کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگێک دوای بومەلەرزەکە بارودۆخی ئەو ناوچانەی بوومە لەرزە گرتیەوە چۆنە؟

مانگێک بەسەر بومەلەرزە ٧،٣ ڕیشتێریەکەی ٢١ ی مانگی خەزەڵوەر لە ئوستانی کرماشان تێپەڕیوە. ئەو ڕاپۆرتانەی دێن لەو ناوچانەوە باس لە بارودۆخێکی دژوار و تاقەت پروکێن دەکەن کە خەڵکی ئەو ناوچانە تێیدان. زۆربەی خەڵک هەروا لە چادردا دەژین. هێشتا کەمبوونی سەرپەنایەک تا لە بەفر و باران بیانپارێزێ، یەکێک لە گەورەترین گەرفتەکانی خەڵکە لەو ناوچانەیه‌. ئەم بارودۆخە ئەسەفناکە تەنانەت لە هێندێک لە ڕاپۆرتی بەرپرسانی ڕژیمیشدا ڕەنگی داوەتەوە. لە حاڵێکدا کە کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕژیم لە تاران بەردەوام باس لەو کردارانە دەکەن، کە گۆیا قەرار بووە یەک لە دوای یەک بە کردەوە دەرهاتبن، بەرپرسانی ناوچەیی ڕژیم ئیعتیڕاف بەوە دەکەن کە کەمترین هەنگاوی گاریگەر لە بواری ئیسکان و نیشتەجێ کردنی بومەلەرزە لێدراوان و کەم کردنەوەی کێشە و گرفتەکانیاندا ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیسنا، ئەکبەر سنجانی، فەرمانداری سەر پولی زەهاو بە ڕەخنە گرتن لە هێواشی نیشتەجێ کردنی کاتیی بومەلەرزە لێدراوان، وتویەتی:” خەڵک هێشتا لەگەڵ دژواریەکی زۆر لەژێر چادردا دەژین.” ئەو ژمارەی گشتی یەکەکانی نیشتەجێ کردنی سەدەمە دیتوانی سەرپولی زەهاوی ٢٧ هەزار حاڵەت ڕاگەیاند کە ١٢ هەزاریان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکان بە شێوەی سەد لەسەد وێران بوون و دانیشتوانیان پێویستیان بە کانێکسە. بە وتەی ناوبراو ڕەتی دابین کرانی کانێکسەکان گەلێک هێواشە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕەحمان فەزڵی وەزیری نێوخۆی کۆماری ئیسلامی سێ حەفتە لەوەپێش ڕایگەیاند بوو کە :” دروست کردنی مەسکەنی کاتی کە ئێستا دەستی پێکردوە، لە ماوەی مانگێکدا، تەواو دەبێت و دروست کردنی ماڵە دایمەکانیش لە مانگێک دوای روودانی بومەلەرزەکەوە دەست پێدەکات.” ناوبراو هەروەها جەختی کردەبۆوە کە وەزاڕەتی ڕێگا و شارسازی پابەندە دەبێ بەم بەرنامە زەمانبەندیەوە. جێگری بێهداشت، دەرمان و تەوانبەخشی جەمعیەتی مانگی سور باسی لە كه‌می خزمەتگوزارییە دەرمانیەکان کردوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەهۆی دەست پێکردنی وەرزی سەرماوە و نەبوونی سەرپەنا، هەڵامەت و سەرماخوردەگی، بڵاو ترین نەخۆشیە لە ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکاندا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ناوچەیی خەبەرگوزاری ئیلنا:” بەهۆی دەست پێکی وەرزی سەرماو و بارینی بارانی وەرزی، چادەرەکان ئیتر بۆ کەڵک لێوەرگرتن نابن، بە تێپەڕ بوونی مانگێک بەسەر ئەم رووداوەدا و نزیک بوونەوە لە وەرزی زستان، خەڵک هەروا بە دەست کەم بوونی ئیمکاناتی سەرەتایی وەک کانێکس، ئاوی خواردنەوە، سەرویسی بێهداشتی و حەمامەوە ئازار دەکێشن. مەدرەسەش لە زۆربەی ناوچەکان هێشتا نەکراونەتەوە. لە هێندێک لەو ئاواییانەی کە قوتابخانە لە بینا نیوە وێرانەکاندا کراونەتەوە، قوتابیان لەترسی ئەوەی کە سەرلەنوێ ئەوانیش بەسەریاندا بروخێن، نەچونەتەوە سەر کلاس. بەڵام ئەوەی کە لە هەموان زیاتر لە ئاواییە بومەلەرزە لێدراوەکاندا لە دەشتی زەهاب گرفتی بۆ خەڵک دروست کردوە، نەبوونی سەرویسی بێهداشتی و حەمامە لەو ناوچانەدا.”

شاهیدێکی عەینیش لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێ:” ئەو بومەلەرزە لێدراوە سەدەمە دیتوانەی کە هێشتا ژان و ئازارەکانیان هێور نەبۆتەوە، گیرۆدەی بەڵای تر بوون و لە بەفر، سەهۆڵ و قوڕ و چڵپاودا پەلەقاژەیانە. لە دوو شەوی ڕابردوودا، لەو ناوچانەی ئەو کەسە بینیونی، ٣٧ چادری خەڵک با بردونی. هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە:” لەم رۆژانەی دواییدا هێندێک چادر بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە وەسایلی گەرمکەرەوەی نەگونجاو توشی ئاگر تێبەربون هاتوون و تەنانەت یەکێک لە بومەلەرزە لێدراوەکان بەهۆی هەڵمژینی گازی کەربون گیانی لەدەستداوە.” شەهاب نادری، نوێنەری پاوە لە مەجلیسی ئیسلامی وتی:” وەعدە و بەڵێنەکانی ئەو بەرپرسانەی کە سەردانی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانی رۆژئاوای وڵاتیان کرد خەریکە لەبیر دەچنەوە. خەڵکی بومەلەرزە لێدراو توشی سەرما بردویی و ڕەقهەڵاتن بوون و ژمارەیەکیشیان گیانیان لەدەستداوە.” ئەوە گۆشەیەکە لەو ڕاستانەی کە لە بڵاوکراوەکانی نێوخۆی وڵاتدا بڵاو کراونەتەوە. دیارە ئاستی کارەساتەکە گەلێک لەوە ئازار دەرترە.

کۆماری ئیسلامی وتویەتی کە وام ئەدات بە خەڵکی بومەلەرزە لێدراو بۆ دروست کردنەەی ماڵەکانیان. بەڵام یەکەم، هەر کەس ئاشنایەتی لەگەڵ بروکراسی ئاڵۆز و پان و بەرینی کۆماری ئیسلامی هەبێت، دەزانێ کە جەریانی وەرگرتنی وام، بە چ مەسیرێکی ئاڵۆز و پڕ لە دەردیسەردا دەڕوات. بەڵام دووهەم، گرنگتر لەوە، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە دوای ساڵانێک، بە داهاتێکی کەم و بە وەلانانی کەمێک پارە و کەم کردنەوەی نانی شەویان، سەرپەنایەکیان دروست کردبوو، ئێستا لە حاڵێکدا کە هەموو شتێکیان لەدەست چووە، چۆن ئەتوانن قیستی وامەکان بدەنەوە؟ بەم هۆیەوە زۆربەیان چارەیەکیان نییە بێجگە لەوەی کە عەتای ئەو وامانەش بە لەقاکەی ببەخشن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەزیفەیەتی کە سەرجەم زیانەکانی سەرچاوەگرتو لە بومەلەرزەوە لە ئوستانی کرماشان بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و هه‌ژاری ئەو ناوچەیە قەرەبوو بکاتەوە. دانی وام بە خەڵکێک کە هەموو شتێکی خۆی لەدەست داوە بێ مانایە. ئەوە مافی سروشتی ئەو خەڵکەیە کە خاوەنی سەرپەنایەکی گونجاو و بەشێوەیەک ئەمن بن کە بتوانن بە دڵنیاییەوە تێیدا بژین. دەوڵەت خۆی دەبێ ڕاستەخۆ کاری بونیاد نانەوەی ماڵە وێران بووەکان دەست پێبکات. دەوڵەت دەبێ هەموو ئیمکاناتێک کە لەو ماوەیەدا ئەوان لە سەرما و با و باران بپارێزێت بۆیان دابین بکات. ئایا وەها داخوازیەکی سەرەتایی لە توانایی کۆماری ئیسلامیدا نییە؟ بێ گومان ئەم ڕژیمە ئیمکاناتی گەلێک زیاتر لەوەی لە ئیختیار دایە. ڕژیمێک کە بە داهاتێک کە لە کار و ڕەنجی ئەم خەڵکە بە دەستی دێنێ و بە دەست بەسەردا گرتنی سامانە سروستیەکانی ئەم وڵاتە، لە قوڵایی زەویدا، پادگانی نیزامی و ناوەندی زەخیرەی موشەکی دوور هاوێژ دادەمەزرێنێ، ڕژیمێک کە ساڵانە بە میلیارد دۆلار سەرفی پرۆژە جەنگیەکانی لە دەرەوەی سنورەکان دەکات، ڕژیمێک کە پادگانی ئەڕتەش و سپا و بەسیجی، لە گوشە و کەناری ئەم وڵاتەدا وەک کارگ بە خێرایی هەڵدەتۆقن، چۆن دەتوانێ خۆی لە بەرپرسیاریەتی دروست کردنی سەرپەنای کاتی و دواتر دایم بۆ خەڵکی بومەلەرە لێدراو بدزێتەوە و تەرحی گاڵتەجاڕانەی وامی مەسکەن بۆ خەڵک پێشنیار بکات. هاوپشتی بەرین و سەرتاسەری، لە رۆژەکانی سەرەتای روودانی بومەلەرزەدا، کە دەورێکی بەنرخی لە کەم کردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خەڵکدا هەبوو، ئێستاش دەبێ ئاڕاستەی داسەپاندنی ئەم داخوازیە سروشتیانە بەسەر ڕژیمدا ، بۆ خەڵکی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان، بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-