ئه‌بولحه‌سه‌ن بنی سه‌در، یه‌كه‌مین سه‌رۆك كۆماری ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی شه‌ممه ١٧ی مانگی ڕه‌زبه‌ر به‌هۆی نه‌خۆشیی له نه‌خۆشخانه‌ی “سالپتریه”ی شاری پاریس گیانی له‌ده‌ست دا.
بنی سه‌در له‌دایك بوونی ساڵی ١٣١٢ی هه‌مه‌دان و كوڕی نه‌سروڵڵا بنی سه‌در بوو. ناوبراو له زانكۆی تاران یاسا و ئابوویری خوێندبوو و ١ی سه‌رماوه‌زی ساڵی ٤٢ چوو بۆ پاریس. بنی سه‌در له ٥ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ٥٨ وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆك كۆماری ئێران هه‌ڵبژێردرا به‌ڵام پاشان له‌گه‌ڵ حیزبی “جمهوری” و مه‌جلیسی یه‌كه‌م تووشی ناكۆكی هات و سه‌ره‌نجام له جۆزه‌ردانی ساڵی ٦٠، ڕه‌وتی نزیك به حیزبی كۆماری ئیسلامی له مه‌جلیسدا گه‌ڵاڵه‌ی له‌سه‌ر كار لابردنی ئه‌بولحه‌سه‌ن بنی سه‌دری هێنایه گۆڕێ. ده‌نگ به بێ كه‌فایه‌تیی سیاسی و لابردنی ناوبراو له لایه‌ن مه‌جلیسه‌وه په‌سند كرا‌و ئه‌م حوكمه له لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه ته‌ئید كرا. بنی سه‌در ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌م ڕووداوه خۆی شارده‌وه و پاشان له‌گه‌ڵ مه‌سعود ڕه‌جه‌وی، ڕێبه‌ری سازمانی موجاهدینی خه‌لق له ئێران چووه ده‌رێ. ناوبراو پاش چوونه ده‌ره‌وه‌ی له ئێران، له فه‌ڕانسه له‌ژێر چاوه‌دێریی ئه‌منیدا ده‌ژیا. بنی سه‌در یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه كاریگه‌ره‌كانی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی حكوومه‌تی ئیسلامی بوو. به‌ڵام له سه‌ره‌تاكانی شۆڕشی ٥٧ تا سه‌ركوتی ئه‌م شۆڕشه له لایه‌ن ڕژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه‌وه، له هیچ كرده‌وه‌یه‌ك دژبه كرێكاران و ژنان و خه‌ڵكی ئازادیخواز، خوێندكاران و هه‌روه‌ها سه‌ركوتی خه‌ڵكی مافخوازی كوردستان و توركه‌مه‌ن سه‌حرا ده‌ریغی نه‌كرد. بنی سه‌در هیچكات ئه‌وه‌یكه “ئینقلابی ئیسلامی”ی پێده‌وترا، نه‌برده ژێر پرسیاره‌وه. ناكۆكی ناوبراو له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار و له‌وانه له‌گه‌ڵ خومه‌ینی له چۆنیه‌تیی پته‌وكردنی پایه‌كانی حكوومه‌تی ئیسلامی‌دا بوو.