کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لات و ئەرازێل و ئەوباشەکان، یەکگرتووی سرووشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران

 بە پێی هەواڵەکان لەم دوایانەدا لە شاری سەردەشتی کوردستانی ئێران گرووپێک لە لات و ئەرازێل و ئەوباشەکان دەستیان کردووە بە درووست کردنی موزاحمەت بۆ ژنان و کچانی ئەمشارە. دەزگا دەوڵەتییەکان هەتا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان لە ئاست ئەمجۆرە دەستدرێژییانە لە خۆیان نیشان نەداوە. ڕۆژی یەکشەممە ٤ی مانگی ڕەزبەر کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی ئەمشارە لە ناڕەزایەتی بە بێدەنگیی ڕژیم بەرامبەر بەم مەسەلەیە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. لە بەرامبەردا “خوداکەرەمی” دادستانی سەردەشت هۆشداری بە ناڕازیان دابوو کە ئەوانەی وا “کەشی گشتی و ئەمنییەتی شارستان چ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چ بە کۆبوونەوەی نایاسایی تێکدەدەن” سزا دەدرێن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسیی بەکۆمەڵ بۆسەر ژنان و کچان لە هێندێک لە شارەکانی ئێران بڵاوبۆوە بەڵام بەرپرسانی ڕەسمی سزای ئەو کەسانەیان دا کە ئەم ڕاپۆرتانەیان بڵاوکردبۆوە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٩٧ پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر چەند ژن لە شارستانی ئیرانشەهر، محەممەد جەعفەر مۆنتەزێری، دادستانی گشتیی ئێران ڕایگەیاند کە بەشوێن ئەو کەسەوەن کە ئەم هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە.

دیاردەی لاتیگەری و لۆمپەنیسم لە کۆمەڵگای ئێراندا وەک پارازیتێکی کۆمەڵایەتی، لەمێژە بوونی هەیە. بەڵام ئەوەیکە ئەمڕۆ ئەم دیاردەیەی خستووەتە بەرچاو، پەیوەندی سرووشتیی حکوومەتی ئیسلامی، ئاخوندەکان و دەزگای مەزهەبی لەگەڵ لاتەکان و پەیوەندییەکی مێژوویی و ئاڵۆزە کە ئەم دوو توێژە سەربار، ئەنگەل و مفتەخۆرە پێکەوە هەیانە.

لە قۆناغە گرینگە مێژووییەکاندا و لە توندپێچە سیاسییەکاندا ڕۆڵی لات و لۆمپەنەکان دیارتر بووە. بۆ نموونە لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتییەتدا، لاتەکان یەکگرتووی مەشرووعەچیان بوون و شێخ فەزلوڵڵا نوری لەوان دژبە مەشرووتەخوازان کەڵکی وەرگرت. لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووهەم لە جەرەیانی بەنەتەوەیی بوونی سەنعەتی نەوتی ئێران، لاتەکان یەکگرتووی سەرەکیی شای ئێران بوون و دیسان دەزگای ڕووحانییەت بە ڕێبەریی ئایەتوڵڵا کاشانی، لەگەڵ لاتەکانی وەک “شەعبان بی مۆخ” و دارودەستەکەی یەکگرتووانە دژبە دکتور موسەدێق هاتنه‌ مەیدان. لەگەڵ هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زۆرێک لە لاتەکانی سەردەمی شا تۆبەیان کرد و بەکردەوە کەوتنە خزمەت ئاخوندەکانەوە.

لاتەکان وەک ئامرازی سەرکوت لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کەڵکیان لێوەرگیرا و لە نائەمن کردنی کۆمەڵ، هێرش بۆسەر هێزە چەپ و پێشڕەوەکان، ژنان، منداڵان و تازەلاوان دەورونەخشی جیددییان هەیە. لە جەرەیانی ئاخێزە جەماوەرییەکان دژبە ڕژیمی ئیسلامی، ڕێکخستنی لاتەکان لەلایەن هێزە ئەمنی و نیزامییەکان گرینگییەکی زیاتری هەیە و تەنانەت لاتەکان لەناو زیندانەکان و دژبە بەندکراوانی سیاسی ڕۆڵی جیددی دەگێڕن.

لە ساڵی ١٣٥٩دا و لە کاتی شۆڕشی بەناو فەرهەنگی، لۆمپەنەکان ڕۆڵی ئەساسییان لە سەرکوتی خوێندکاراندا بوو و بە قەمەوە هێرشیان دەکردە سەر خۆپیشاندانی ڕێکخراوە سیاسییەکان. لە ساڵەکانی دواتردا مۆرەکانی ناسراو بە “لیباس شەخسییەکان” و یان “ئەنساری حیزبوڵڵا” زیاتر لەم کەسانە پێکهاتن. پژاندنی ئەسید بە دەموچاوی ژنان لە ئیسفەهان لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٣دا بەدەستی ئەم کەسانە کە لە لایەن ئیمام جومعەی شارەوە بەکرێگیرابوون، ئەنجام درا. دەزگا ئەمنییەکان سەرەتا ئەو کەسانە دەستبەسەر دەکەن. پەروەندەکەیان وەکار دەخەن و دواتر بەو مەرجەی کە لە ئەنجامدانی ئەمجۆرە کارانەدا بکەونە خزمەتی ڕژیمەوە، ئازادیان دەکەن.

یەدوڵڵا بەلەدی یەکێک لە لێکۆڵەرانی کرماشانی لە بواری ڕۆڵ و پێگەی لات و لۆمپەنەکان لە ئاستی کۆمەڵ و بەکارهێنانی ئەم توێژە لۆمپەنە لەلایەن حکوومەتەکانی پاشایەتی و ئیسلامییەوە دەنووسێت:

“لات و لۆمپەنەکان ئەگەرچی گەلێک خەسڵەتی هاوبەشیان هەیە، بەڵام هەرکام لەوانە تایبەتمەندییەکیشیان هەیە. لاتەکان بە ناسناوی وەک جاهێل، بێزەن بەهادۆر، ملهوڕ و چەقۆکێش و قەمەکێشیش دەناسرێن. ئەم توێژە لە بەرهەمهێنانی ئابووریدا ڕۆڵێکیان نییە و زۆربەیان لە ڕێگا نایاساییەکانەوە داهاتیان دابین دەکەن. لاتەکان زۆربەیان نەخوێندەوار یان کەم خوێندەوارن. لەسەر جەستەیان یان تەنانەت دەموچاویان جێگای چەقۆ دیارە و ئەوەش بە شانازی و توانای خۆیان دەزانن. زیندانی بوون یەکێک لە ئیفتخارەکانیانە. بۆ خۆیان ناسناوی سەیر و نائاسایی هەڵدەبژێرن. لە بەرامبەر حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامیدا زەبوون و لاواز و ئامرازی دەست بوون و لە بەرامبەر خەڵکیشدا بەردەوام شەراشۆ و توندوتیژ بوون. دیاردەی لات و لۆمپەنەکان وەک هەموو دیاردەیەکی ناو کۆمەڵ سەرچاوەگرتوو لە باروودۆخ و پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووریی زاڵە. هێندێک لە لاوانی بێکار و هەژار و نائاگا، مەیلی شەڕاشۆیی و زۆربێژیان تێدایە و بۆ دابین کردنی هەزینەی ژیان و ناوبانگ دەرکردن، لاتیگەری هەڵدەبژێرن. لاتەکان لەناو خۆیاندا پلەبەندییان هەیە و بە پێی توانای جەستەیی و ژمارەی شەڕەکانیان و نەترس بوونیان لە تێکهەڵچوون و جارەکانی زیندانی چوون و زۆربوونی خاڵکوبی و جێگەی چەقۆ لەسەر جەستەیان دیاری دەکرێت. لاتەکان زیاتر لە ڕێگەی فرۆشی ماددەی هۆشبەر و باجگیری بژێویان دابین دەکەن و هێندێک جار دەوڵەمەندەکان لاتەکان بۆ مەئموورییەتی وەک ترساندنی ڕەقیبان و دوژمنان، چاوترسێن کردنی کەسانێکی تایبەت و تەنانەت وەرگرتنەوەی قەرز لە خەڵک بەکار دێنن”.

بەمجۆرەیە کە لاتەکان بە نائەمن کردنی گەڕەکەکانی شار و دەستدرێژی بۆسەر ژنان و لاوانی کوڕ و کچ، زەربە لە کەشوهەوای ئاسایی و ئەمنی کۆمەڵ دەدەن و خەڵک بەرەوڕووی ئەو کێشانە دەکەنەوە کە بابەتی خەبات دژبە ڕژیم لاواز دەکات. خەبات و خۆڕاگری بەرامبەر بە لاتەکان و بە وشیاری و پێگەناسییەوە ئەم رازێل و ئەوباشانە لەسەر جێی خۆیان دانان، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی خەبات لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی و ئەمن و سالم کردنی زیاتری شوێنی ژیان و کاری خەڵک. چەند سەدەیە ئاخوندەکان و دەزگای مەزهەب پەیوەندییەکی باش و بەرامبەریان لەگەڵ لاتەکان هەیە و هەر دوو توێژە مفتەخۆرەکە قازانجی لێوەردەگرن. بەڵام ئەوەیکە ئەمڕۆ لە کوردستان شایەدین، هێنانە مەیدان و بەهێزکردنی لاتەکانە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوەیە کە پێویستە هەر دوو توێژی مفتەخۆری ئاخوند و لاتەکان لە لایەن جەماوەری خەباتکاری کوردستانەوە وڵامی پێویستیان پێ بدرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-