ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانی كۆچبه‌ریی له جیهاندایه. ئه‌گه‌ر چی هێشتاش زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی له ئێرانه‌وه كۆچ ده‌كه‌ن، په‌نابه‌رانی سیاسی و ئه‌و لاوانه‌ن كه به شوێن كاردا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام ئێستا ئیتر ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی ڕژیم باس له قه‌یرانی كۆچكردنی دوكتۆر، په‌ره‌ستار، ڕۆژنامه‌وانان و هونه‌رمه‌ندان، وه‌رزشوانان، ده‌رچووانی بلیمه‌تی زانكۆكان و ته‌نانه‌ت خاوه‌ن سه‌رمایه‌كانیش ده‌كه‌ن. ناتوانین ئاماری ڕاست و درووستی كۆچبه‌ره‌كان به ئاسانی به‌ده‌ست بێنین و ئه‌و ئامارانه‌ش كه له‌به‌ر ده‌ستدان، پتر له ٥ ملیۆن كۆچبه‌ر له سه‌رده‌می حكوومه‌تی ئیسلامی‌دا نیشان ده‌ده‌ن.
كۆچبه‌ران و په‌نابه‌رانی سیاسی له ده‌ست سه‌ره‌ڕۆیی، سه‌ركووت، هه‌ڵاواردن، نه‌بوونی هه‌ل و مه‌رجێكی ئینسانی بۆ ژیان، گه‌ڕان به‌دوای ئه‌منییه‌ت و هه‌ل و مه‌رجی ژیانی باشتر بۆخۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان، ئێران جێده‌هێڵن. چوونه‌دره‌وه له وڵات له ڕێگا ناڕه‌سمیه‌كانه‌وه كارێكی گه‌لێگ دژواره. زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه هه‌موو دارونه‌داری خۆیان ده‌فرۆشن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌رجی هه‌ڵاتن و چوونه‌دره‌وه له وڵات دابین بكه‌ن و سه‌دان هه‌زار كه‌س له كۆمه‌ڵگه‌ی كۆچبه‌ران له وڵاته‌كانی هاوسێی ئێران له‌وانه، توركییه، عێراق، گورجستان، هێندوستان، پاكستان و ته‌نانه‌ت ئه‌فغانستانیش له هه‌ل و مه‌رجێكی گه‌لێك ناله‌باردا چاوه‌ڕوانی ڕۆیشتن بۆ وڵاته ڕۆژئاواییه‌كانن. ژماره‌یه‌ك له‌م كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رانه به‌داخه‌وه ناگه‌نه شوێنی مه‌به‌ست و به نوقمبوون له ناو ده‌ریاكان، خۆشاردنه‌وه له‌ژێر ماشێنه قورسه‌كان و ته‌نانه‌ت له یه‌خچاڵی گواستنه‌وه‌ی مه‌واده خۆراكییه‌كان و یان له دارستان و بیابانه‌كاندا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
به‌ڵام به‌شێك له كۆچبه‌ره ئێرانییه‌كان هێزی خوێنده‌وار و پسپۆڕن كه به، به‌ناو هه‌ڵاتنی مێشكه‌كان و نۆخبه‌كانی ڕشته جیاوازه به‌ناوبانگه‌كان ده‌ناسرێن. ته‌نیا له وڵاتی ئا‌مریكا پتر له ٩ هه‌زار دوكتۆری ئێرانی خه‌ریكی كار كردنن. ژماره‌ی پسپۆڕانی ڕشته‌كانی تر به پتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س ده‌خه‌مڵێندرێت. به‌پێی نوێترین هه‌ڵسه‌نگاندنی شیركه‌تی لێكدانه‌وه‌ی داتاكانی “ئیستاتیس“، یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئێرانییه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌لی كۆچكردنیان بۆ بڕه‌خسێت، ئێران به‌جێدێڵن. ئه‌م ڕه‌قمه له نێو لاوان، واته كه‌سانی ١٨ بۆ ٢٩ ساڵ، ٤٩ له‌سه‌ده. شه‌ریفی موقه‌ده‌م ده‌بیری گشتی خانه‌ی په‌ره‌ستار له وتووێژ له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی هه‌مشه‌هری وتویه‌تی: ئاماری كۆچكردنی په‌ره‌ستاران له‌چاو ڕابردوو، ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ له‌سه‌د زیادی كردووه.
ئاماره‌كانی ساڵی ٢٠٢٠، هه‌روه‌ها ده‌ریده‌خه‌ن كه به‌پێی ئاماری “ڕوانگه‌ی كۆچی ئێران” ژوماره‌ی كۆچبه‌رانی ئێرانی له‌م سێ ده‌یه‌ی دواییدا، چوار هێنده به‌رز بۆته‌وه و ته‌نیا له‌یه‌ك ساڵی ڕابردوودا ٣ هه‌زار دوكتۆر ئێرانیان جێهێشتووه.
ڕژیمی ئیسلامی، ئێرانی كردووه به دۆزه‌خێكی واقیعی بۆ به‌شێكی زۆر له دانیشتوانی ئێران. به‌رز بوونه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژه‌ی ڕێژه‌ی كۆچكردوان سه‌رچاوه‌گرتوو له، ئیفلاسی سیاسی، فه‌رهه‌نگی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی به مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له ئێرانه. به ڕووخانی ئه‌م ڕژیمه كۆنه‌په‌ره‌سته ملیۆنان كۆچبه‌ر كه به هۆكاری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ناچار بوون كۆچبكه‌ن، به كۆڵه‌بارێك له ئه‌زموون و ئیمكاناتێكی كه به‌ده‌ستیان هێناوه ده‌توانن له، سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی وڵات و دامه‌زراندنی نیزامێكی ئازاد و به‌رابه‌ر و خۆشبژێوی داهاتوودا، ده‌ور و نه‌خشێكی كاریگه‌ریان هه‌بێت.
كازم موسه‌وی جێگری سه‌رۆكی یه‌كه‌می كومیسیۆنی ئابووری مه‌جلیسی شۆڕای ئیسلامی له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ سایتی “دیده‌بانی” ئێران، وتویه‌تی: كه‌سانێكی كه به‌دوای ئاره‌زوو و ئامانجه تاكه‌كه‌سیه‌كانی خۆیانه‌وه‌ن، وڵاتیتریش هه‌یه، ده‌توانن له ئێران بڕۆن. له وڵام به‌م كۆنه‌په‌ره‌سته دژه خه‌ڵكییه‌دا ده‌بێ بڵێین كه كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان، موعه‌لیمان، خانه‌نشینكراوان، ژنان، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، هونه‌رمه‌ندان و شاعیران، خوێندكاران و مامۆستای زانكۆكان و هیتر…. كه هه‌ر هه‌موویان له ڕژیمی ئیسلامی بێزارن، له ئێران بۆ كوێ و چۆن و بۆچی ده‌بێ بڕۆن؟ ئه‌م وڵاته هی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی و كه‌سێكی كه ده‌بێ له ئێران بڕواته ده‌ره‌وه، ئه‌وا داگیركه‌ران و جینایه‌تكاران و كه‌سانی وه‌ك “كازم موسه‌وین“ كه خه‌ڵكی ئێرانیان تووشی هه‌ژاری و ڕۆژڕه‌شی و بێ مافی كردووه. ئه‌وان ده‌بێ له به‌رده‌م عه‌داڵه‌تی خه‌ڵكی ئێران‌دا موحاكمه بكرێن و سزای شیاویی خۆیان وه‌ربگرن. هه‌روه‌ك چۆن ئێران هی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی نه‌بوو و شا و داروده‌سته‌كه‌ی ناچار بوون له ئێران هه‌ڵبێن، ئه‌م وڵاته هی ئاخوونده دز و گه‌نده‌ڵ و كۆنه‌په‌ره‌سته‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی جینایه‌تكاری ئیسلامی نییه و زۆر دوور نییه ئه‌و ڕۆژه‌ی كه ئه‌و بانده ده‌سه‌ڵاتداره‌ی ئێستای ئێران، له‌ترسی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی سته‌م دیتوو، ناچار ده‌بن له ئێران هه‌ڵبێن و یان له پێناو نزیكه‌ی نیوسه‌ده جینایه‌ت و وه‌حشیگه‌ریدا، تاوانێكی قورس بده‌نه‌وه.