کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتانی خزمەتکاری هۆکاری سەرەکی وێڕان بوونی ژینگە

ئەمڕۆ ٥ ی مانگی ژوئێن، بەرابەر لەگەڵ ١٥ مانگی جۆزەردان، لە تەقویمی ڕێکخراوی نەتەیەکگرتوەکاندارۆژی جیهانیژینگەیە. ناوەرۆکی مەڕاسمەکانی ئەمساڵ خەبات دژبە پیس بوونی سەرچاوە گرتوو لە پلاستیک ڕاگەیەندراوە. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پەسند کراوە، و هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا سەبارەت بە مەترسیەکانی وێران بوونی ژینگە هۆشداری تێ دراوە، بەڵام باس لە مەترسیەکان بێ ئاکام بووە. لەبەر ئەوەی ئەم ڕێکخراوەی خزمەتگوزاری دەوڵەتانی گەورەی سەرمایەداری، هۆکاری سەرەکی وێڕان بوونی ژینگەی نەخستۆتە ئەستۆی سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی.

  مارکس بە کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمی زانایانی بەرلەخۆی بابەتی ژینگە ناسی بەستۆتەوە بە کۆمەڵگا و سیاسه‌تی ئابووری زاڵ بەسەریدا و سەلماندی کە نیزامی سەرمایەداری هۆکاری وێران بوونی ژینگەیە. ئینگلس و دواتر کەسانێکی وەک بوخارین و لەمڕۆشدا بیرمەندانی وەک جان بلامی فاستێر بە کەڵک وەرگرتن لە ماتریالیزمی مێژوویی بۆچوونەکانی ماڕکسیان پەرە پێداوە. لە ئێستادا بارودۆخی ژینگە زۆر خراپە. بە پێی ئامارەکانی دوو ساڵ لەوەپێشی دمەزاراوەکانی داکۆکی لە ژینگە، پیس بوونی هەوا لە دنیادا ساڵانە دەبێتە هۆکاری مەرگی نابەوەختی زیاتر لە ٧ ملیۆ ئینسان و لە هەر دە کەس نۆیان لە هەوای پیسدا دەژین. ئەم هێرشەی نیزامی سەرمایەداری دژبە ژینگە بەرەڕووی خەبات و ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەر و بزوتنەوەکانی لایەنگری ژینگە لە ئاستی دنیادا بۆتەوە. تەنانەت بەشێک لە لاوان و کەسانی کەم تەمەن بە شێوەیەکی بەرچاو لەم خەباتەدا بەشدارن.

  لە ئێران سیاسەت و کرداری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەدارانی ڕانت خۆر و چەکداری وەک( سپای پاسداران) و ناچەکدارانی، بارودۆخی ژینگەیان وەها خراپ کردوە کە خودیەکانیشیان گەلێک جار هۆشدارییان پێداون. عیسا کەڵانتەری، سەرۆکی پێشوی ڕێکخراوی ژینگە، بەردەوام هۆشداری داوە کە ئێران لەباری وێرانبوونی ژینگە، بە فیڕۆدانی وزە و کەم بوونی ئاودا لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە. ئەو بەم قسانەی ئاماژەی بە بەشێک لە ڕاستیەکان کرد و وتی، گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە دامودەزگا دەوڵەتی و حکومەتیەکان وێرانگەری سەرەکی ژینگەن. ئیرەج حیشمەتی، جێگری ئێستای ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەش لە کۆنفڕانسێکدا دانی پێدانا کە لە ئێستادا پێنج کۆسپی سەرەکی ئاو، پیس بوونی هەوا و ئاڵوگۆڕی ناوچەیی، گۆڕانی بەکارهێنانی زەوی و شۆرانەوەی خاک، مەسرەفی وزە و مەترسی لەنێوچوونی جۆری بوونەوەرەکان و سەرچاوەکانی ژنیتیکی لە وڵاتدا بوونی هەیە. ئەویش بەشێوەیەک خەتاکانی لە ئەستۆی وێرانگەرانی سەرەکی لابرد و هۆکاری دیکەی بۆ باس کرد.

لە کوردستانیش ڕژیم و خاوەنانی سەرمایە وەک سپای پاسداران لە هۆکارەکانی سەرەکی وێران بوونی ژینگە بوون. ئەم ڕژیمە لەسەرتای هاتنە سەرکاریەوە، ئاگاهانە و بە پلان لە هەوڵی وێران کردنی ژینگەی کوردستاندا بووه‌. ئاگردانی دارستانەکان، مین دانان لە ناوچە سنوریەکان، بەڕێوەبردنی مانۆڕ و تۆپ و خۆمپارە باران کردنی شاخ و کوێستانەکان، تاڵان کردنی سەرچاوە سروشتیەکان، دەرهێنانی تاڵانچیانەی کانە جۆراوجۆرەکان، وشک کردنی دەریاچەی ورمێ و تاڵاوەکان، گواستنەوەی زبڵی ژاراوی بۆ دەوروبەری شارەکان و تەنانەت پیس کردنی ئاوی رووبارەکان، دروست کردنی جادەی نیزامی لە بەرزایی و کێوەکان تەنیا چەند نمونەیەکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ زەربەدان و لەنێو بردنی ژینگەی کوردستان.

خەبات بۆ پاراستنی ژینگە، کە بەکردەوە دژبە ڕژیم و خاوەنانی سەرمایەیە، لە ئێراندا وەها پەرەی سندوە کە ڕژیم چالاکی لەو بوارەیدا بە ئەمنیەتی کردوە. کۆماری ئیسلامی دەیان کەسی لە هەڵسوڕاوانی ژینگەی بە تاوانی دروست کراو و بێ بنەمای فەساد لەسەر ئەرز، کاروچالاکی دژبە ئەمنیەتی وڵات و سیخوڕی دەستبەسەر و زیندانی و ئەشکەنە کردوە و یان کوشتونی. بەڵام خەڵکی ئێران بە ڕێزگرتن لە یاد وبیرەوەریکاوس سەید ئیمامیمامۆستای زانکۆ کە لەژێر ئەشکەنجەی جەنایەتکارانی ڕژیمدا گیانی لە دەست دا، و بە بەشداری کردن لە ئەسپەردە کردنی شکۆداری پەیکەریشەریف باجوەرو هاوڕێکانی کە لە جەریانی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان گیانیان لەدەستدا، بێزاری خۆیان لە ڕژیمی گەندەڵ و دژی ژینگەی کۆماری ئیسلامی نیشاندا.

بزوتنەوەی پاراستنی ژینگە لە کوردستان بەهێزە. کۆمەڵە کە بە بەشێک لەم بزوتنەوەیە پێناسە دەکرێت لە کۆنگرەی ١٨ دا لەم بارەیەوە قەتعنامەیەکی پەسند کرد. و لە بەشێکیدا هاتوەکۆماری ئیسلامی وەک ئاڵقەیەک لەم سیستمە جیهانیە پڕناکۆکیە، ژینگەی ئێرانی بەرەوڕووی کێشەی گەورە و ڕەنگە قەرەبوو نەکراو کردۆتەوە.”

  لە کۆتاییدا دەبی بوترێت کە سۆسیالیستەکان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی گرفتی ژینگەیی خوازیاری گۆڕانی پێوەندی ئینسانەکان لەگەڵ سروشتن لە ڕێگایەکەوە کە ئەم پەیوەندیە لە حاڵەتی دوژمنکارانەی ئێستایەوە بگوازرێتەوە بۆ مناسباتێکی دۆستانە و ئەمەش ئیمکانی نییە مەگەر ئەوەی کە نیزامێکی سۆسیالیستی بونیاد بندریت کە تێیدا نەک قازانج پەرستی سەرمایەداران، بەڵکو وڵام دانەوە بە نیاز و پێداویستیە مادەی و مەعنەویەکانی ئینسان ئەنگیزەی بەرهەمهێنان بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-