ڕۆژی سێشەممە ١٢ی جۆزەردان، شۆفێرانی بارهەڵگر لە پارێزگا جیاجیاکان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە جێگیربوونی نرخی کرێی بار و زیادبوونی تێچووەکان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا.
یەکێک لە شۆفێرەکان کە لە شارستانی بەندەری خومەینی کار دەکات، سەبارەت بە داواکارییەکانی خۆی و هاوکارانی دەڵێت: بە تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر دەستپێکی ئەمساڵدا، هێشتا هیچ زیادبوونێکی بەرچاو لە نرخی کرێی گواستنەوەی باری جادەییدا نەکراوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە نرخی تایەر، ڕۆنی ماشێن، پارچەی یەدەگ، چاککردنەوە و تێچووەکانی تری ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و فشارێکی ئابووریی قورسی خستووەتە سەر شۆفێران و خاوەن بارهەڵگرەکان. بە گوتەی ئەم شۆفێرە؛ پێشتریش زیادبوونی تێچووی تایەر، ڕۆنی ماشێن و پارچەی یەدەگ هەمیشە یەکێک بووە لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم چینە و نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان تێچووەکان و کرێی بارەکان، ناڕەزایەتی شۆفێرانی لێکەوتووەتەوە.
