کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناڕه‌زایه‌تیی سه‌رله‌نوێی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێعدام و هه‌ژاری و زه‌بروزه‌نگ

photo 2020 07 18 10 32 34

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٦ی مانگی پووشپه‌ڕ، خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ژاری و زه‌بروزه‌نگی كۆماری ئیسلامی له‌ چه‌ندین شاری ئێران له‌وانه‌ بێهبه‌هان، تاران، شیراز، ئیسفه‌هان، مه‌شهه‌د، ره‌شت، ته‌ورێز، ورمێ، شووش، بۆ جارێكی دیكه‌ هاتنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی درووشم دژبه‌ گشت ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی، وه‌ك هۆكاری په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و سه‌ركوت و ئێعدام، ده‌ستیان دایه‌ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان. وه‌ڕێكه‌وتنی ئه‌مجۆره‌ ناڕه‌زایه‌تیانه‌ و په‌ره‌سه‌ندنیان، به‌له‌به‌رچاوگرتنی باروودۆخی فه‌لاكه‌تبار و هه‌ژاری و بێكارییه‌ك كه‌ كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی ئێرانی دا سه‌پاندووه‌، زۆر ئاساییه‌ و درێژه‌ و په‌ره‌گرتنه‌كه‌ی، ڕژیمی له‌ ئاست سه‌رهه‌ڵدانی ئاخێزێكی مه‌زنی كۆمه‌ڵایه‌تی تۆقاندووه‌. له‌ به‌رامبه‌ر وه‌ها ناڕه‌زایه‌تیه‌كدا، ته‌نیا ئاراسته‌ی ڕژیمی بێ توانا و ڕوو له‌ داڕمانی كۆماری ئیسلامی، به‌كارهێنانی توندوتیژی و سه‌ركوته‌. ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، حكوومه‌تی ئیسلامی له‌ زۆرێك له‌ شاره‌كانی ئێران، هێزه‌ ئه‌منی و نیزامیه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان جێگیر كرد و وه‌حشیانه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كانی خه‌ڵكی ناڕازی و وێڕای لێدان و توندوتیژی فیزیكی، ژماره‌یه‌كیان لێ ده‌ستبه‌سه‌ر كردن.

به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی، هه‌ر وه‌ك هه‌میشه‌، ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو دژبه‌ هه‌ژاری و برسیه‌تی و زه‌بروزه‌نگ و سه‌ركه‌ت، به‌ “ده‌ست و په‌یوه‌ندی بێگانه‌، دوژمن و ئاژاوه‌گێڕان و هیتر” ناوزه‌ند ده‌كه‌ن. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ڕژیم، خۆی به‌شێكه‌ له‌ خۆڵقاندنی كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن له‌ كۆمه‌ڵگادا بۆ كپ كردنی هه‌مووجۆر ده‌نگێكی نه‌یار و ڕێگاخۆش كردنه‌ به‌ره‌و ئێعدام و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ و چاوترسێن كردن. سه‌رۆكی پۆلیسی شاری بێهبه‌هان، واته‌ شارێك كه‌ له‌ خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا، خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن به‌كرێگیراوانی ڕژیمه‌وه‌‌ خه‌ڵتانی خوێن كران، ناڕازیانی به‌ “تاك و تاقمی دوژمن پێناسه‌ كرد كه‌ له‌ باروودۆخی هه‌ستیاری ئێستادا، به‌نیازن زه‌ربه‌ له‌ نیزام بده‌ن“.  ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی خوراسان، خه‌ڵكی ناڕازیی به‌ “هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تۆڕه‌كانی دژه‌ ئیقلاب” تۆمه‌تبار كرد و گۆیا “پێشینه‌ی سیخوڕییان دژبه‌ ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی” هه‌یه‌ و چه‌ند كه‌سێكیشی لێ ده‌ستبه‌سه‌ر كردوون. سازمانی ئیتلاعاتی سپای “فه‌جر“ی شیراز، وه‌ك هه‌میشه‌، به‌درۆ، باسیان له‌ شناسایی و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی تیمێكی “تیرۆریستی مۆنافق” كرد كه‌ بۆ ئه‌نجام دانی عه‌مه‌لیاتی ئیزایی هاتبوونه‌ ئۆستانی فارس.

ئه‌م ئیدیعا پووچ و بێ بنه‌مایانه‌ی به‌رپرسان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، ده‌بێته‌ خۆراكێك بۆ ده‌زگای بێزراوه‌ی قه‌زایی ڕژیم تا به‌و بیانۆوه‌، ده‌ست بده‌نه‌ توند كردنه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن له‌ كۆمه‌ڵگادا و له‌ داهاتوودا ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ به‌ندكراوانی سیاسی و غه‌یره‌ سیاسی ئێعدام بكه‌ن. له‌ ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ی ڕابردوودا به‌ دابه‌زینی نرخی تمه‌ن بۆ نیوه‌ی خۆی، ئیتر جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی كۆمه‌ڵگا ‌توانای كڕینیان نه‌ماوه‌ و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كی گشتی و سه‌رتاسه‌ری ڕۆیشتووه‌ته‌ سه‌رێ. هه‌ربۆیه‌ ڕژیم خۆف دایگرتووه‌ و بۆ ڕێگری كردنی، دیسان ده‌ستی داوه‌ته‌ سیاسه‌تی جه‌نایه‌تكارانه‌ی ئێعدام، وه‌ك ئامرازێك بۆ خۆڵقاندنی ترس و كۆسپ. له‌م پێوه‌نده‌دا، ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم بۆ پتر له‌ ١٢ كه‌س له‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئاخێزه‌كانی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، حوكمی ئێعدامی ده‌ركردووه‌. كه‌سێكی له‌ مه‌شهه‌د به‌ بیانووی مه‌شرووب خواردنه‌وه‌ ئێعدام كردووه‌. دیاكۆ ڕه‌سووڵزاده‌ و سابیر شێخ عه‌بدوڵڵای له‌ زیندانی ورمێ ئێعدام كرد و بۆ “ئه‌میر حسێن مۆرادی” و “سه‌عید ته‌مجیدی” و “محه‌ممه‌د ڕه‌جه‌بی“، كه‌ به‌ تاوانی به‌شداری كردن له‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، حوكمی ئێعدامی ده‌ركردووه‌.

سیاسه‌تی جه‌نایه‌تكارانه‌ی حكوومه‌تی ئیسلامی، واته‌ كوشتن و ئێعدام به‌ ئامانجی خوڵقاندنی كه‌ش و هه‌وای ئه‌منیه‌تی و چاوترسێن كردن، له‌ زۆر قۆناغدا‌، كه‌ ڕژیم خۆی له‌ به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تی گشتی جه‌ماوه‌ریدا بینیوه‌، به‌كاری هێناوه‌ و تازه‌ نییه‌. ڕژیم له‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ده‌یه‌ی ٦٠ه‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌ستی داوه‌ته‌ كوشتنی به‌ندكراوان. به‌ڵام له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ئه‌م تاكتیكه‌ی ڕژیم له‌گه‌ڵ كاردانه‌وه‌ی ملیۆنها كه‌س له‌ ئێران و جیهان و بیروڕای گشتی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ده‌یان ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه‌. ئه‌وان كۆماری ئیسلامییان به‌خاتری كرده‌وه‌ی دژه‌ مرۆیی ئێعدام، داوه‌ته‌ به‌ر ناڕه‌زایه‌تی و گوشار.

به‌ڵام درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران له‌ شاره‌كان، نیشانه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌تی سه‌ركوت و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌، چیتر كاراییه‌كی وای بۆ ڕژیم نه‌ماوه‌ و ناتوانێ به‌ربه‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك دژبه‌و ژیانه‌ فه‌لاكه‌تباره‌ی كه‌ به‌سه‌ریانی دا سه‌پاندووه‌‌، بگرێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ ڕژیمی ئیفلاس هێناو و داماوی ئیسلامی، ناتوانێ وڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستیی بژێوی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك بێت و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ قه‌یرانی ئابووری، ڕكوود و ڕاوه‌ستانی به‌رهه‌مهێنان، بێكاریی ملیۆنیی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ و سفره‌ی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی هه‌ژاری، به‌تاڵتر كردووه‌. گه‌مارۆكان و قه‌یرانی كۆرۆنا ئه‌م باروودۆخه‌ ناله‌باره‌یان، خراپتر كردووه و ژیانی خه‌ڵكیان ڵه‌گه‌ڵ مه‌ترسیی جیدی به‌ره‌وڕوو كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ ڕژیم به‌رده‌وام ئیمكاناتی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ له‌پێاو درێژه‌ی سیاسه‌تی پڕ هه‌زینه‌ی زێده‌خوازی له‌ ئاست ناوچه‌كه،‌ كڕین و ئاماده‌ كردنی ئامرازی شه‌ڕ و چه‌ك و چۆڵ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی شه‌ڕه‌‌نگێزانه‌ و یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ هێزه‌ تیرۆریسته‌ ئیسلامیه‌كان له‌ وڵاتانی دیكه، به‌فیڕۆ ده‌دات. ڕژیم به‌رده‌وام هێزی‌ سه‌ركوتگه‌ر و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كانی په‌ره‌پێده‌دات. له‌ ناوخۆشدا، به‌رپرسانی باڵای ده‌سه‌ڵات و ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانیان، به‌رده‌وام  گه‌نده‌ڵی و دزی و ڕانتخۆریی ده‌یان ملیاردی درێژه‌ پێده‌ده‌ن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌‌وه‌ كرێكاران و جه‌ماوری هه‌ژار و بێبه‌ش، ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی ڕۆژانه‌یان دژ به‌ ڕژیمی ئیسلامی سه‌رمایه‌ درێژه‌ پێده‌ده‌ن. ئه‌وه‌یكه‌ له‌م ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌دا ده‌توانێ ئاكامی ئه‌م نه‌به‌رده‌ چینایه‌تیه‌ به‌ قازانجی كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌ملێكراو ته‌واو كات، بوونی یه‌كگرتوویی و ڕێكخراوی چینایه‌تی و جه‌ماوه‌ری كرێكاران و باقیی توێژه‌ زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌.  بوونی وه‌ها ڕێكخراوێك به‌ ئاسۆ و ستراتێژی ڕوونی شۆڕشگێڕانه‌ و به‌ به‌شداریی ڕێبه‌رانی ڕادیكاڵ و كۆمۆنیست كه‌ نه‌سلێكی تازه‌یان له‌ جه‌رگه‌ی ساڵه‌ها خه‌باتدا په‌روه‌رده‌ بوون و هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان، مه‌یسه‌ر ده‌بێت. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، هێزێكی مه‌زن پێكدێت كه‌ ڕژیمی ئیسلامی به‌ هه‌موو هێز و ده‌زگا سه‌ركوته‌كانیه‌وه‌ ده‌سڕێته‌وه‌ و ده‌یخاته‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ وه‌ها شۆڕشێك به‌ كێشه‌ و گرفتی كرێكاران و باقیی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا كۆتایی دێنێت. بێ گومان ئه‌وه‌ ته‌نیا ڕێگای ڕزگاریه‌ و ڕێگایه‌كی لابڕ بۆ ڕزگار بوون له‌ چنگ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیی سه‌رمایه‌، به‌دی ناكرێت.