کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌دا، هیوای گه‌یشتن به ژیانێكی ئاسووده‌ و ژینگه‌یه‌كی سالم بێ مانایه‌

28124320

28124320

به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی به‌رین و پڕوبڵاو، هه‌زاران هێكتاری له‌ دارستانه‌كانی ڕشته‌ كێوی زاگرۆسی له‌ ئۆستانه‌ غه‌ربیه‌كان و جنووبی غه‌ربی ئێران له‌ناو بردووه‌. ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئاگره‌‌كه‌ به‌رده‌وام په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و ته‌نانه‌ت ڕۆژی ڕابردوو گه‌یشتووه‌ته‌ ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری سنه‌ و مه‌ریوان. شایه‌تحاڵێكی دانیشتووی ناوچه‌كه‌ له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێ:

“ئاگره‌كه‌ سه‌ره‌تا چه‌ند خاڵێكی چكۆله‌ی له‌ ناوچه‌ی خائیز گرته‌وه‌، به‌ڵام هێنده‌یان بایه‌خ پێنه‌دا كه‌ له‌ بێهبه‌هان تێپه‌ڕ بوو و گه‌یشته‌ دێهده‌شت و كۆ‌هگیلویه‌ و بویه‌رئه‌حمه‌د. هه‌ر به‌خاتری ئه‌م كه‌مته‌رخه‌میانه‌، باروودۆخه‌كه‌ وای لێهاتووه‌ كه‌ ئیتر كه‌س ناتوانێ هیچ كارێكی له‌گه‌ڵ بكات. لێره‌ له‌ كه‌ره‌سته‌ و كه‌ل و په‌لی كووژاندنه‌وه‌ی ئاگر هیچ خه‌به‌رێك نییه‌ و ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دوو ژێنگه‌پارێز و سێ جه‌نگه‌ڵبانی دیكه‌، به‌ نیگه‌رانی و به‌داخه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئاگره‌كه‌”.

ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ خۆبه‌خشانی دانیشتووی ناوچه‌كه‌ و ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ كارمه‌ندانی جه‌نگه‌ڵبانی، له‌ چه‌ند گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ به‌ ده‌ستی به‌تاڵ، ڕۆیشتوونه‌ته‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاگره‌ به‌رینه‌ی كه‌ به‌رده‌وام ته‌شه‌نه‌ ده‌ستێنێ. گه‌رما و كه‌مبوونی كه‌ره‌سته‌ی پێویست بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و چالاكانی ژینگه‌پارێز، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی فیداكارانه‌یان، كارێكی وایان له‌گه‌ڵ ئاگره‌كه‌ پێنه‌كرێت.

ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٨ی جۆزه‌ردان له‌ ناوچه‌ی پارێزراوی خائیز هه‌ڵكه‌وتوو له‌ كۆ‌هگیلویه‌ و بویه‌رئه‌حمه‌د‌ ده‌ستی  پێكرد و له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێردا هه‌موو ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و پاشان به‌ره‌و ئۆستانه‌كانی ئیلام و كوردستان په‌ره‌ی سه‌ند. هه‌زاران بوونه‌وه‌ر كه‌ نه‌سڵه‌كه‌یان خه‌ریكه‌ ده‌فه‌وتێ، له‌ناو ئه‌و ئاگره‌دا به‌ زندوویی سووتان.  هه‌زاران هێكتار له‌ دارستانه سه‌رسه‌وز و جوانه‌كانی زاگرۆس كه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌وای خۆشی ئه‌م ناوچه‌یه‌ن و له‌وه‌ڕگه‌ به‌رینه‌كان كه‌ ڕه‌ونه‌قی ئاژه‌ڵداری به‌وانه‌وه‌ گرێی خواردووه‌، هه‌ر هه‌موویان، له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ سێ ڕۆژدا ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ران. ڕادیۆ و تلێویزیۆن و میدیاكانی كۆماری ئیسلامی به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ هیچ بایه‌خێكی پێبده‌ن، چاویان به‌ره‌و ئه‌و كاره‌ساته‌ ژینگه‌ییه‌ به‌ست و ڕێگه‌یان نه‌دا كه‌ بیروڕای گشتی ئاگاداری پانتایی واقعیی ئه‌م كاره‌ساته‌ بێت.

كووژاندنه‌وه‌ی ئاگرێك به‌و به‌ریناییه‌ ته‌نیا به‌ كه‌ره‌سته‌ی مۆدێرنی ئه‌مڕۆیی له‌وانه‌ فڕۆكه‌ی ئاوپاش ده‌كرێ. سپای پاسداران و ئه‌رته‌شی كۆماری ئیسلامی كه‌ هه‌موو ڕۆژێ له‌ گۆشه‌ و كه‌ناری ئێران ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ مانۆڕدانی پڕ هه‌زینه‌ و زۆر جاریش خۆیان هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرن، كه‌ره‌سته‌ی پێویست‌ بۆ كووژاندنه‌وه‌ی ئاگر ناخه‌نه‌‌ ئیختیار. ئه‌وان كه‌ له‌گه‌ڵ بیستنی چكۆله‌ترین هه‌واڵی خۆپیشاندان و حه‌ره‌كه‌تی ناڕه‌زایه‌تی به‌ خێراترین شێوه‌ بۆ سه‌ركوت كردنی ناڕازیان، خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ شوێنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان‌، له‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژی ڕابردوودا كه‌ ئاگر، دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی غه‌ربی ئێرانی له‌ناو ده‌برد، چكۆله‌ترین كاردانه‌وه‌یان له‌خۆیان نیشان نه‌دا.

له‌ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئییسلامیدا، ژینگه‌ی ئێران، گه‌وره‌ترین و قه‌ره‌بوونه‌كراوه‌ترین خه‌ساره‌ته‌كانی وه‌به‌ركه‌وتووه‌. ئه‌م ڕژیمه‌ نه‌ ته‌نیا ژیانی ئه‌مڕۆی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵكی ئێرانی به‌فیڕۆ داوه‌ و نه‌ته‌نیا ئێرانی كردووه‌ته‌ زیندانێكی گه‌وره‌ بۆ دانیشتووانی، به‌ڵكوو بووه‌ته‌ هۆكاری له‌ناوبردنی ژینگه‌ی نه‌سڵه‌كانی داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ش. له‌ ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌دا به‌هۆی كاری نه‌زانانه‌ و سیاسه‌تی قازانجپه‌رستانه‌ و كرده‌وه‌ی نابه‌رپرسانه‌، ئه‌نباره‌ ئاوییه‌‌كانی ژێر عه‌رزی، به‌تاڵ بوون و ده‌ریاچه‌ و تاڵاوه‌كان ویشك بوون. له‌ ماوه‌ی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا به‌رینایی دارستانه‌كانی ئێران، به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ئه‌نقه‌ست و نه‌زانسته‌ و یان به‌هۆی درووست كردنی باڵاخانه‌ و سه‌یرانگه‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌نانی سه‌روه‌ت و دسه‌ڵات و هه‌روه‌ها سازكردنی خانووبه‌ره‌، به‌ نیوه‌ی خۆی گه‌یشتووه‌. له‌ ماوه‌ی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ٩٠ له‌سه‌دی زینده‌وه‌ری كێویی ئێران له‌ناوچوون. به‌هۆی چالاكیی قازانجپه‌رستانه‌، ئێران له‌ بوار په‌ره‌سه‌ندنی بیابان و له‌ناوچوونی خاكه‌وه‌، پله‌ی یه‌كه‌می جیهانی پێدراوه‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، ساڵانه‌ ٢٨ هه‌زار كه‌س له‌ خه‌ڵكی ئێران به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ پیس بوونی هه‌واوه‌،‌ گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

ئه‌گه‌ر ته‌نیا به‌شێك له‌و میلیاردها دۆلاره‌ی كه‌ هه‌موو ساڵێ ده‌كرێته‌ خه‌رجی پڕۆژه‌ی نه‌زانانه‌ی مووشه‌كی و ئه‌تۆمی و به‌هێزكردنی هێزی سه‌ركوتی خه‌ڵك و ده‌كرێته‌ هه‌زینه‌ی ده‌ست تێوه‌ردان له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و یان هه‌زینه‌ی ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌كانی په‌ره‌پێده‌ری دواكه‌وتوویی و خورافات، خرابایه‌ خزمه‌ت پێشگرتن له‌ له‌ناوچوونی خاك و پاراستنی دارستانه‌كان و ڕێگری له‌ پیس بوونی هه‌وای شاره‌كان، ڕه‌نگبێ هیچكات شایه‌دی كاره‌ساتێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌یكه‌ ئێستا له‌ چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ له‌ غه‌ربی ئێران له‌ ئارادایه‌، نه‌بوایه‌ین. كۆماری ئیسلامی نه‌ته‌نیا ده‌ست ناداته‌ زیندوو كردنه‌وه‌ی دارستانه‌كان، به‌ڵكوو ده‌ست له‌ناو ده‌ستی سه‌رمایه‌داره‌ قازانجپه‌رسته‌كان، به‌ وێران كردنی ژینگه‌، باروودۆخه‌كه‌ له‌وه‌یكه‌ هه‌یه‌ به‌رده‌وام خراپتر ده‌كات. ده‌وڵه‌تێك كه‌ خاوه‌نی یه‌كێك له‌ به‌هێزترین ماشێنه‌ جه‌نگیه‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌ و پتر له‌ یه‌ك ملیۆن هێزی ڕێكخراوی نیزامیی هه‌یه‌، ده‌یتوانی زۆر به‌ ئاسانی به‌ر به‌م ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ بگرێت. ئه‌وه‌ ته‌نیا نموونه‌یه‌كه‌ له‌ تاوانه‌‌ ئاشكراكانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌رحه‌ق به‌ ژینگه‌ی ئێران و ژیانی ئه‌مڕۆی مرۆڤه‌كان و نه‌سڵه‌كانی داهاتوویان. بێ گومان، به‌ بێ هه‌وڵدان بۆ ڕزگاربوون له‌ چنگ ئه‌م ڕژیمه‌، هیوای گه‌یشتن به ژیانێكی ئاسووده‌ و ژینگه‌یه‌كی سالم بێ مانایه‌.