حاکمانی جەنایەتکاری دەبێ وڵامدەرەوەی سەرجەم ئێعدامەکان، قەتڵەکان، تیرۆرەکان، بۆمباران و موشەک بارانەکان بن.

لەهەموو شار و ئاواییەک پێویستە ناوی هەموو گیانبەختکردوانی سیاسی، وێنە و عەکسەکانیان بە دیواوری شار و ئاواییەکانەوە، بە مۆزەخانە و ناوەندەکانی یادکردنەوە، بە دەروازەی ئارامستانەکانەوە ببیندرێت. پێویستە بنەماڵەی ئازاردیتوی گیانبەختکردوانی سیاسی پشتیوانی مەعنەوی و ئەگەر لازم بێت یارمەتی ماڵی بکرێن.

خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ خەبات دژبە کۆنەپەرستی ئیسلامی هەزینەیەکی قورسیان داوە. حکومەتی ئیسلامی دەبێ وڵامدەرەوەی سەرجەم ئەو جەنایەتانە بێت کە بۆ داسەپاندنی ستەمی نەتەوایەتی، ستەمی مەزهەبی، دواکەوتو ڕاگرتنی بە ئانقەستی ئابووری کوردستان کردونی بێت. خەڵکی ستەم دیتوی ئێران کە لە یەک سەدەی ڕابردودا لەگەڵ ئیستبدادی سەڵتەنەتی و کۆنەپەرستی مەزهەبی دەستەویەخە بووە، ئێعدام و ئەشکەنجەی  زۆر کراون، لە درێژە و ئاکامی خەباتیاندا نیزامێک بونیاد دەنێن کە ئێعدام و ئەشکەنجە تێیدا ئاسەواری نەبێت. زیندانی سیاسی بوونی نەبێت و پێشێل کەرانی مافەکانی خەڵک و ئەوانەی ئازادیە سیاسیەکان زەوت دەکەن محاکەمە و ناچار بە وڵامدانەوە دەکرێن. حکومەتی جەنایەتکاری ئیسلامی بە شوێن قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی دا، زیاتر لە ٦٠٠ کەسی لە زیندانەکان و لەسەر شەقامەکان کوشتوە تا بڵێسەکانی شۆڕشێک کە بە کوژرانی ژینای لاو داگیرسابوو، کپ بکاتەوە. بە هەزاران کەسی بە گوللەی جەنگی بریندار کرد و دەیان هەزار کەسیشی خستە گۆشەی زیندانەکانەوە.

  لە مەڕاسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا یاد و بیرەوەری سەرجەم ئازیزانی گیانبەختکردوی سیاسی لە ماوەی ٤٤ ساڵ حکومەتی جەنایەتکاری ئیسلامیدا ڕێز لێ دەگرین، سەردانی بنەماڵەکانیان دەکەین و بە هەموو شێوەیەکی مومکین پشتیوانیان دەکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-