کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناکۆکی و سازشە دەورەییەکانی نێوان دەوڵەتی روحانی و سپای پاسداران

بەدوای گوشارە سیاسی و تەبلیغاتیەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوایی لەدژی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەستوەردانەکانی ڕژیم لە ناوچەکەدا، و گورزە نیزامیەکانی ئیسرائیل بۆسەر سوریە کە هێندێکان روو بە پێگە و ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، نیگەرانی باڵەکانی ڕژیم زیاتر بووە. یەکێک لە نمونەکانی ئەم نیگەرانیانە بەدیهاتنی ناکۆکی سەرلەنوێ لە نێوان دەوڵەتی روحانی لە لایەک و باڵی ئەوسولگەرا و سپای پاسداران لە لایەکی دیکەوە. ئەم دوو باڵە ئاوەڵدوانە مانگی پوشپەڕی ڕابردوو دوای چەنە لێدانێکی زۆر لەسەر قەراردادە ئابووریەکان به‌ دانی ئیمتیاز بە یەک تر پێكهاتن. ئەوان ڕیاکارانە لەم سازشە وەک “دەستەبەر بوونی ڕێنماییەکانی ڕێبەر لە ڕێگای وەحدەت و یەکڕیزی نیزام و خزمەت بە خەڵک” ناودەبەن. بەڵام سازش و بێدەنگی چەند مانگەی روحانی لە بەرانبەر سپای پاسداراندا زۆری دەوام نەهێنا. بێدەنگی چەند مانگەی روحانی لە بەرانبەر درێژەی کردارە سیاسی و ئابووریەکانی باڵی رەقیبدا، ئەوی هەم لە لایەن هاوپەیمانە ئیسڵاح خوازه‌ لیبڕاڵە سەرمایە دارەکانیەوە و هەم لە لایەن هێزە سەرمایەداریەکانەوە، خستۆتەبەر ڕەخنە گوشارێکی زۆر.

بۆ روحانی ڕێوڕەسمی دامەزراندنی ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامی دەرفەتێک بوو تا پێیان بڵێ کە لەگەڵ باڵی ئەوسولگەرا و سپای پاسداران مه‌ودای هەیە و تەعەهودەکانی لەبیر نەکردوە. رۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی خاکەلێوە روحانی لە قسەکانی لەم مەڕاسمەدا بە تەشەر و ناڕاستەوخۆ سپای پاسدارانی دایەبەر هێرش. ئەو لە تاریف پێداهەڵدانی ئەڕتەشدا ئاماژەی به‌ هێندێک خاڵ کرد کە پێشتر چەندین جار بە تایبەت لە تەبلیغاتەکانی هەڵبژاردنیدا وەک لایەنی لاوازیی سپای پاسداران باسی کردبوون. لەوانە ئەویکە “ئەڕتەش بە وەسیەتی ئیمام جوڵاوەتەوە و قەت نەچۆتە نێو کایە سیاسیەکانەوە، ئەڕەتەش قەت بەشوێن ناکۆکی لە ناوچەکە و جیهاندا نەبووە و بەردەوام بەدوای ئاشتی سەقامگیریەوەیە” یان ئەوەی کە” لەمرۆدا لە هیچ گەندەڵییەکدا ناوی فەرماندە و ئەمیرانی گەورەی ئەڕتەش بوونی نییە و ئەمەش نیشانەی دەست پاکی و ئیخلاسی ئەڕتەشی کۆماری ئیسلامییە.”

روحانی بۆ نیشاندانی نیگەرانیەکانی لە دواهاتی سیاسەت و کردەوەکانی سپای پاسداران بە ئاماژە کردن بەو مەترسیانەی کە هەڕەشە لە ڕژیم دەکەن، چووە سەر هەستیار بوونی بارودۆخی ناوچەکە و وتی: “ئێمە لە ناوچەی گەلێک هەستیاری خاوەرمیانەدا دەژین. زل هیزە دەرەکیەکان لە ناوچەکە و لە دەوروبەرمانن. ئەم هێزانە بە پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان سەرەرۆیانە دەست وەرئەدەنە کاروباری ناوچەکەوە و دەست درێژی دەکەنە سەر وڵاتانی تر.” نیگەرانی روحانی لەوەیە کە ئەمریکا و یەکێتی ئوروپا وێڕای ئەو گورزە نیزامیانەی کە لە سوریە لە کۆماری ئیسلامیان دا، ئێستا سەگەرمی هەڵسەنگاندن و پەسند کردنی کۆمەڵێک تەحریمی دیکەن لەدژی ڕژیم. لە ڕاوانگەی روحانیەوە خستنە ئەولەویەتی دیپلۆماسی و وەلانانی سیاسەتی هێرشبەرانە و دوژمنکارانە و تەعامول لەگەڵ ئەمریکا و باقی زل هێزە سەرمایەداریەکان گرفتێکە کە باڵی ڕەقیب تێیدا لەگەڵی هاودەنگ نییە.

لایەنی بەردەنگ و ئاماژەکانی روحانی لەو سوخەنرانیەدا ئەوەندە دیار و ئاشکرا بوو کە سپای پاسداران ناچار بوو بەجیدی وەربگرێت و رۆژی دواتر بە دەرکردنی بەیانیەیەکی دیفاعی دەست بکات بە مەزلوم نمایی و وڵامی دایەوە. لەم بەیانیدا سپای پاسداران وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە لاواز بوونی زیاتری سپا بەم تانانه‌‌، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە تەشەر رووی کردە روحانی و ئەوی بە دوو بەرەکی نانەوە، وه‌حده‌ت شکێنی، قەدەر نەشناسی، هاودەنگ بوون لەگەڵ دەولەتانی دەرەکی و بەستێن سازی بۆ دروست کردنی بیانوی پیویست بۆ هێرشی ڕێکخراو بۆسەر سپا تاوانبار کرد. لەو بەیانیەدا سپا بە تاریف کردن لە خۆی ئیدیعا دەکات کە:” پایەدار کردنی ئەمنیەتی نەتوەیی و نیهادینە کردنی سەدەلاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی لە ئاسەوار و دەستکەوتەکانی غیرە محافزەکارانەی سپا لەژێر ڕێنماییەکانی فەرماندەی کولی قوادا بووە.” ئەوەیکە سپا لەم بەیانیەدا پشتیوانی کردنی خومەینی و خامنەیی لە خۆی بە نیشانەی گرنگ بوونی خۆی ڕاگەیاندوە، و گلەیی لە قەدەر نەشناسی روحانی هەیە، خۆی داننان بە لاواز بوونی پێگەی سپای پاسدارانە لە نیو خۆ و لە ئاستی ناوچەکەدا.

ڕاستیەکەی ئەوەیە دەور و عەمەل کەردێک کە سپا وەک حیزبێکی سیاسی پادگانی و تەشکیلاتێکی سەرکوتگەری ئەمنیەتی و نیزامی، مافیایەکی ئابووری كه‌ لە پەروەندەیدا هەیە و بە شانازیەوە لەژێر ناوی ” پایەدار کردنی ئەمنیەتی نەتەوەیی باسی لێدەکات، هیچ شتێک نییە بێجگە لە تیرۆر و سەرکوت و کوشتاری تێکۆشەران و ئینسانە ئازادی خوازەکان لە نیوخۆ و لە دەرەوەی ئێران و موهەندیسی کردنی هەڵبژاردن بۆ هێنانە سەرکاری ڕەفسەنجانی، ئەحمەدی نیژاد و روحانیەکان باقی کاربەدەستانی دەوڵەتی و قەزایی. دەور و نەخشی سپا لەدەرەوە و لە ناوچەکەشدا کە لەو وەک ” نیهادینە کردنی دەسەڵاتی ناوچەیی” ناوی لێده‌برێت، هیچ شتێک نەبوە بێجگە لە یارمەتیدان بە شەڕئەنگێزی رۆژ لە رۆژ زیاتر و کوشتار و ئاوارەیی و وێرانی و قوربانی کردنی بەرژەوەندی خەڵکی ستەم دیتو لە ئاستی ناوچەکەدا لەبەر پاراستنی پێگەی ڕژیمی ئیسلامی. بە پێچەوانەی ئیدیعا بێ شەرمانەکانی سپای پاسداران خەڵکی وڵاتانی وەک عێڕاق، یەمەن، سوریە، لوبنان، و ئەفغانستان نە تەنیا خۆیان بە قەرداری ڕژیم و سپای پاسدارانەکەی نازانن بەڵکوو بە توندی لێیان بێزارن و کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە سەبەبکارانی شەڕ و خوێن ڕشتن و بشێوی لە ناوچەکەدا دەزانن. چەوساندنەوەی هێزی کار، دزی و قاچاق و رانت خۆری بەکەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی بارودۆخی تەحریمە ئابووریەکان، ئامانجێک بووە کە سەرانی سپای و روحانیەتی حاکم بە پشت بەستن بە هێزی سەرکوت بە دەستیان هێناوە. لەخۆرا نییە کە لەو بەیانیەی سپای پاسداراندا هاتنی ناوی لە لیستی تەحریمەکان و لە لیستی گوروپەکانی سیخوڕی زل هێزە جیهانیەکاندا بۆ خۆی بە شانازی دەزانێ.

بەڵام ناکۆکیەکان و سازشە دەورەییەکانی نێوان دەوڵەتی روحانی و سپای پاسداران لەسەر بەرژەوەندیەکانیان، لە لایەن ئەوانەوە مودیریەت دەکرێت. لەبەر ئەوەی هەر دوو لە نیگەرانیەکی گرنگ و سەرەکیدا شەریکن. هەردوک باڵ لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاران و جەماوەری خەڵک توشی وەحشەت و نیگەرانی هاتون. هەردوو باڵەکە دەزانن کە چلۆن بە کەڵک وەرگرتن لە چەوساندنەوە، دزی و گەندەڵی و ئیختیلاس و تاڵانگەری ژیان و بەڕێچوونی زۆربەی خەڵکیان بە بادی فەنا داوە. دەزانن لەسەر چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك دانیشتوون. زۆر دوور نییە ئەو رۆژەی کە لە ئاخێزێکی جەماوەری سەرتاسەری تردا، بەڵام ئەمجارە ڕێکخراو و سازمانیافتە، کرێکاران و خەڵکی وەگیان هاتوو بێنە مەیدان و بەساتی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیە تێک بشکێنن و لەسەر وێرانەکانی حاکمیەتی خۆیان دابمزرێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-