کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مودەعیانی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریە، ئەویان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردوە

رۆژی چوار شەممە ١٥ ی مانگی خاکەلێوە کۆبوونەوەیەکی سێ لایەنە لە نێوان سەرۆک کۆمارەکانی روسیە، تورکیە و کۆماری ئیسلامیدا لە ئانکارا بەڕێوەچوو. ئەمە دووهەم دانیشتن لە جۆری خۆی لەم پێوەندیەدا بوو. لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوشدا ئەوان لە سوچی روسیە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەیان بەڕێوەبردبوو. سەرۆک کۆمارەکانی ئەم سێ دەوڵەتە لە کۆتایی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا ڕاگەیاندراوێکیشیان بڵاو کردەوە. لەوێوە کە لەم کۆبونەوەیەدا تەوافوقێکی نوێ بەدەست نەهات، ئەو بەیانیە کۆتاییەش وەک بەیانیەکانی پێشتر کۆمەڵێک کوللی گویی بێ ناوەرۆک و دژبەیەکی تێدا هاتووە. لەو بەیانیەدا ئاماژە بە چەند خاڵ کراوە. لەوانە لە حاڵێکدا خۆیان ئاگر خۆشکەری شەڕی سوریەن، وتویانە:” قەیرانی سوریە ڕێگا چارەی نیزامی نییە”!! ئەوان هەروەها لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سوریەش جەختیان کردۆتەوە. لە کۆتایشدا لەسەر درێژەی هاوکاری بۆ دەستەبەر کردنی ئاتەش بەسێکی بەردەوام لە نێوان لایەنە دەرگیرەکاندا و دەست پێکردنی پڕۆسەیەکی سیاسی ئاماژە و جەخت کراوەتەوە.

لە یەکەم نیگای هەموو چاودێرێکی سیاسی بێ لایەندا، ئەو خاڵانەی کە لە بەیانیەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان پێدراوە، جێگای سەرسوڕمان و دەخەری ماهیەتی درۆزنانە و ڕیاکارانەی سەرانی ئەم دەوڵەتانەیە. ئەوان وتویانە کە ” قەیرانی سوریە ڕێگا چارەی نیزامی نییە و بە ڕواڵەت خوازیاری هاوکاری بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ئاتەش بەس بوون.” بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەوەی لە مەودای نێوان ئەو دوو کۆبوونەوەی” سوچی- ئانکارا”دا رووی داوە پەرەسەندن و کرانەوەی گۆڕپانی نوێی شەڕ لە سوریە لە لایەن ئەو سێ دەوڵەتەوە بووە. لە مەودای ئەو دوو کۆبوونەوەیەدا، غوتەی رۆژهەڵات بە شێوەیەکی وەحشیانە لە لایەن فرۆکە جەنگیەکانی سوریە و روسیەوە بۆمباران کراو هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامیش پیادە نیزامی ئەم شەڕە بوون. ئەم ناوچەیە کە بەر لە دەستپێکی شەڕی سوریە جەمعیەتێکی زیاتر لە دوو ملیۆنی تێدا دەژیان، ئەگەرچی زیاتر لە نیوەیان پێشتر ئاوارە ببوون، بەڵام کاتی دەستپێکی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر غوتە، هێشتا بە سەدان هەزار کەس لەو ناوچەیەدا دەژیان كه‌ ژمارەیەکی زۆریان لە شەڕەکانی ئەم دواییەدا کوژراون و شار و دێهاتەنیش بە بۆمبارانی ئاسمانی بوونەتە وێرانە.

دیسانیش لە مەودای ئەم دوو کۆبوونەوەی “سوچی- ئانکارا”دا بوو کە ڕوسیە بە بردنەدەری هێزەکانی لە عەفرین ڕێگای بۆ لەشکر کێشی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان خۆش كرد. دەوڵەتی ئەردوغان بە گشت توانایی نیزامی خۆیەوە هێرشی هێنایەسەر ئەو ناوچەیە لە کوردستانی سوریە و دوای دوو مانگ داسەپاندنی شەڕێکی جەنایەتکارانە ئەو ناوچەیەی داگیر کرد. سەدان کەس لەم شەڕەدا کوژران و بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار و سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون. عەفرین یەکێک لەو دەگمەن ناوچانە بوو کە لە ماوەی ٧ ساڵ شەڕی جەنایەتکارانەی دەوڵەتەکان لە سوریە، لە لایەن حاکمیەتی ” خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا”وە بەڕێوەدەبرا و لە شەڕ و وێرانگەری و ئاوارە بوون بەدوور ڕاگیرابوو. ئایا زەڕەیەک ڕاست گۆیی لە ئیدیعاکانی ئەم ٣ دەوڵەتە جەنایەتکارەدا سەبارەت بەوەی کە ” قەیرانی سوریە ڕێگا چارەی نیزامی نییە!” بوونی هەیە؟

ئەوان لە حاڵێکدا مودەعی ” پشتیوانی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی سوریە”ن کە خۆیان بە کردەوە سوریەیان وه‌ك ناوچەی نفوزی خۆیان دابەش کردوە. ئه‌ردۆغان ئیدیعای کرد ئەو ناوچانە کە داگیری کردون چۆڵ ناکات. کەوایە ئامانجی سەرەکی ئەم دەوڵەتانە لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیان سەرەڕای بوونی ناکۆکی ئاشکرای سیاسی و سەرچاوەی ماددی نێوانیان، معامەلە و سازشە لەسەر بەشی زیاتر و پەرەدان بە ناوچەی ژێر نفوزیان.

روسیە وەک هێزێکی بێ ڕکابەر لەسوریە بە فەرامۆش کردنی بەرخورد و هەڵوێستی دوژمنکارانەی تورکیە لەدژی خۆی ، لە لایەکەوە بە دانی ئتیمتیاز بە ئەردوغان هەوڵ ئەدات پێوەندی تورکیە لەگەڵ ناتۆ لاواز بکات و لە لایەکی دیکەوە لە بەرانبەر دانی ئیجازەی داگیر کردنی عەفرین، جرابلۆس، ئالباب و ئەعزازدا بە تورکیە، عەلەلحیساب سەهمی خۆی لەم بدە و بستێنەدا بە معامەلەیەکی نیزامی چەور و نرم لە تورکیە وەرگرتوە. پوتین سەرۆک کۆماری روسیە رۆژێک بەر لە کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکە، چوو بۆ تورکیە و لە مەڕاسمی دەست بە دروست کردنی یەکەمین نیروگای هەستەیی تورکیە لە لایەن روسیەوە بە هەزینەیەکی ٢٠ میلیارد دۆلاری بەشداری کرد. ئەو لە معامەلەیەکی تردا قەراردادی فرۆشتنی ٤ سامانەی موشەکی ( S400) ی بە ئەرزشی دوو میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەگەڵ تورکیە مۆر کرد.

بەڵام کۆماری ئیسلامی کە تا ئێستا لە هەموو بارێکەوە هەزینەیەکی کەڵانی بابەتی حوزوری لە سوریە داوە، لە دخاڵەتی دەوڵەتی تورکیە لە سوریەدا و نزیکایەتی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ روسیە و هاوکاری سێ لایەنە لەگەڵیان شادمان نییە. حەسەن روحانی بەر لە سەفەر بۆ تورکیە بۆ بەشادری کردن لەم کۆبوونەوەیەدا، لە دژایەتی لەگەڵ حوزوری نیزامیی تورکیە لە سوریەدا وتی:” بەشداری کردنی نیزامی ئێران و روسیە لە شەڕی نێوخۆیی سوریەدا لەسەر داخوازی بەشار ئەسەد و بە ئامانجی یارمەتی دانی ئەو بووە و هەموو چەشنە حوزورێکی نیزامی لە سوریەدا بەبێ ویست و ڕەزامەندی دەوڵەتی بەشار ئەسەد نا یاساییە.” لەگەڵ ئەوەشدا هەم بە هۆی هاو ئاڕاستەیی لەگەڵ روسیە سەبارەت بە حوزوری ئەمریکا و دەوڵەتانی ئوروپایی لە سوریە وهەم بەهۆی هاوجیهەتی لەگەڵ تورکیە لە دوژمنایەتی و دژایەتی کردنی هەر چەشنە مافێکی حاکمیەتی خەڵکی کورد بەسەر چارەنووسیاندا، لە کۆبوونەوەی سێ لایەنە لەگەڵ تورکیە و روسیە و هاوکاری لەگەڵیان بەشداری دەکات.

بەڵام بە سەرنجدان بە ماهیەت، دژایەتی، ناکۆکی سیاسی و تەزادی بەرژەوەندی نێوان تورکیە و کۆماری ئیسلامی و لایەنەکانی تر، وەها لێک نزیک بوونەوە و هاوکاریەک لە نێوانیاندا گەلێک لەرزۆک و کەم خایەنە و دەوامی نابێت. ئەم جۆرە تەوافوقاتەی نێوان دەوڵەتە دیکتاتۆڕە سەرمایەداریەکان لە ناوچەکەدا نەک لە رووی هەستی بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر چارەنووسی خەڵکی زۆر لێکراوی سوریەدا بەڵکو بەخاتری قازانج و بەرژەوەندی خۆیانە. کەوایە ئەم هاوکاریانە نە تەنیا یارمەتی کۆتایی هاتنی شەڕ و خوێن ڕشتن نادات بەڵکو لە بارودۆخی ئێستادا بە ڕاگەیاندنی حوزوری نیزامی فەڕانسە لە داهاتوی سوریەدا و په‌شیمانی ترامپ لە بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە، بوار بۆ سەر هەڵدانی کێشمەکێش و ڕقابەتی نێوان زل هێزەکان و دەوڵەتانی سەرمایەداری ناوچەکە لەسەر قازانج و بەرژەوەندی لەبار تر، و ئیمکانی سەر هەڵدانی دەورێکی تر لە شەڕ و کوشتار لەدژی خەڵکی بێ تاوانی سوریە فەراهەم تر دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-