لە ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی لەسێدارەدانی دوازدە کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە شاری ئیسفەهان لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند کرا و مەترسیی جێبەجێکردنیان لەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، حوکمی سێدارەی ئەم دوازدە کەسە کە لە دۆسیەی ناسراو بە “مەیدانی عەلیخانی” ئیسفەهاندا بەند کراون، پەسەند کراوە و بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلاب کراوە. ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە هەیە، کە تێیدا پاش کوژرانی چوار ئەندامی بەسیج، لانیکەم ٥٩ کەس دەستبەسەر کران. شایانی باسە کە سەرەڕای سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەم دوازدە کەسەدا، ٢٣ کەسی دیکەش سزای قورسی پێنج بۆ دە ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە و زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم هاووڵاتییانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراون.
