کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!

نەورۆز و ساڵی تازەتان پیرۆز بێت. ساڵێكی پڕ لە خۆشی و پڕ لە كامەرانی و سەركەوتنتان بۆ ئاواتە خوازین. با لەم نەورۆزەدا و لە یەكەم رۆژی ساڵی نوێدا جارێكی دیكە رێز لە یادی ئازیزترین ئازیزانمان بگرین، ئەوانەی كە سەربەرز ژیان و گیانیان لە پێناوی ئازادی و ژیانی ئاسودە و یەكسان بۆ هەموان بەخت كرد. ستایشی خۆراگری و دڵ گەورەیی بنەماڵە ئازیزەكانیان دەكەین. درود و سڵاو دەنێرین بۆ خەڵكی خۆراگر رۆژاوا كە دەست لە ناودەستی یەك، لە ئازادی و لەدەسكەوتەكانیان و لە حورمەتی ئینسانی خۆیان بەرانبەر بە دەوڵەتی داگیر كەری توركیە و بەكرێگیراوانی دیفاع دەكەن.

ئیمرۆ ئیمە لە سەردەمێكدا دەژین كە هێزی دەست و بازوو و بیر و مێشكی ئینسانی داهێنەر و خوڵقێنەر ئەو جیهانەی لێواولێوی بەرهەمی نوێ و لێواولێوی سەروەت و ئیمكاناتی ئاسودە بۆ ژیان كردوە، بەڵام خولقێنەرانی ئەو سەروەت و نیعمەتە لە بەرهەمی رەنج و كاری خۆیان بێبەشن. بە سەدان میلیون ئینسان، شەوانە بە برسیەتی سەر دەنێنەوە و یان لە سەرەتاییترین ئیمكانات و مافی ئینسانی بێبەشن. شەڕ و كوشتار، ماڵوێرانی و دەربەدەری، بۆتە دیاردەیەكی ئاسایی و هەبونی ئەمنیەتی گیانی و مافی ژیان بۆتە تەنیا ئاواتی بە ملیونەها ئینسان لە گۆشە و كەناری ئەو جیهانە. ئەوە سیمای نیزامی سەرمایەداری سەردەمی ئیمە یە.

لە ئیرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا، هەرچی دیاردەی دزێو و ناشیرینی نیزامی سەرمایەداریە، توند و تیژتر بەربینیان بە كۆمەڵانی خەڵكی ئەو وڵاتە گرتوە. دژواریەكانی بەرێچوونی ژیانی خەڵكی زەحمەتكێش و دەست تەنگ، دەڕە و کەلێنی قووڵی چینایەتی نێوان سەروەت و هەژاری، بێ بەهرەبوونی جەماوەری خەڵك لە خزموتگوزارییە سەرەتاییەكان، بێكاری و بێ ئاسویی لاوان، هەڵاواردن و ستەم، نەبونی ئازادی و پێشێل كردنی سەرەتایی ترین مافی دێموكراتیكی خەڵك، پەرەسەندنی جۆرەها دیاردەی ناشیرنی كۆمەڵایەتی، هەمووی ئەوانە دەستیان داوەتە دەستی یەك و كۆماری ئیسلامی ئیرانیان كردوە بە یەكێك لە دزیوترین رژیمەكانی ئەو سەردەمە. لەم ئیرانەدا ڕژیمێك لە سەركارە كە ئاكار و كردەوەی، سیاسەت و فەلسەفە و بیروبۆچونی، هەمووی مایەی شەرمەزاری بەشەریەتی سەردەمی ئێمەن. 

هەل و مەرجی سیاسی وكۆمەڵایەتی ئەمڕۆی ئێران، ئەوەمان پێدەلێ كە لە لایەكەوە ئەو دۆخە قابیلی تەحەمول نییە و لە لایەیەكی دیكەوە بۆ گوڕانكاری جیدی لە داهاتووی ئێران خەڵكی ئەو وڵاتە ناتوانن بە هیچ هێزێك جگە لە هێزی خۆیان پشت ببەستن. ڕاپەرینی جەماوەری مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە رونی نیشانی دا كە بۆ جەماوەری خەڵك هیوایەك بە گوڕانكاری لە ناوخۆی رژیمەوە نەماوە. خۆشباوەڕی بە ڕزگار بوون لەڕێگای دەست تێوەردانی دەرەكیش لە ئارا دا نییە و ئەزمونی هەموو جیهانیش نیشانیداوە كە ئەگەریش لە ئارادابێ‌، ئامریكا و باقی زلهیزەكان پێیان ناوەتە هەر شوینێك نەك هەر ژیانێكی بەختەوەرانەیان بۆخەڵكی ئەو شۆێنە بە دیاری نەهێناوە، بەڵكوو تاڵانیان كردوە، شەڕ و نائەمنی و كێشە و ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبیان ناوەتەوە، چی دیاردەی كۆنەپەرەستانە كە زەمینە و ئیمكانی هەبووە بوژاندویانەتەوە.

كە وایە ئەگەر بمانەوێ داهاتووی سیاسی ئەو وڵاتە بە هێزی دەست و بازو و بیر و هۆشی خۆمان بونیات بنێینەوە ئەوا دەبێ خۆمان، هەموومان، هەموو هاوچارەنوسان، پێكەوە قۆلی هیمەتی لێ هەڵماڵین.

كرێكارانی ئەو وڵاتە كە قورسایی باری قەیرانی ئابووری ئێستای ئێران بە سەر شانی ئەواندا دەشكێتەوە و لە ژێر هێلی هەژاریدا ئەژین، تەسلیمی ئەو هەلومەرجە زاڵمانەیە نابن كە بە سەریاندا سەپێندراوە، بەڵكوو بەرەو رێكخراو بوون و یەكگرتوویی هەنگاو هەڵدەگرن. ئەو نەفرەتەی كە لە ناخی ژنانی ئەو وڵاتەدا بەرانبەر بە رژیمی ئیسلامی كە پارێزەری دزێوترین ڕواڵەتی ستەمكێشی ڕەگەزیە، پنگی خواردووە، هێزی یەكسانیخواز لەو كۆمەڵگایەدا بە گوڕوتین تر دەكات. لاوانی ئەو وڵاتە كە بە نرخترین ساڵەكانی تەمەنیان پڕە لە نیگەرانی بەرانبەر بە داهاتووی ناڕوونیان و لە خۆشیەكانی ئەم دەورەیەی ژیانیان بێبەشن، جەسورانە تر دێنە مەیدان تا مافی خوراوی سەرەتایی و ئینسانی خویان لە گەروی ئەو ڕژیمە دەربێنن و ئاسۆی ژیانی دوارۆژیان روون كەنەوە. كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی سی و نۆ ساڵەی خەباتی بێ پسانەوەیان زیاتر لە دەوری هێزی ڕادیكاڵ و پێشڕەو كۆدەبنەوە، ئەوانە هەمووی چاوەڕوانی و هیوای ئێمە بۆ ساڵی نوێن. ئەو هیوایە خۆسازدانێكی گورج و گۆڵ تر و تێكۆشانی وشیارانە و ماندوو نەناسانەی، لە هەموو بەرەكانی ئەم نەبەردەدا لێمان دەوێت. تەنیا بە ستراتێژ و تاكتیك و سیاسەتی روون‌ و بە پشت بەستن بە هێزی كرێكاران و زەحمەتكێشان، كە هیچ قازانجێكیان لە پاراستنی ئەو نیزامەدا نییە، چارەنوسی قەیرانی سیاسی و ئابوری ئێستای كۆمەڵگای ئێران لە بەرژەوەندی زۆرینەی دانیشتوانی ئەم كۆمەڵگایە چارە سەر دەبێت و ئاسۆی سەركەوتنی یەكجاری بۆ ئینسانی مافخوراو و چەوساوە و ستەملێكراوی ئەو وڵاتە دەردەكەوێ.

بێگومان، خەڵكی وشیار و تێكۆشەری كوردستان، كە هیوا و ئارەزووەكانی خۆیانیان لە هەموو دەورانی دەسەڵاتی رژێمێكی سەركوتگەر و كۆنەپەرەستدا زیندوو ڕاگرتووە، لە ساڵی تازەدا بۆ پتەوتر كردنی ڕیزەكانی خەباتیان و بۆ بەدیهێنانی ویست و ئامانجەكانیان، دەرفەتی زیاتر وەدەست دێنن.

هاورێیانی تێكۆشەری رێبازی كۆمەڵە لە كوردستان!

هەڵسووڕانی لێبڕاوانەی ئێوە، ئامادەكاری بۆ مێژووی پرشەنگداری داهاتوویە. ئیوە هەر وەكوو تا ئێستا نیشانتان داوە، زامنی بەرەو پێش چوونی سیاسەت و رێبازی كۆمەڵە لە كوردوستانن. با بە پشت بەستن بە ئەزمونەكانی نزیكەی نیو سەدە خەباتی ئاشكرا و نەهێنی كۆمەڵە، لە سەر بنەمای ستراتێژ و سیاسەت و بەرنامەیەكی روون كە كومەڵە لە كوردستان و حیزبی ئێمە لە ئێران هەیەتی، چالاكیەكانمان توند و تۆل تر بكەین. با لە سەرەتای ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆزدا، بەڵێنیمان بۆ خەباتی بێ راڕایی و لێبڕاوانە لە پێناو ئاواتی گیانبەختكردووانی سەربەرزمان، لە پێناو ژیانێكی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش و ریفاە و ئاسودەیی، ئازادی و یەكسانی، دووپات كەینەوە. رێپێوان لەو رێگایەدا بەرەو ئاسۆی روون، زەمانەتی دوارۆژی ڕزگاری و سەرچاوەی ژیانی پڕ لە هیوا و شادی هەر ئەمرۆشمانە. با هەمووان پێكەوە، دەست لە ناو دەستی یەك، ئەو رێگەیە ببڕین.

كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە

رێكخراوی كوردستانی حیزبی كومونیستی ئێران

نەوروزی 1397 ی هەتاوی

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-