منداڵان له ئێران بێ مافترین و ستهملێكراوترین بهشی كۆمهڵگای ئێرانن. بهڵام بهشی سهرهكیی ئهم ستهم و بێ مافییه بهنهسیبی منداڵانی بنهماڵه كرێكاری و كهم داهاتهكانه. هەژاری بنەماڵە لە هەمان کاتەوە کە منداڵ لە رەحەمی دایکیدا گەرا دەگرێ و بەر لە هاتنە دنیا گیرۆدەی دەبێت. کاتێک دایک لە دەورانی دووگیانیدا لە خواردنی تایبەتی جێی پێداویستی بۆ پەروەردە کردنی سالمی منداڵ لە ناخیدا بێ بەشە، کاتێک دایکێک پێویستی بە چاودێریی تایبەتی پزیشکی لە دەورانی دوگیانیدا هەیە و دەستی پێیڕاناگات، کاتێک دایکێک بەردەوام لە دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە نیگەرانی بۆ داهاتوی منداڵە هێشتا لە دایک نەبووەکەی دایە، هەژاری و كهموكۆڕییهكانی ژیانی بە کردهوە دەگوازێتەوە بۆ کۆرپەڵەکەی نێو رەحەمی.
لەگەڵ هاتنە دنیای منداڵەکە موسیبەتە تازەکان دەست پێدەکەن. لە ئاکامی گرانی رۆژ لە رۆژ زیاتری شیر و مادە خۆراکییە پێویستەکان، شیری دایک بە تەنیایی دەبێتە سەرچاوەی خۆراکیی منداڵ. بەڵام دایکێک کە خۆی توشی بەد خۆراکییە و مەوادی پێویستی باش ناگاتە جەستەی، چۆن دەتوانێ پێداویستییە خۆراکییەکانی منداڵی روو لە گەشەی لە ڕێگای شیری خۆیەوە دابین بکات؟ بەم جۆرە کەمبوونی ویتامینەکان و مادە خۆراکییەکان کە دایک لێی بێبەشە، ڕاستەخۆ دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ. ڕێژەی مەرگی منداڵانی ژێر ٥ ساڵ تهمهن لە ئێران بە بەرئاورد لەگەڵ باقی وڵاتانی دواکەوتووی سەرمایەداری بەرزە و بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان نزیکەی ٣ لەسەدی منداڵان لە ئێران ههرگیز دەرفەتی گەیشتن بە وەها تەمەنێکیان نییە.
مندالێک کە لەم تەمەنەدا لە چنگی مەرگ ڕزگاری بووە ئەمجار شەریکی هەژاری و نەداریی بنەماڵەکەیەتی و بەکردەوە لەگەڵ گشت موسیبەتەکانی سەرچاوە گرتوو لێی دەست و پەنجە نەرم دەکات. نەبوونی باخچەی ساوایان، ئاگاداریی رۆژانە لە منداڵان بەگشتی دهخاته ئەستۆی دایک و باوک و ئەندامانی بنەماڵە. بەڵام ئەوان کە خۆیان گیرۆدەی کار و دابین کردنی پێداویستییەکانی رۆژانەی بنەماڵەن، نە تەنیا دەرفەتیان نابێت وڵامی پێداویستییەکانی جەستەیی و رۆحی بەردەوام روو لە زیاد بوونی منداڵ بدەنەوە بەڵکوو ماندوویەتی و هیلاکی و جەنگی ئەعسابی رۆژانەی کێشمەکێشی ژیان دەگوازنەوە بۆ منداڵەکان. منداڵی قۆناغی گەشە و هەڵدانی جستەیی و دەروونیی ئینسانە. بەڵام ئهم گەشە و هەڵدانە، پێویستی به بەهرەمەند بوون لە تهندرووستی و خۆراکی گونجاو، پهروهرده و دابین بوونی کۆمەڵایەتی و باقی مافە ئینسانییەکانه. یاری و تەفریح و بەرهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی پێویست بۆ بە شادی ژیان لە نێو ماڵدا، کە لە مافە سەرەتاییەکانی منداڵە، بۆ زۆربەی منداڵانی بنەماڵە کرێکاری و زەحمەتکێشەکان لە شار و دێهاتەکان ئاواتێکی دوورە دەستە. لە وەها باروودۆخێکدا منداڵ بەناچار دەڕواتە نێو کۆڵان و شەقام و تێکەڵی هاو تەمەنە هاوچارەنووسەکانی دەبێت و جەستەی ناسکی دەکەوێتە بەر مەترسیی تووش بوون به هەموو جۆرە نەخۆشیەک.
دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پڕ لە مەینەتیە، ئەوکات تەمەنی چوونە مهدرهسه دەگاتێ. کەم نین بنەماڵەی زەحمەتکێش لە شار و دێهاتەکان کە ناتوانن ئیمکاناتی چوون بۆ مهدرهسهیان بۆ دابین بکەن و منداڵەکانیان بەرەو فێربوونی پیشهیهك بۆ دابین کردنی داهاتویان پاڵ پێوەدەنێن. کەم نین ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی ده ــ دوازده ساڵیدا دەبێ لەبیری نان پەیدا کردن و تێر کردنی زگی خۆیاندا بن و تەنانەت بشبنە نان دهرهێنهری بنەماڵە. لەم تەمەنەدا ئەنجامدانی بەشێک لە کارەکانی ماڵەوە و یان مەزرا لە دێهاتەکان لە ئەستۆی منداڵانە. کاری تەون، کار لە کارگا چکۆلەکاندا، کار لە مەزراکان، دەست فرۆشی، واكس لێدانی کەوش و هیتر لە دیاردە زۆر باوەکانی ناو کۆمەڵگای سەرمایەداریی ئێرانن.
بەڵام لە قوتابخانەش کۆمەڵێک بەڵایتر چاوەڕوانیانە. کچانی منداڵ لە هەمان رۆژی یەکەمەوە دەبێ مەقنەعە لەسەر بکەن و لە کوڕەکانی هاو تەمەنیان جیا بکرێنەوە. فێر دەکرێن كه هەڵسووکەوت لەگەڵ کوڕان بە کارێکی خراپ بزانن. لەگەڵ حیجاب و بێبەش بوون لە پێكهوه یاریکردنی کچان و کوڕان، ئاموزشی مەزهەبی دەست پێدەکات. کتێبی دەرسی پڕ لەم ئاموزشانەیە و منداڵان لە سەرەتای منداڵییەوە ناچار دەبن داب و نهریتی مەزهەبی بەڕێوەبەرن و لە مەڕاسمە مەزهەبییەکاندا بەشداری بکەن. بەم جۆرە ئیجازە بە منداڵان نادەن تا بەدوور لە باوەڕ و خورافاتی مەزهەبی ئاموزش ببینن و زانیاری و زانست بە دەست بێنن و ئیمکانی ئەوەیان هەبێت لە داهاتوودا بیر و باوەڕ و ڕێگای خۆیان وشیارانە هەڵبژێرن. منداڵان لەو کلاسانەدا کە زۆریان تهنگهبهر و قهرهباڵغ و بەبێ هەوای سالم و فەزای گونجاون، بە ڕێز دادەندرێن. ئەوان دەبێ گوێ بدەنە قسەی ئەو مامۆستایانەی کە زۆربەیان لەبەر خاتری کێشە و گرفتی بەڕێچوونیان حاڵ و حەوسەلەی پێویستیان بۆ سەروکەلە لێدان لەگەڵ منداڵیان نییە و لە چاوەڕوانی تەواو بوونی کاتدا چرکەکان دەژمێرن.
لەپاڵ گشت ئەم بێبەشی و بێ مافیانەدا لە ئێرانی ژێر دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامی هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن، شەرعی و یاساییە. کەم نین ژمارەی ئەو بنەماڵانەی کە توانای دابین کردنی ژیانی کچە کەم تەمەنەکانیان نییە و به هاوسەرگیری ئەوان لەگەڵ کەسانی گەلێک بەتەمەنتر لە خۆیان ڕهزایهت دهدهن. ئەو کچانەی کە لە تەمەنی تازەلاویدا تەنانەت دەبنە خاوەنی منداڵێش. وەها بارودۆخێکی پڕ لە شەرمەزاری کە له زۆرێك له وڵاتانی دنیادا بە واتای دەست درێژی بۆسەر منداڵانه و وەک تاوانێکی گەورە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دهكرێ، لە ئێرانی ئەمرۆدا، بابەتێکی یاسایی و باوە.
ئاشکرایە کە منداڵان خۆیان توانای گۆڕینی ئەم باروودۆخە خۆفناكهیان نییە و هیچ ئینسانێکی شەریف نایهەوێ منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە وەها بارودۆخێکی فەلاکەتباردا ببینێ و خوازیاری گۆڕینی نەبێ. ئەوەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا له ئارا دایه چارەنووسی حهتمیی منداڵان نییە. ئەم باروودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم باروودۆخە و ڕزگار کردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لەم چارەنووسە، ڕێگایەک بێجگەلە دەست دانە دەستی یەکتر و تێکۆشان لەدژی ڕژیمێک، لەدژی نیزام و مناسباتێک کە منداڵانی بێ تاوانمانی بەم شێوەیە بێ ڕەحمانە لە مافە سەرەتایی و ئینسانییەکانیان بێبەری کردوە، بوونی نییە.