له وه‌ڵام به بانگهێشتێك كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرابوه‌وه، دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه ٩ی مانگی گه‌لاوێژ شاری تاران و باقی شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران بووه مه‌یدانی ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری له‌دژی گرانی، هه‌ژاری و بێكاری. ناڕازییان له تاران، كه‌ره‌ج، شیراز، ئیسفه‌هان، ڕه‌شت و هه‌ندێكی دیكه له شاره‌كانی ئێران به وتنه‌وه‌ی درووشمی وه‌ك، “مه‌رگ و نه‌مان بۆ دیكتاتۆر”، “مه‌رگ به‌ر گرانی”، “مه‌رگ به‌ر بێكاری”، “ئیسلاح ته‌ڵه‌ب، ئۆسوولگه‌را ئیتر ته‌واو بوو ماجه‌را”، “بێكاری و ته‌وه‌ڕۆم، ئیتر نیمانه ته‌حه‌مۆل” و “ده‌ست له سوورییه هه‌ڵگره، بیرێك له ئێمه كه‌وه”، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. له ئیسفه‌هان خۆپیشاندان له شارۆچكه‌ی سه‌نعه‌تی ئه‌میر كه‌بیر ده‌ستی پێكرد، ئه‌م ناوچه‌یه وه‌ك ناوه‌ندێكی سه‌نعه‌تی تایبه‌ت بۆ نۆژنكردنه‌وه و كڕین و فرۆشی قه‌ته‌عاتی ماشینی سه‌نگین ده‌ناسرێت. ژماره‌یه‌ك له شۆفیر كامیۆنه‌كان له‌م شارۆچكه‌یه كه مانیان گرتبوو، به خۆپیشانده‌رانه‌وه په‌یوه‌ست بوون. هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به هێرش كردنه‌سه‌ر ناڕازییان، هه‌وڵیان ده‌دا كه بڵاوه‌یان پێ بكه‌ن، به‌ڵام خۆپیشانده‌ران به وتنه‌وه‌ی درووشم له‌دژی هێزی ئینتزامی، درێژه‌یان به حه‌ره‌كه‌ته‌كه‌یان دا. ڕاپۆرته بڵاوكراوه‌كان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باس له تێكهه‌ڵچوونی هێزی ئینتزامی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناڕازیی له شاره‌كانی دیكه ده‌كه‌ن.
ئه‌م خۆپیشاندانه هاوكاته له‌گه‌ڵ نۆهه‌مین ڕۆژی مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری شۆفیر كامیۆنه‌كان. له دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه كه هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم چاوه‌ڕێی وه‌ها حه‌ره‌كه‌تێك بوون، فه‌زای زۆربه‌ی شاره‌كانیان به توندی ئه‌منییه‌تی كردبوو. له هه‌موو شوێنه‌كان گاردی تایبه‌ت و هێزه لیباس شه‌خسییه‌كانی ڕژیم به‌مه‌به‌ستی پێش‌گرتن به به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندان جێگیر بوون. هه‌واڵه‌كانی گه‌یشتوو له شاری سنه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به ئاماده‌بوون له شارۆچه سه‌نعه‌تییه‌كانی ژماره ١، ٢ و ٣ی ئه‌مشاره وێڕای هێزه‌كانی سپا و هێزی ئینتزامی، هه‌ڕه‌شه‌یان له كرێكاران كردووه كه مافی به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانیان نییه. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه به پێی بانگهێشتی پێشوو، بڕیاربوو كرێكارانی شارۆچكه سه‌نعه‌تییه‌كان ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوه‌به‌رن. “عه‌بدولڕه‌زا ڕه‌حمانی فه‌زڵی”، وه‌زیری ناوخۆی ڕژیم ڕۆژی سێشه‌ممه له كاردانه‌وه به ده‌وری نوێی ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌كان وێڕای ئاماژه به‌وه‌یكه، “ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته له لایه‌ن نه‌یارانی ڕژیم ڕێكنه‌خراوه و حه‌ڕه‌كه‌تێكی سێنفییه، ده‌بێ له هه‌مان ڕاده‌ی مه‌سائیلی سێنفی پێی ڕابگه‌ین” هه‌وڵی دا كه له گرینگی ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته كه‌م كاته‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م قسانه، ڕژیم ئه‌م ده‌وره له ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌كانی زۆر به جیددی وه‌رگرتووه. هه‌ر ئێستا له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران له لایه‌كه‌وه هێزه ئینتزامی و ئه‌منییه‌كانی ڕژیم خراونه‌ته ئاماده باشییه‌وه و شوێنه هه‌ستیاره‌كانیان كۆنتڕۆڵ كردووه و له لایه‌كی دیكه‌وه خه‌ڵك به بێ ترس له حزووری هێزه‌كانی ڕژیم له هه‌ر هه‌لێك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. به جۆرێك كه كات به كات له‌ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌واڵی په‌یوه‌ست بوونی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌م خۆپیشاندانه‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه. ئه‌وه‌یكه ڕۆژی ڕابردوو له ئیسفه‌هان و چه‌ندین شاری دیكه‌ی ئێران ڕوویدا، چ له بواری درووشمه‌كان، به‌شداری توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا، تاكتیك و ڕێكاره‌كان، ڕۆڵی تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هاوشێوه‌ی ڕووداوه‌كانی مانگی به‌فرانبار بوو و له ڕاستیدا هه‌ر به ئاراسته‌ی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. به‌ڵام له‌بواری بارودۆخێك كه ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه له ئێران تێیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كۆمه‌ڵگا شڵه‌ژاوتر و ناڕازیی تره. له مه‌ودای ٧ مانگێك كه به‌سه‌ر خۆپیشاندانی ١٠ ڕۆژه‌ی هاوئاهه‌نگ و سه‌رتاسه‌ری به‌فرانبار تێپه‌ڕبووه، كۆماری ئیسلامیی نه‌ته‌نیا چكۆله‌ترین هه‌نگاوی به ئاراسته‌ی وه‌ڵام دانه‌وه به داخوازییه‌كانی خه‌ڵك هه‌ڵنه‌گرتووه، به‌ڵكوو له‌م مه‌ودایه‌دا توانای كڕینی كرێكاران و توێژی كه‌م داهاتی كۆمه‌ڵگا زیاتر له ٧٠ له‌سه‌د دابه‌زیوه. ڕژیم هه‌روه‌ها له‌ئاست ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی مانگی به‌فرانبار ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون، ڕووی كردووه‌ته ڕێكاری تۆڵه سه‌ندنه‌وه.
خوێندكارانێك كه له‌م پێوه‌نده‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون، به بێبه‌شبوون له خوێندن و زیندانی درێژماوه مه‌حكووم كراون و هێشتا ژماره‌یه‌ك له گیراوه‌كان بێسه‌روشوێنن. به‌ڵام له‌م بارودۆخه‌دا، ئه‌م سیاسه‌ته چیدی كاریگه‌ری نه‌ماوه و خه‌ڵكی به گیان هاتوو ئیتر حازر نیین، له به‌رامبه‌ر توندووتیژی ڕژیم سه‌ر دانانوێنن. هه‌ر بۆیه سه‌ره‌ڕای دامركانه‌وه‌ی كاتی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری مانگی به‌فرانبار، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه به شێوازی جۆراوجۆر له‌وانه مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی كرێكاری، داخرانی بازاڕه‌كان و ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری له شاره‌كان له‌دژی كه‌مبوونی ئاو و به‌رق، درێژه‌ی بووه و ئێستا شایه‌تی شه‌پۆلی نوێی ئه‌م خه‌باته ڕه‌وایه‌ین. ڕژیم هه‌وڵ ده‌دات كه بارودۆخی ئێستا گرێ بدات به گوشاره بیانییه‌كان، به‌ڵام ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه ئیتر كڕیاری نییه. ته‌نیا به به‌شێك له ١٥٠ ملیارد دۆلارێك كه له ئاكامی ڕێككه‌وتنی به‌رجام خرایه حیسابی كۆماری ئیسلامییه‌وه، ده‌یتوانی ته‌واو پێكهاته كۆن و خراپه‌كانی خزمه‌تگوزاری شاریی له ئێران نۆژنكاته‌وه به‌جۆرێك كه، خه‌ڵك لانیكه‌م ئاوی سوێر و پیس نه‌خۆنه‌وه. ده‌یتوانی حه‌قده‌ست و مه‌زایای دواخراوی كرێكاران لانیكه‌م له بونگا ده‌وڵه‌تییه‌كان په‌رداخت بكات. ده‌یتوانی بوودجه‌یه‌كی زیاتر بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده و بارهێنان، بێهداشت و ده‌رمان ته‌رخان بكات. له ماوه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌تا ئێستا، نزیكه‌ی چوار ملیۆن بۆشكه نه‌وتی ئێران له ڕۆژدا، به قیمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نارده‌ی بازه‌ڕكانی جیهانیی كراوه. گوشاره‌كان كه له لایه‌ن ڕژیمه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌سه‌پێت، له حاڵێكدایه كه هێشتا سزا ئابوورییه‌كان به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هاتوون. ئاشكرایه كه به ده‌ستپێكی ئه‌و سزایانه بارودۆخێكی دژواتر به‌دی دێت. هه‌ر بۆیه خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شی كۆمه‌ڵگا ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان تا پێش به یه‌كه‌تازی ڕژیم بگرن و نیشان بده‌ن كه ناتوانێت زیاتر له‌وه نان و ئازادی ئه‌وان به بیانووی ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به بارمه‌ته بگرێت.