کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

منداڵانی کار، پەڵەیەکی ڕەش بە ڕوخساری سەرمایەدارییەوە

  هەژاری زۆر و دژواریی رۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری بەڕێچوونی بنەماڵەکان ڕۆژانە ژمارەیەکی زیاتر لە منداڵانی ناچار بە بەجێهێشتنی خوێندن و قوتابخانە دەکات و دەیانخاتە بازاڕی بێ بەزەیی کارەوە. ئەگەرچی بوونی فەزای دیکتاتۆڕی و خەفەقان ئیزن نادات ئاماری ورد و ڕاستی ژمارەی  منداڵانی کار و خیابانی لە ئێران دەست بکەوێت، بەڵام ئامارە دەوڵەتیەکانیش ژمارەی منداڵانی کار و خیابانی ڕەقەمێکی نزیک لە ٣ بۆ ٤ ملیۆن ئەدەن بەدەستەوە. لە ئێستادا ئامارە نا ڕەسمیەکان باس لە بوونی زیاتر لە ٧ ملیۆن منداڵی کار لە ئێراندا دەکەن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەیکە پەیمانی جیهانی دیفاع لە مافی منداڵانی واژۆ کردوە، کە تێیدا جەخت کراوەتەوەدەوڵەتەکان دەبێ پشتیوانی لە منداڵان بکەن لەبەرانبەر گشت ئەو مەترسیانەدا کە هەڕەشەن بۆسەر گەشە و تەندروستی مندالان، بەڵام تا ئیستا لە بەرانبەر هەموو ناهەمواریە کۆمەڵایەتیەکاندا بە تەنیای هێشتونەتەوە. ڕژیمی ئیسلامی نە تەنیا لەبەرانبەر سەرمایەداران و باند و گوروپە خراپکارەکانی قاچاغی ئینسان و مادەی هۆشبەردا پشتیوانیان لێناکات بەڵکو بە لێدان و ئەزیەت و ئازاردان و سوکایەتی پێکردن بەر بە کار و دەستەبەر کردنی خۆراک و بژیویشیان دەگرێت، تەنانەت لەنێو سەتڵی زبڵەکانیشدا.

منداڵانی کار و خیابانی یەکێک لە دیاردە باوەکانی کۆمەڵگاکانی ژێر حاکمیەتی نیزامی سەرمایەدارییە لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا. بەپێی ئاماری سازمانی جیهانی کار، ساڵانە زیاتر لە ١٢٠ ملیۆن منداڵ لە سەرتاسەری دنیادا و لە تەمەنی ٥ تا ١٤ ساڵی بۆ دەستەبەرکردنی بەڕێچوونیان و یان یارمەتیدانی هەزینەی ژیانی بنەماڵەکانیان ناچاردەبن بچنە نێو بازاڕی کارەوە. هەڵبەت ئەگەر کارێکیان دەست بکەوێ و بە حەقدەستێکی کەمەوە بتوانن هێزی کارییان بفرۆشن. بەم جۆرە نەمامی شلکی تەمەنی ئەم ئینسانە بچکۆلانە لەم نیزامە زاڵمانەیەدا بە بێبەشی و ڕەنج و کاری تاقەت پڕوکێن دەژاکێ و سیس دەبێت. ئەم منداڵانە بە جێگای بەهرەمەند بوون لە دەرفەت، نێعمەت و چێژی ژیان، کە مافی سروشتی هەموو منداڵێکە، بەجێگای بەسەربردنی ئەم قۆناغە کورت و بێ گەڕانەوەی تەمەنیان لە ئاموزش و یاری بە ئامانجی پەروەردەکردنی سڵامەتی جەستەیی و ڕۆحی، گەشەپێدانی تواناییەکانیان و داهێنان، ناچار دەبن لە هەمان ساڵانی سەرەتای ژیانەوە بچنە ژێر باری کاری قورس و تاقەت پڕوکێن و جەستە و دەروونیان بژاکێ. بەداخەوە بۆ بەشێک لەم منداڵانە، خیابان نەتەنیا شوێنی کار نییە بەڵکو بۆتە شوێنی ژیانیشیان. ئەمە بەشی منداڵانی بێ پەنا و پشتیوان و ستەم لێکراوە لە ژیان لە سایەی نیزامی وەحشیی و بەڕبەڕیەتی سەرمایەداریدا. ئایا لە وەها بارودۆخێکدا دەکرێ چاوەروانی کۆمەڵگایەکی ساڵامەت بین تەنانەت بۆ نەوەکانی داهاتووش؟

مناڵانی کار لە ئێران لە بارودۆخێکدا ناچار بە تەحەمول کردنی ئەم گشتە ڕەنج و ئازارەن کە لە حاکمیەتی ڕژیمی دز و گەندەڵی ئیسلامیدا بە دەیان حاڵەت دزی و ئیختیلاس و ڕانت خۆری گەورە لەلایەن بەرپرسان و خزم و کەسەکانیانەوە بەردەوام ڕوو ئەدات. بە میلیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵک سەرفی دامودەزگای پانوبەرینی شەڕ و سیخوڕی و سەرکوت دەکرێت. بە میلیارد دۆلار سەرفی سیاسەتی زێدەخوازانەی ڕژیم و یارمەتیدانی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان لە ناوچەکەدا دەکرێت. بێ گومان ئەم بڕە پارە سەرسوڕهێنەرە لە سفرەی هەمان ئەو کرێکارە گەورە و منداڵانەی کار و ڕەنجی سەر شەقامەکان دەڕفێندرێت. بە ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە گەنەدەڵە و دامەزراندنی حاکمیەتێکی شۆڕایی زۆرێک لەم کێشە و گرفتە بنەڕەتیانەی کۆمەڵ، لەوانە دیاردەی منداڵانی کار چارەسەر دەبێت و خاشەبڕ دەبن.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-