کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناسیۆنالیسم لە سەردەمی جیهانگیریی سەرمایەدا، ئامرازێکی کۆن و بێکەڵکه‌ به‌ دەست ڕەوت و لایه‌نه‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌

بە پێی ڕاپۆرتەکان، بەیانیی ڕۆژی هەینیی ٧ی مانگی ڕەزبەر، به‌هەزاران کەس لە خەڵکی ئوستانی فارس و ناوچەکانی دیكه‌ی ئێران لە پاساڕگادی شیراز، لە سەر گۆڕی کورووش، سەر زنجیرەی پادشاکانی هەخامەنێشییدا کۆبوونەوە. درووشمێک کە لە کۆبونەوەکەی ڕۆژی هەینیدا دەوترایەوە، له‌ بنه‌ماوه‌ ناسیۆنالیستیی و هه‌ندێکجار ڕەگەزپەرستانە بوون. بۆنەی ئەم کۆبوونەوەیە ڕێزگرتن بوو لە ڕۆژی بەناو ” ڕۆژی کورووش” کە لەم ساڵانەی دواییدا لە كۆڕوكۆمه‌ڵه‌ ناسیۆناڵیستییەكانی ئێراندا، ٧ی مانگی ڕەزبەر دیاریی کراوە. هەر چەند ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەشێوەی ڕەسمیی ڕوویەکی خۆش ناداته‌ ئەمجۆرە ڕێوڕەسمانە ، بەڵام لەم بابەتەوە بەکردەوە کۆسپێکی جێددیشیان بۆ درووست ناکات. لە ماوه‌ی ئه‌م ساڵانەی دواییدا ئەنجومەنه‌ ناسیۆناڵیستییەکان لە چوارچێوەی ئەو چالاکییە فەرهەنگییانەدا بەدیهاتوون، کە ڕژیم بە چاوی گومانەوە لێیان دڕوانێ و ئەگەر بێت و لە سنوورێک کە بۆیان دیاریی کراوە، نەترازێن، کۆسپێک ناخاتە سه‌رڕێی چالاکییەکانیان. ئەحمەدی نه‌ژاد لە دەورەی سەرۆك کۆماریی خۆیدا چەندینجار ساویلکانە هەوڵیدا تا لە ڕێگای زاواکەی واته‌ ئیسفەندیار ڕەحم مەشائییەوە یاریی بەم کارتە بکات کە هەڵبەت هەوڵەکانی بێئاکام بوون.لە پێوەند لەگەڵ کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیی لە پاسارگاد، دوو خاڵی جێی سه‌رنج هەیە، یەکەم، زۆربوونی ڕێژه‌ی بەشداربووان، کە هه‌ندێک کەس دەڵێن بە دەیان کەس بەراورد کراوە. دووهەم چاوپۆشیی ڕژیمی ئیسلامیی لە بەڕێوەچونی. سەبارەت بە زۆربوونی بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیە، ئەوەیكه‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی ڕۆژگارە، ئه‌وه‌یه‌کە لە سایەی سەری ڕژیمی ئیسلامییەوە، بەشێک لە خەڵکی دانیشتووی ئەم وڵاتە، وەها لە ژیان له‌ژێر حاکمییەتی ڕژیمی ئیسلامیی بێزار و بێ هیوان کە بەم شێوەیە بە چاوی حەسرەتەوە بۆ ٢٥٠٠ ساڵی ڕابردوو، واته له‌‌ سەردەمی کۆیلەداریی دەڕوانن و کورۆشی هەخامەنێشیی، ناو ئەنێن باوکی خۆیان و ئۆلگوویەک بۆ ژیانی ئەمرۆیان.837-1

بێگومان مێژوی واقعیی حەیاتی مرۆڤ لە چاخی ڕابردوودا پیشانی ئەدات کە فەلاتی ئێرانیش وەک، بەینۆلنەهرین یان حەوزەی ڕووباری نیل یان چین و زۆر ناوچەی دیکەی جیهان، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا، شایه‌تی شارستانییەتی پێشکەتووی دەورانی باستان بووە. ئەم تەمەدۆنانە و لەوانە تەمەدۆنی فەلاتی ئێران، هەرکامەو لە ئاستی خۆیدا کۆمەڵێک دەستکەوتی بەنرخی بۆ بەشەرییەتی ئەمڕۆ بە دیاریی هێناوه‌. بەڵام یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌، شانازیی ئەم تەمەدۆنانە نەسیبی پادشاکان و ئێمپڕاتوور و فێرعەونەکان و خولەفا و ئەوانیتر نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ ئەوان لە هەموو دەورانەکاندا بەردەوام پاسدارانی نەزمی کۆن بوون و ده‌رهه‌ق به‌ مرۆڤه‌ هەڵکەوتووکانی زەمانی خۆشیاندا، گەلێک جەنایەتیان ئەنجام داوە. تاریخی تەمەدۆنی فەلاتی ئێران و شوێنەکانی دیکەش، مێعماران و پزیشکان و سوخەنوەران و ئەدیبان و فیلسوفان و شیمی دانان و ڕیازی دانان و جەماوەری خەڵكێک هێناویانه‌ته‌ دی کە، پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بەشەریان بەرهەم دەهێنا. لە پەروەندەی پادشا و ئێمپڕاتوور و فێرعەونەکان و لەوانە کورۆشێشدا، شتێکی جێی شانازی پێوەکردن بوونی نییە. ئەوان کارێکیان بێجگەلە کێشوەر گوشایی، شەڕی بێ کۆتایی، لە کوژراو کێو و لە کەلەسەر منارە دروست کردن و چاودەرهێنان واوه‌تر، کارێکی دیكه‌یان نەکردووە. ئەوان تەنانەت لە ئەنجامدانی قیزەون و دزێوترین جەنایەتەکان سەبارەت بە نزیکترین کەسانی خۆشیان چاوپۆشیان نەکردووە و نەپرینگاونەتەوە.

سێهەم، سەبارەت بە نەفسی تەمەدۆنەکان و دەستکەوتەکانی بەشەریش، جێگایەک بۆ فەخرفرۆشیی بوونی نییە. ئینسان لە سەرتاسەری جیهاندا، هه‌ر لە مەسیری کامڵبووندا گەلێک دەستکەوتی هەبووە، کە سەرمایەی سەرجەم بەشەرییەتن. ئەگەر وەک نموونە لە فەلاتی ئێران، کەسانێکی وەک حافز و سەعدیی و خەیام و ئێبنی سینا و زەکەریای رازی و مەسعود سەعدی سەلمان و دەیان کەسی دیكه‌ی بلیمه‌تمان بووە، ئەگەر کارێزەکان بە هیممەتی هەزاران کەسی زەحمەتکێش درووست کراون و وه‌ك نیشانەکانی تەمەدۆنی ئێران هه‌ژمار ده‌كرێن، کەسانی دیکەی لەم چەشنەش لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا، نەخەوتوون. ئەوانیش ئەرەستو و سوقڕات و ئەفلاتون و ئەرەشمیدۆس، ماڕکس و ئینگڵس و ئەنشتاین و نیۆتۆن و پاستۆڕ و هومێر و هەزاران کەسی دیکەی لەم چەشنەیان هەبووە، ئەوانیش به‌ش به‌حاڵی خۆیان ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان کامڵ کردووە و لە بنیادنانی شارستانییەتی ئەمڕۆدا بەشدار بوون.

کۆبونەوەی ڕۆژی هەینیی لە پاسارگاد لە لایەن ناسیۆناڵیستەکانی ئێرانەوە ڕێکخرابوو. ناسیۆناڵیسم، ئیدئۆلۆژیی چینی حاکمه‌ لەم سەردەمی سەرمایە‌. چینی حاکم لەم سەردەمەدا لە هەموو جیهان، بۆ دەورەیەک بە پشت بەستن بەم ئیدئۆلۆژییە بە شێوەیەکی فریوکارانە، بە شانازییە جیهانییەکانی خەڵکی ناوچەیەک، ڕەنگ و بۆی ناوچەیی ئەبەخشی هه‌تا تەفرەقە لە نێوان دانیشتووانی ناوچە جۆراوجۆرەکاندا هەتاهەتایی بکات. هه‌ر لە شانازییەکانی ” نەتەوەی خۆیان” ،دیوارێکیان بۆ جیاکردنەوەیان لە خەڵکی دیكه‌ درووست دەکرد، لەبەر ئەوەی پێویستیی بە چوارچێوەیەک، بۆ بازاڕی کار و کالا، تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرا، هەبوو وە ئەو چوارچێوەیەشی ناو دەنا ” نەتەوەی خۆیی” و هەوڵی دەدا بە هەر فرت و فێڵێك بووە، ئەوان بکاتە خاوەنی یەک زمان و یەک لیباس و یەک فەرهەنگ.

بەڵام ئەگەر ناسیۆناڵیسمی ئێرانیی لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ دا، بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک کە بازاڕی نێوخۆیی سەرمایە لە چوارچێوەی ئێراندا شکڵ پێ بدات، پێویستیی بەم ئیدئۆلۆژییە هەبوو، لەمڕۆدا و لە قۆناغی جیهانگیریی سەرمایەدا، شتێک بێجگەلە ئامرازێکی بێکەڵک و لەکارکەوتوو لەدەست ڕەوتە پەڕاوێزخراوەکاندا، کە دەیانهەوێ بەهەر نرخێک بووە، دەستێکیان لە دەسەڵاتدا هەبێ، هیچی دیكه‌ نییە. ناسیۆناڵیستەکانی ئەمڕۆی ئێران هیچ مەسڵەحەت و بەرژەوەندییەکی ئابووریی دیاریکراو نوێنەرایەتیی ناکەن. ئەوان تەنها لە سایەی سەری ڕژیمی ئیسلامییەوە ئیمکانی حوزور و مانه‌وه‌یان بۆ ڕەخساوە. ڕژیمی ئیسلامیی هەستی کردووە کە ئەم ناسیۆنالیسمە ڕەوتێکی فیکری و سیاسیی ڕوو لە توانەوەیە و بەم هۆیەوە ترسێکی لێیان نییە. کۆماری ئیسلامیی کە بەم شێوەیە چاوپۆشیی لە کۆبوونەوەی بەهەزاران کەس لە پاساڕگاد ده‌كات کە لە ژێر ئاڵای ئەم جەریانەدا کۆبونەتەوە، یان ده‌نا بەڕێوەچوونی كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ ئەدەبییەکانی ئەم ناسیوناڵیسمە ئێرانییە لە تاران تەحەمۆل دەکات، هەر ئەم ڕژیمەیە کە ناوێرێت ئیجازە بدات بە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار کە تەنانەت لە لایەن خانەی کارگەری دەست پەوەردەی خۆشیەوە ڕێکدەخرێت. هەڵبەت ئیتر ئه‌وه‌ بو هه‌موان ڕوون و ئاشکرایە و له‌م مه‌جاله‌شدا قسە لەسەر بەراوردە دەنا کۆماری ئیسلامیی مافی ئەوەی نییە کە بەر بە بەڕێوەچوونی کۆبونەوە و خۆپیشاندانی لایەنگرانی کورۆش لە پاساڕگاد یان هیچ جێگایەکی دی بگرێت.

ناسیۆنالیسمی ئێرانیی بە هۆی بارودۆخی عەینیی گۆڕاوی ئەم کۆمەڵگه‌یە، ٣٨ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نەیتوانی ڕژیمی شا بپارێزێ یان بیکاتە ڕژیمێکی دڵخواز و مەتڵووبی خۆی. لە پێگەی ئۆپۆزۆسیۆنی ڕژیمی په‌هله‌ویشدا، سەرەتا بۆ ماوەیەک بە کەمێک دەسەڵات، لە پەڕاوێزی ڕەوتی ئیسلامیدا ڕازیی بوو، دواتر به‌ شێوه‌یه‌كی سووكانه‌ وەردەریان نا. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە به‌ ئیستلاح تاریخ مەسرەفی ئەم ڕەوتە کۆتایی هاتووە و ئه‌وه‌ش كه‌ ماوه‌، تەنها لەسەر پاشماوەکانی تەوەهۆم و گومانی ڕوو لە نابوودیی به‌شێك خه‌ڵكدا خۆی ڕاگرتووه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-