هەموو ساڵێک، بە بۆنەیەک کە ئەڕبەعین یان چلهمهین ڕۆژی کوژرانی سێیەم ئیمامی شیعەکان لە “کەربەلا”ی ناو نراوە، بە میلیۆن کەس لە ناوچە جۆراوجۆرە شیعەنشیینەکانەوە بۆ ماتهمگێڕان بەرەو ئەمشارەی عێراق وەڕێدەکەون. بەشوێن ڕوخانی ڕژیمی سەدامدا لە عێراق، ماوهی چەند ساڵێکە کە ئەم مەڕاسیمە بە هەوڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، كراوه به گەورەترین کۆبوونەوەی سیاسیی-مەزهەبیی شیعەکانی ناوچەکە. ئەمساڵیش ڕژیمی ئیسلامیی بێجگەلە هەزینەیەکی زۆر و زهبهند و کەڵان، بهوێنهی پارهكه لەم حەڕەکەتە سیاسیی، مەزهەبییەش بهئاراستهی ئامانجە ناوچەییەکانیدا کەڵک وەردەگرێت. ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی لەم پێوەندەدا لە ماوهی ئهم ساڵانەی دواییدا و لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسیی لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست هەوڵیداوە ههتا به پیلانی پەرەدان بە تەفرەقەی مەزهەبیی و پشتبەستن بە شیعەگەریی لە وڵاتانی جۆراوجۆردا و پشتگیریی و پشتیوانیکردنی هەمە لایەنە لێیان، جێگه و پێگهی سیاسیی خۆی لەسهر ئاستی ناوچەکە بەهێز بکات. بههۆی گرتنهبهری ئەم ئێستراتێژییە، لوبنان، سورییە و یەمهن بە بیانووی جۆراوجۆر بوونەتە شوێنی تەراتێن و ڕمبازێنی سپای قودسی ڕژیم. عێراقیش بە سهرنجدان بەو گۆڕانكارییانهی كه بەسهریدا هاتووە و زۆرینەیهكی شیعەشی لێ دهژیت، بۆ ڕژیم گرنگییەکی ئێستراتێژیکی زۆری پهیدا كردووه.کۆماری ئیسلامیی لە ماوهی دوو دەیەی یەکەمی دوای ئینقلابی ٥٧، لهڕێگهی دامەزراندن و پشتیوانیی لە گروپە سیاسیی و میلیشیای شیعەی عێراقیی وەک مەجلیسی ئەعلای ئیسلامیی عێراق یان سپای بەدر و … ئهمجۆره تاقم و دهستانهوه هەوڵیداوه ههتا ئیمکانات و مەلزوماتی دەستوهردانی خۆی لەم وڵاتە ئامادە بکات. لەشکرکێشیی ئامریکا بۆسەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و ڕوخانی ڕژیمی سهددام و باڵادهستبوونی شیعەکان لەناو حکومەت، ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانی خستە مەوقهعییەتێکی لەبارترەوە بۆ دابهزاندنی پیلان و نەخشەکانی. ئێستا و دوای ١٣ ساڵ له ڕوخانی ڕژیمی سەددام، کۆماری ئیسلامیی بەم ئیعتیبارەوە بووهته خاوەنی نفوزێکی نیزامیی و سیاسیی بەرین لەسهر ئاستی عێراقدا. سپای قۆدس، میلیشیای شیعەی سەربەخۆی لە عێراق لە ژێرناوی “حەشدی شەعبیی” یان ڕێكخستنی خهڵكهوه ڕێکخستووە. فەرماندەکانی ئەم هێزە، “هادی عامری” و جێگرەکەی واته “ئەبوو مههدیی” مۆهەندێسن، کە هەردوکیان لە فەرماندەکانی پێشووی سپای بەدر بوون و ئێستا لە ئەندامانی سپای قودسن.
بەڵام دەبێ ئاماژه بهوهش بكهین کە زۆربەی شیعەکانی عێراق و هەوەها مەرجەعییەتی مەزهەبیی لە حەوزەی نەجەف، بە گشتیی لەژێر کۆنتڕۆڵ یان فەرمانی ڕژیمی ئێران و ویلایەتی فەقیەدا نیین. بەشێکیان لەدژی دهستوهردانهكانی ڕژیمی ئێران لە عێراق و سیاسەتە ناوچەییەکانی حکومەتی ئیسلامین و ئەمەش خۆی کۆسپێکی گەورەیە بۆ ڕژیم کە حیسابی لەسەر تەفرەقەی مەزهەبیی و هێزی شیعە بۆ بەدواداچوونی پیلانه ئێستراتێژیكەکانی لەسهر ئاستی ناوچەکەدا کردووە. بۆ قەرەبوی ئەم کەمایەسی و لاوازییە، ڕژیم لە ساڵی ٢٠٠٣ وە، کۆمەلێک کرداری دیاریکراوی بۆ نفوز لە ناوەندە مەزهەبییەکانی شیعەی عێراق و بهتایبهت لە دوو شاری نەجەف و کەربەلا ئەنجامداوە. بە هیدایەت کردن و هاوئاهەنگیی سپای قۆدس، ناوەند و کەسانی سەر بە ڕژیم سەرمایەگوزاریی کەڵانی لە نەجەف، کەربەلا، سامهڕرا و کازێمین کردووە و بە یارمەتیی لایەنە عێراقییەکانی وابهسته به خۆی، سەدان هوتێل، ناوەندی توجاریی و تاقم و دهستهی مەزهەبیی لە شارە مەزهەبییەکاندا کردووهتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕژیمی ئێران لهڕێگهی سەرفکردنی دەیان میلیۆن دۆلارهوه هەوڵ دەدات ههتا ڕوحانییەکانی عێراق و ئێران کە لە حەوزەی قۆم خوێندوویانە و بە ئیدئۆلۆژیی ڕژیم وەفادارن، لە حەوزەکانی عێراقدا و بەتایبەت لە نەجەف جێ بکاتەوە و ببێتە خاوەنی هێزێكی زیاتر.
یەکێک لەو ناوەندانەیکە ئیستراتیژی ڕژیم بۆ نفوزی مەزهەبی لە عێراقدا دەباتە پێشێ، “ستادی نۆژەنکردنەوەی عەتەباتی عالیات”ه، کە دوای ڕوخانی سەددام و لەژێر فەرمانی خامهنەییدا دامەزراوە و لەژێر کۆنتڕۆڵی سپای قۆدس دایە. چالاکییەکانی ئەم ستادە دوو بەشی گرنگی هەیە، یەکەم بازسازیی و گەورەکردنەوەی ئەماکێنی مەزهەبیی شیعەکان لە عێراق و ئەوی دیكهشیان، ڕێكخستنی هێز و بەشداریکردنە لە مەڕاسیمی ناسراو به ئەربەعینی حوسێنی له كهربهلا، یان هەمان شانۆی سیاسیی کە هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت. ڕاگەیەنەرەکانی ڕژیم بەڕێوەچوونی ئەم شانۆ سیاسیی مەزهەبییە لە ئاستێکی بەریندا بڵاو دەکەنەوە، بۆ ئهوهیكه لهپێشدا فەزای نێوخۆ بەو ئاراستهدا ڕێكبخەن و دووهەم، لهڕێگهی ڕێکخستنی خوازیارانی بەشداربوون لە مەڕاسیمی ئەربەعینی کەربەلا و وەڕێخستنی تۆڕێك لە هەیئەتەكانی عەزاداریی ئەربەعینهوه دەست بدەنە نومایشی قودرەت و لەنێویاندا یارگیریی بکەن و بهئیستلاح پێگەی ئیدئۆلۆژیکیی و وەفاداری بە نیزام بەهێز بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ڕژیم لە تەبلیغاتەکانیدا، مەڕاسمی ئەربەعین لە کەربەلا وەک هێمایەک لە قودرەتی جیهانیی شیعە و هەنگاوێک به ئاراستهی سەرکەوتنی ئۆمەتی ئیسلام بۆ بهرامبهركێ لەگەڵ ” ئیستێکبار و سەهیۆنیزم” پاساو بكات و لەڕێگهی ئهم هێزنواندنەوه، بۆ پتەوکردنی ڕیزی هێزەکانی سپا و بەسیج و چاوترسێن کردنی خەڵک، کەڵک وەردەگرێت. لەم ڕووەوە ڕژیم بۆ بەدواداچوونی ئامانجە ناوچەییەکانی هەوڵ دەدات کە لە ڕێگهی سپای قودسەوە کۆنتڕۆڵی مەراسیمی ئەربەعین لە دەست دەوڵەتی عێراق و هەیئەتە مەزهەبییە عێراقییەکان دەربێنێ و بیخاته ژێر ڕكێفی خۆیهوه. سپای قودس بۆ ئهوه هەوڵ دەدات كه لەم مەوقهعییەتە به ئاراستهی ئامانجە سیاسیی و نیزامییەکانیدا لە عێراق و لە ناوچەکەدا بەهرەبەرداریی بکات و وەک پاڵپشتێك بۆ چالاکییە نیزامیی و سیاسییەکانی گرووپە شیعەکانی وابهستهبهخۆی لە سەرتاسەری ناوچەکە کەڵک وەربگرێت. ڕژیم بۆ بەهرەبەداریی سیاسیی لەم مەراسیمە کە شیعەکانی وڵاتانی جۆراوجۆریش بەشداریی تێدا دهكهن، هەڵگرتنی پلاکارد بە درووشمی دژی ئامریکایی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی و ئاگرتێبەردانی ئاڵای ئامریکا و ئیسرائیلی، کردووه به بەشێک لەم مەڕاسیمە. ئەمە هەمان سێناریۆیە کە ڕژیم هەوڵیدا لە مەراسیمی “حەج”یشدا ئەنجامی بدات، بەڵام بەرەوڕووی دژایەتیی عەڕەبستانی سعودیی بووە.
یەکێکی دیكه لە ئامانجەکانی ڕژیم ئەوەیە کە لە بەرانبەر مەڕاسیمی “حەج”دا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی عەڕەبستان دایە، مەراسیمی ئەربەعین بکاتە هێمای هێزنواندنی شیعە و نیشانەیەک لە نفوز و قودرەتی خۆی لە بهئیستلاح ” دونیا ئیسلام”دا. یەکێکی دیکە لە گرنگترین ئامانجەکانی سپای قۆدس ئەوەیە کە بە دهستوهردانی هەرچی زیاتر لەم مەراسیمەدا، لەنێو شیعە عێراقییەکان و زیارهتكارانی باقی وڵاتاندا کە دێن بۆ کەربەلا یارگیریی بکات. بهم ئاراستهیه، ڕژیم تۆڕێكی بەرین لە وڵاتانی جۆراوجۆرەدا خستووهتهڕێ ههتا خوازیاران لە چوارچێوەی هەیئەتەکانی ژێر کۆنترۆڵ و نفوزی خۆیدا بنێرێ بۆ کەربەلا و لەنێویاندا، بۆ باقی پڕۆژەکانی وەک “جامیعەتۆلمۆستەفا” یان “مەجمەعی جیهانیی ئەهلی بەیت”، زیارەتکارانی ئەربەعین سازماندهیی و ڕەوانەی عێڕاقیان بکات.
مەراسیمی ئەربەعین، بەشیکە لە پڕۆژەی ئێستراتێژیکیی نیزامی ئیسلامیی بۆ پاوانخوازییه ناوچەییەکان و هەروەها پەرەدان بە فەزای “ڕەوزەخوێنی” و سینەزەنی لەناوخۆی ئێران و ههروهها کەڵکوەرگرتن لێی بۆ مەشروعییەتدانه بە نیزامی ئیسلامیی و جەزب و ڕاکێشانی هێز بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئەم نیزامە.