کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە ماوەی دە ڕۆژدا ١٠ کۆڵبەری کوردستان بێسەروشوێن و بریندار بوون و گیانیان لەدەست داوە

لە زستان و وەرزی سەرمادا، لە بەفر و بۆراندا کۆڵبەرانی کوردستان لەگەڵ مەترسی و هەڕەشەی زیاتر بەرەوڕوون. مەیدانەکانی مین بە بەفر دادەپۆشرێن، دەرە و هەڵدێرەکان بە ئاسانی شناسایی ناکرێن، سەرمای بەتەزوو و کوێرە ڕێگاکانی داپۆشراو بە بەفر و قورسایی کۆڵەباری چەند کیلۆیی بۆ تازەلاوان، پیران و ژنانی کۆڵبەر دوور لە توانا و تاقەتی مرۆڤە.

بەکرێگیراوانی ڕژیم لە بۆسە دان و بنەماڵەکان نیگەران و گیان لە مشت چاوەڕوانی بەسڵامەت گەڕانەوەی ئازیزان و ناندەرهێنەرانیانن. لە وەرزی زستاندا شایەدی بێسەروشوێن بوون، بریندار بوون و گیان بەختکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە کۆڵبەرانی کوردستانین. بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی کۆڵبەرنیووز:

لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ١٠ کۆڵبەر لە سنووری ئۆستانەکانی ئازەربایجان غەربی، کوردستان و کرماشان، بەهۆی تەقینەوەی مین، تەقەی پاسەوانانی سەرسنوور و بەستەڵەک و ڕندووی ناوچە کوێستانییەکان، کوژراون، برینداربوون و بێسەروشوێن بوون. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئێعتماد: سێ کۆڵبەر بەناوەکانی “بارزان میهەنی”، ئەسعەد سەیدانی فەرد” و “بێهلوول سەیدانی فەرد” لە باریکەی سنووریی ئێران و تورکییەدا بێسەروشوێن بوون و هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەرەدەستدا نییە. ناوچەیەک کە ئەم سێ کۆڵبەرە تێیدا بێسەروشوێن بوون هەمان ناوچەیەکە کە لە ساڵی ١٣٩٩دا تەرمی سەرمابردووی ٥ کۆڵبەری تێدا دۆرزرایەوە.

لە ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێراندا لەناو ئەو دە ئۆستانەی کە خاوەن زۆرترین ژمارەی بێکارانن، ئۆستانە سنوورییەکان ٦ ئۆستان پێک دێنن. چوار ئۆستانی یەکەمی ئێران بە زۆرترین ڕێژەی بێکارییەوە کوردستان، کرماشان، ئازەربایجانی غەربی و هۆرمۆزگانن کە کوردستان دوو هێندەی ڕێژەی مامناوەندی بێکاریی ئێران جەمعییەتی بێکاری هەیە. لە وەها باروودۆخێکدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە لەڕووی ناچاری و بۆ دابینکردنی لانیکەمی ژیانێکی مەمرە و مەژی، ڕوو دەکەنە ئەم کارە و گیانیان دەخەنە مەترسییەوە و کوێرە ڕێگا سەختەکان و مەیدانەکانی مین و پایەگا و پازگا نیزامییەکان کە هەر کامیان دەربازگەیەکی مەرگ بە ئەژمار دێن بەخۆف و دڵەڕاوکێیەوە وەپشت سەر دەنێن و بارێکی قورس بە هەزار خۆف و هیواوە لەکۆڵ دەدەن تا بەڵکوو بتوانن لەم ڕێگەوە پێداویستیی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان دابین بکەن.

زەمانەتی درێژەدانی هەر ئەم کارە پڕ مەترسییەش لە گرەوی ئەوە دایە کە توانیبێتیان لە هەموو باروودۆخێکدا کۆڵەباری خاوەن بار و بازرگانەکان بە سڵامەت بگەیەننە شوێنی مەبەست. تەنیا لەم حاڵەتە دایە کە لەبری کاری پڕ مەترسی و مەرگباریاندا، حەقدەستێکی یەکجار کەم وەردەگرن. زۆر جار کۆڵبەرانی لە بۆسە کەوتوو ناچار دەبن بۆ دەربازبوون لە چنگ باج وەرگرانی ڕژیم لە پایەگا و شوێنەکانی تێپەڕین، بەشێک لە داهاتی یەکجار کەمی خۆیان بەمەبەستی دەرباز کردنی خۆیان و بارەکانیان بدەنە بەکرێگیراوانی حکوومەت.

ئەگەرچی لەکۆڵدانی باری قورس بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر، یەکجار دژوار و هەناسەبڕ و پڕ مەترسییە، بەڵام مەترسیدارتر لە هەمووی تێپەڕین لە مەسیری پایەگاکان و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێزە ئینتزامی و بەکرێگیراوەکانی ڕژیمە. ئەمانە کە سەرەکیترین کاریان ئەزیەت و ئازاردانی خەڵک و بەتایبەت کۆڵبەران و باج وەرگرتن و تاڵانکردنی دارایی کاسبکارەکانی سەر سنوورە، زۆر جار بە بێ هیچ بیانوویەک و تەنیا بۆ ئەوەی زەحمەتکێشانی کۆڵبەر ناچار بە ملکەچبوون بکەن و نرخی باجگیرییەکانیان بەرنە سەرێ، کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوورەکان دەدەنە بە دەستڕێژی گوللە و دیانکوژن. جەنایەتکارانێک کە بۆ کاری پاسەوانیی سەر سنوور دەستنیشان دەکرێن  و لە مەسیری هاتووچۆی کاروانچییاندا جێگیر دەکرێن، لەو جێگەوە کە دەبێ بەشی زنجیرەی باڵاسەریییەکانیشیان بدەن، لەو ماوەیەدا کە خەریکی ئەم کارەن بۆ ساتێکیش لە باج وەرگرتن لە کاسبکارانی بێبەشی سەرسنوور و تاڵانکردنی داراییەکانیان خافڵ نین.

بوکوژانی کۆڵبەران پێویستە موحاکمە بکرێن، پێویستە بۆ بنەماڵە جەرگ سووتاوەکانیان گشت بیمە و خەساراتی مەرگ و برینداربوونی ئازیزانیان دابین بکرێت و تەقەکردن لە کۆڵبەران و ئازار و ئەزییەتیان کۆتایی پێبێت.

کرانەوەی سنوورەکان و کەڵک وەگرتن لە ئۆتۆمبێل بۆ هەڵگرتنی بار، پێکهێنانی کاری گونجاو و ئەمن دەتوانێ هەزاران کۆڵبەر لە ڕەنج و نائەمنی ڕزگار بکات. دایبنکردنی بیمەی بێکاری بۆ کۆڵبەران تا کاتێک کە کاری گونجاو و ئەمن دەدۆزنەوە دەتوانێ کۆتایی بە کارەساتی کۆڵبەری بێنێت.

دیفاع لە کۆڵبەران و مافی ئینسانییان، دادگایی کردنی بڕیاردەران و بەکردەوە دەرهێنەرانی تەقەکردن لە کۆڵبەران، دابینکردنی خەسارەت و تێچووی دەوا و دەرمانی کۆڵبەرانی بریندار، دیفاعە لە حورمەت و کەرامەتی مرۆڤایەتی و ناڕەزایەتییە دژبە جەنایاتی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-