کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نیزامی سه‌رمایه‌داری هۆكاری سه‌ره‌كیی وێران كردنی ژینگه‌ وته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی ژینگه‌

lwslo1

lwslo1

دوێینێ هه‌ینی، ٥ی مانگی ژۆئه‌ن به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٦ی جۆزه‌ردان، ڕۆژی جیهانیی ژینگه‌ بوو. بوونی ڕۆژێك له‌ ساڵدا به‌م ناوه‌ و به‌ ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وێران كردنی ژینگه‌، له‌ ساڵی ١٩٧٢ له‌ كۆنفرانسێكدا له‌ژێرناوی “مرۆڤ  و ژینگه‌” له‌ شاری ستۆكهۆڵمی پێته‌ختی سۆئێد درایه‌ به‌ر باس و په‌سه‌ندكرا. ناودێر كردنی وه‌ها ڕۆژێك به‌ ئامانجی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی وشیاری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ پاراستنی ژینگه‌ و هان دانی ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ ڕێگری له‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتنی ئه‌و به‌رنامه‌ و سیاستانه‌یه‌ كه‌ زیان به‌ ژینگه‌ و سڵامه‌تی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ ده‌یان ساڵه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نیزامی سه‌رمایه‌داری كاریگه‌ریی زۆر وێرانكه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌ی مرۆڤ و سرووشت داناوه‌ و ئه‌م وێرانیانه به‌خێراییه‌وه‌ خه‌ریكه‌‌ په‌ره‌ده‌ستێنن.

ئه‌گه‌ر وه‌ها ڕۆژێك به‌و ئامانجانه‌وه‌ ئه‌وكات پێویست بوو، له‌ ئێستادا به‌خاتری زێده‌خوازی و ته‌ماكاریی بێ سنووری سه‌رمایه‌داره‌كان، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ زه‌رووره‌تی هه‌یه‌.  له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌، نیزامی سه‌رمایه‌داری، ژینگه‌یه‌ك كه‌ مرۆڤ و باقیی بوونه‌وه‌ره‌كان تێیدا هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌كێشن، پتر له‌ هه‌موو كاتێك ژه‌هراویی و پیسی كردووه‌. به‌ پێی ئاماری ناوه‌نده‌كانی دیفاع له‌ ژینگه‌، پیس بوونی هه‌وا له‌ جیهاندا، ساڵانه‌ ده‌بێته‌ هۆی مه‌رگی پێشوه‌ختی پتر له‌ ٧ ملیۆن ئینسان و له‌ هه‌ر ١٠ كه‌س، ٩ كه‌س له‌ هه‌وای پیسدا هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌كێشێ. ئه‌م ده‌ستدرێژیه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری بۆسه‌ر ژینگه‌ له‌گه‌ڵ موقاومه‌ت و خه‌باتی مرۆڤه‌ خه‌باتكاره‌كان و بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ پێشڕه‌وه‌كان به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه‌. هه‌وڵی لاوێكی سۆئێدی بۆ وه‌ڕێخستنی مانگرتن له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ پیس بوونی ژینگه‌، زۆر به‌ خێرایی بوو به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رین به‌ناوی “هه‌ینیه‌كان بۆ داهاتوو“. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ كۆمه‌ڵگای مرۆڤ، ناتوانێ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌ستدرێژیانه‌دا كه‌ بوونه‌ته هۆی كونبوونی لایه‌ی ئۆزۆن و توانه‌وه‌ی كێوه‌ سه‌هۆڵه‌كان و تێكچوونیی هاوسه‌نگیی سرووشت و كاره‌ساته‌كانیتر، كه‌مته‌رخه‌م بێت.

له‌ ئێران، سیاسه‌ت و كرده‌وه‌ی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، به‌رده‌وام هۆكاری له‌ناوچوون و پیسبوونی ژینگه‌ بووه‌. ڕژیم به‌ ڕێگه‌دان به‌ تێكردنی  ژێرئاویه‌كان له‌ ڕووبار و ده‌ریاچه‌ و تاڵاو و قامیشه‌ڵانه‌كان، زه‌ربه‌ی قه‌ره‌بوونه‌كراوی له‌ ژینگه‌ داوه‌. بێ ته‌گبیری له‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی به‌رنامه‌ی پێنج ساڵه و به‌ندئاو درووست كردنی نازانستی، گۆڕینی مه‌سیری ئاوه‌كان و له‌ناوبردنی له‌وه‌ڕگه‌كان، وه‌ها زه‌ربه‌یه‌كی له‌ ژینگه‌ی ئێران دا كه‌ هه‌تا ئێستاش ئاسه‌وار و دواهاته‌كانی كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌ و جاروباره‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كان و وه‌ڕێكه‌وتنی سێڵاو و ویشك بوونی ڕووبار و ده‌ریاچه‌  و تاڵاوه‌كان و ده‌بێته‌هۆی پرتووكانی خاك و له‌ناوچوونی ساڵانه‌ هه‌زاران هێكتار له‌ زه‌ویه‌ به‌پیته‌ كشت و كاڵیه‌كان.

یه‌كێك له‌ جێگرانی “سازمانی مۆحیتی زیست” ڕایگه‌یاند كه‌: “زۆرترین وێرانكاریه‌كانی بواری ژینگه‌ له‌ ئێران، به‌رهه‌می به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتنی گه‌ڵاڵه‌كانی گه‌شه‌ی پێنج ساڵه‌یه‌ كه‌ ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی له‌ هه‌موو شوێنه‌كانی ئێران دا ده‌بیندرێ. عیسا كه‌لانته‌ری، جێگری سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ڕێكخراوی به‌ناو پاراستنی ژینگه‌ش، چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر، وێڕای ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ بوودجه‌ی زۆر كه‌می ئه‌م ڕێكخراوه‌ كه‌ ته‌نیا دوو هه‌زارومی بوودجه‌ی ئێرانه‌، دانی به‌وه‌ دانا كه‌: ” پاوانخوازی بووه‌ته‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی دواكه‌وتوویی و وێران بوونی ژینگه‌ و ته‌نیا وڵاتێكین له‌ جیهاندا كه‌ پاراستنی مافی نه‌سڵه‌كانی داهاتوو به‌لامانه‌وه‌ گرینگ نییه‌ و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ به‌ره‌و له‌ناوبردنی ژینگه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرین“. هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند كه‌ ٨٣ له‌سه‌دی مادده‌ پیسكه‌ره‌كانی وڵات، به‌رهه‌می سه‌نعه‌تی ئۆتۆمبێلسازیه‌ كه‌‌ پتر له‌ ٦١ له‌سه‌دی گردیله‌ پیسكه‌ره‌كان ڕاسته‌وخۆ ده‌باته‌‌ ناو سێلووله‌ خوێنیه‌كانی مرۆڤه‌وه‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ڕیاكارانه‌ و ملهوڕانه‌ له‌جیات ئه‌م ڕۆژه‌ جیهانیه‌، حه‌فته‌ی پاراستی ژینگه‌ی ١٥ تا ٢١ی جۆزه‌ردان دیاری كردووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ پتر له‌ دوو حه‌فته‌یه‌ به‌شێكی به‌رین له‌ دارستانه‌كانی زاگرۆس له‌ غه‌رب و جنووب و هه‌روه‌ها له‌ شۆماڵی ئێران له‌ ئاگردا ده‌سووتێن و هه‌زاران هێكتار له‌ دارستان و له‌وه‌ڕگه‌ و زه‌ویه‌ كه‌شاوه‌رزیه‌كان له‌ناوچوون. به‌ڵام ڕژیم له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ ژینگه‌ییه‌دا، كاردانه‌وه‌یه‌كی وای له‌خۆی نیشان نه‌داوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌و ئیمكاناته‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌ستیشن كه‌ڵكی وه‌رنه‌گرتووه‌ و خه‌ڵك ته‌نیا خۆیان، به‌ ده‌ستی به‌تاڵه‌وه‌، هه‌وڵیان داوه‌ ئاگره‌كان بكووژێننه‌وه‌.

كۆماری ئیسلامی كه‌ له‌ سێبه‌ری خۆشی ده‌ترسێ، به‌ چاوێكی  ئه‌منیه‌تیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ چالاكانی ژینگه‌پارێز. ئه‌م ڕژیمه‌ ده‌یان كه‌س له‌ چالاكانی ژینگه‌ پارێزی به‌ تۆمه‌تی بێبنه‌ما و پڕوپووچی وه‌ك “فساد فی الارض“، “هه‌وڵ دان دژبه‌ ئه‌منیه‌تی وڵات” و “سیخوڕی” ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی و ئه‌شكه‌نجه‌ كردووه‌ و كوشتووه‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا دیاری كردنی حه‌فته‌ی پاراستنی ژینگه‌ له‌ لایه‌ن ڕژیمه‌وه‌، یه‌كێكیتر له‌ گاڵته‌جاڕیه‌ مێژووییه‌كانی كۆماری ئیسلامیه‌. به‌ڵام خه‌ڵكی ئێران به‌ به‌ڕز ڕاگرتنی یادی كاووس سه‌ید ئیمامی، ماموه‌ستای زانكۆ كه‌ له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌نایه‌تكارانی ڕژیمدا گیانی به‌خت كرد و به‌ به‌شداری كردن له‌ ڕێوڕه‌سمی به‌خاك سپاردنی شكۆداری شه‌ریف باجوه‌ر و سێ كه‌سی دیكه‌ له‌ چالاكان و داكۆكیكارانی ڕاسته‌قینه‌ی ژینگه‌ كه‌ له‌ جه‌ره‌یانی كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگری دارستانه‌كانی مه‌ریواندا گیانیان به‌خت كرد، نه‌فره‌تی خۆیان له‌ ڕژیمی گه‌نده‌ڵ و دژه‌ ژینگه‌ی كۆماری ئیسلامی نیشان دا.

سیاسه‌ت و كرده‌وه‌ی ڕژیم و خاوه‌نانی سه‌روه‌ت، هه‌موو ساڵێ خه‌ساری قورسی ماڵی له‌ ئابووریی كۆمه‌ڵگا ده‌دات.  به‌ پێی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مه‌جلیس، به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میی حكوومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌، ساڵانه‌ لانیكه‌م ٨ ملیارد و ٤٣٠ ملیۆن دۆلار خه‌ساره‌ت له‌ ئابووری ئێران ده‌كه‌وێ كه‌ له‌ سفره‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌درێته‌وه‌.  سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتنی ئه‌م سیاسه‌تانه‌، سڵامه‌تی خه‌ڵكیشی خستووه‌ته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، هه‌موو ساڵێك له‌ ئێران ٢٨ هه‌زار كه‌س ته‌نیا به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ پیس بوونی هه‌وا گیانی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.  به‌رپرسایه‌تیی وه‌ها زیانێكی قورس له‌ گیان و ماڵی خه‌ڵك وه‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتێكه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵی و دزی و ڕانتخۆری سه‌رتاپێی ته‌نیوه‌ته‌وه‌.

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستدرێژیی ڕژیم و خاوه‌نانی سه‌رمایه‌ بۆسه‌ر ژینگه‌ و سڵامه‌تی مرۆڤه‌كان، چ له‌ ئێران و چ له‌ باقیی وڵاته‌كانی دیكه‌، له‌ گره‌وی ده‌خاڵه‌تی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و ئینسانه‌ كۆمۆنیست و ئازادیخوازه‌كان و به‌هێزكردنی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی پارێزه‌ری ژینگه،‌ له‌ هه‌موو شوێنك دایه‌. مافی هه‌موو ئینسانه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌ویه‌ كه‌ له‌ هه‌وای سالم و ئاوی خاوێن و خوارده‌مه‌نیی پێویست به‌هره‌مه‌ند بن. پێویسته‌ بۆ وه‌دی هاتنی ئه‌م مافه،‌ به‌شێوه‌ی ڕێكخراو له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی له‌ناوچوونی ژینگه‌ خه‌بات بكرێت.