کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كۆماری ئیسلامی ناتوانێ یه‌خه‌ی خۆی له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و كوشتنی ٢٣ كرێكاری ئه‌فغانستانی ده‌رباز كات!

8..

8..

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢ی مه‌ی، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٣ی مانگی گوڵان، هه‌واڵی جه‌نایه‌تێكی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامی سه‌باره‌ت به‌ كرێكارانی ئه‌فغانستانی، له‌ هێندێك له‌ سایت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه‌. به‌ وته‌ی كه‌سانێك كه‌ له‌م هێرشه‌ وه‌حشیانه‌یه‌ی ڕژیم ڕزگاریان بووه‌، ٥٧ كه‌س له‌ كرێكارانی ئه‌فغانستانی كه‌ بۆ كار كردن به‌ره‌و ئێران وه‌ڕێكه‌وتبوون، له‌ سنووری ئه‌م دوو وڵاته‌ له‌ لایه‌ن مه‌رزبانانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و پاشان ئه‌شكه‌نجه‌ دراون و دواتر ئه‌وانیان بردووه‌ته‌ سه‌ر لێواری ڕووباری سنووریی “هری رود” و له‌م ڕووباره‌یان هاویشتوون. وه‌ك ده‌وترێ ٢٣ كه‌سیان له‌م ڕووباره‌دا خنكاون. به‌رپرسانی نه‌خۆشخانه‌ی هه‌رات ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌تا ئێستا ته‌رمی پێنج قوربانیی ئه‌م جه‌نایه‌ته گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.  ڕۆژنامه‌ی “تلووع نیووز” له‌سه‌ر زاری شایه‌تحاڵان نووسیویه‌تی كه‌ هه‌تا ئێستا ته‌نیا ته‌رمی ٧ كه‌س له‌و ٢٣ كه‌سه‌یان له‌ ئاوه‌كه ده‌رهێناوه‌ته‌وه‌ و له‌ چاره‌نووسی باقیه‌كه‌یان هیچ زانیاریه‌ك له‌به‌ر ده‌ست نییه‌. یه‌كێك له‌ ده‌رباز بووانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ به‌ ترسێكی وه‌سف نه‌كراو كه‌ له‌ ڕۆخساری نیشتبوو، به‌م ڕۆژنامه‌یه‌ی وت “ئێمه‌یان برده‌ ئۆردووگاكه‌. كاتژمێر ١ له‌وێ بردیانین و سواری مینی بووسان كردین و به‌ره‌و ده‌ریایان بردین. ڕێگه‌یان نه‌دا له‌و شوێنه‌ی كه‌ ماڵی ئێمه‌ بوو دابه‌زین. ئێمه‌یان برده‌ جێگایه‌ك كه‌ هیچ كه‌سی لێنه‌بوو. ئێمه‌یان دابه‌زاند و فڕێیان داینه‌ ناو ده‌ریاوه‌”.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جار نییه‌ كه‌ مه‌رزبانانی كۆماری ئیسلامی ده‌ست ده‌ده‌نه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كردن و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ و ته‌قه‌ كردن و كوشتنی كرێكاران و په‌نابه‌رانی ئه‌فغانستانی له‌  سه‌ر سنووره‌كان. ساڵی ڕابردووش چه‌ندین و چه‌ند جار، ژماره‌یه‌ك له‌م كرێكارانه‌ له‌ كاتی په‌ڕانه‌وه‌ له‌ سنووره‌كان‌ له‌ لایه‌ن مه‌ئمووره‌كانی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ ته‌قه‌یان لێكرا و كوژران.

تراژێدیی كۆچبه‌ران و په‌نابه‌رانی ئه‌فغانستانی له‌ ئێران، تراژێدیه‌كی زۆر دڵته‌زێنه‌ كه‌ لانیكه‌م مێژووی پتر له‌ چل ساڵ ئاواره‌یی و مردن و بێ ماڵ و حاڵ بوونی ئه‌وانمان وه‌بیر دێنێته‌وه‌. ئه‌وان له‌ سه‌رده‌مێكدا، بوون به‌ قوربانیی شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ٨ ساڵه‌ی نێوان ئێران وعێراق، كاتێك كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ش كۆتایی هات، ئه‌وانیان له‌ كه‌لاوه‌ و وێرانه‌كانی په‌راوێزی شاره‌كاندا نیشته‌جێ كرد. ئه‌وان كاری دژواریان پێكرا و هه‌رزانترین و بێ مافترین به‌شی چینی كرێكاری ئێرانیان پێكهێنا. زۆر جار، خاوه‌نكاران حه‌قده‌سته‌ مه‌مره‌ و مه‌ژیه‌كه‌شیان پێناده‌ن. به‌ركه‌وتووی هیچ كام له‌ یاساكانی كار نین، له‌ دڵی ئه‌و ته‌بلیغاته‌ شوێنیستییه‌ی كه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دا زاڵه‌، هه‌موو جه‌نایه‌تیه‌كیان به‌سه‌ر داهێنان، دواكه‌وتووترین داكۆكیكارانی ڕژیم و سه‌ربازانی بێناوی ئیمامه‌كه‌یان له‌ گیانیان به‌ردران، چادراخه‌كانیان لێ ڕووخاندن، به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی له‌ ڕۆیشتنی منداڵاڵه‌كانیان بۆ مه‌دره‌سه‌، ڕێگریان كرد. پێیان وتن كه‌ مه‌رجی مانه‌وه‌یان له‌ ئێران، په‌یوه‌ست بوونی ئه‌ندامانی پیاوی بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌ به‌ لقه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كۆماری ئیسلامی و به‌شداری كردنیانه‌ له‌ شه‌ڕ و به‌رزه‌ فڕیه‌كانی ڕژیم له‌ عێراق و سووریه‌‌. ئه‌وان كه ‌خۆیان له‌ تاو‌ شه‌ڕی تایفی و ئایینی و داگیركاریی ئیمپریالیسم له‌ ئه‌فغانستان، به‌ ناچار كۆچیان كردبوو، ئه‌مجاره‌یان ده‌بوایه‌ ببانه‌ قوربانیی شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ زلهێزانی ئیمپریالیست و ناوچه‌یی. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ باروودۆخێكدا بوو كه‌ زۆربه‌ی سه‌ران و ڕێبه‌رانی ڕه‌وته‌ كۆنه‌په‌رست و تیرۆریسته‌كانی تاڵه‌بان و ئه‌لقاعیده‌، میوانی ڕێزدار و به‌نرخی كۆماری ئیسلامی بوون.  له‌خۆڕا نه‌بوو كه‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی كوژرانی ئه‌م كرێكارانه‌، تاڵه‌بان به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێك وێڕای ده‌ربڕینی “په‌ژاره‌ بۆ كوژرانی هاووڵاتیان“، هیوایان خواست كه‌ سه‌رانی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ “هاووڵاتیان به‌ پێی ڕوحم و به‌زه‌یی و برایه‌تیی ئیسلامی و بنه‌ماكانی هاوسابوون هه‌ڵسووكه‌وت بكه‌ن“. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش گاڵته‌یه‌كی تاڵ و به‌ژانه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ پتر له‌ چوار ده‌یه‌یه‌‌ له‌ قوربانی خانه‌كانی “برایانی ئیسلامی“دا، دار و نه‌داریان له‌ده‌ست داوه‌. به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌یكه‌ ڕۆژی ڕابردوو نووسینگه‌ی شۆرای ئه‌منیه‌تی ئه‌فغانستان ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا لانیكه‌م ١٧ كه‌سی مه‌ده‌نی كوژراون و ٤٧ی دیكه‌ش بریندار بوون. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌ كاتی واژۆ كرانی ڕێكه‌وتن نامه‌ی نێوان ئه‌مریكا و تاڵه‌بانه‌وه‌، نزیك به‌ ٤٠٠ كه‌سی مه‌ده‌نی كوژراون و ٦٠٠ كه‌سی مه‌ده‌نیی دیكه‌ش به‌هۆی هێرش و بۆمب چاندنه‌كانی تاڵه‌بانه‌وه‌ برینداربوون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش خۆی نوێترین نومایشی “ڕوحم و به‌زه‌یی ئیسلامی“یه‌.

به‌ڵام ڕاستییه‌كی تاڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌فغانستان نزیك به‌ نیو سه‌ده‌یه‌ بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانی هێرش و په‌لاماری هێزه‌ ئیمپریالیسته‌كان و بووه‌ته‌ مه‌یدان قیزه‌ونترین و خوێناوی ترین شه‌ڕ و پێكدادانی هێزه‌ كۆنه‌په‌رسته‌ ئایینیه‌كان. ئیمپریالیسته‌كانی ئه‌مریكا بۆ خستنه‌ده‌ره‌وه‌ی ڕووسه‌كان له‌ ئه‌فغانستان، هه‌زاران جه‌هادیستی ئیسلامیان بار هێنا و ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌فغانستانیان كرد. كێ هه‌یه‌ كه‌ نه‌زانێ پاش ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕووسه‌كان، ئه‌فغانستان بوو به‌ مه‌یدانی هێرش و په‌لاماری هه‌ر ئه‌و جه‌هادیستانه‌ و بوو به‌ فێرگه‌ی ڕاهێنانی تیرۆریسته‌ ئیسلامیه‌كان و له‌ جه‌ره‌یانی لێكهه‌ڵوه‌شانی تاروپۆی كۆمه‌ڵگادا، ئه‌مجاره‌یان تاڵه‌بان كه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی لۆجستیكیی ڕۆژئاوا و پاكستان په‌ره‌وه‌ده‌ كرابوو ده‌بوایه‌ هاتبایه‌ مه‌یدان. سه‌ره‌نجام له‌ ساڵی ٢٠٠١دا، ئیمپریالیسته‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی ڕۆژئاوایی خۆیان، ئه‌و وڵاته‌یه‌یان كاول كارد و “ئازاد كرانی كابۆلیان له‌ چنگ تاڵه‌بان” ڕاگه‌یاند. له‌ ئێستادا و پاش تێپه‌ڕینی ١٨ ساڵ له‌و به‌ناو ئازاد كردنه‌ و كوشتنی نزیك به‌ ٤٠ هه‌زار كه‌سی مه‌ده‌نی و نزیك به‌ ١١٥ هه‌زار هێزی ده‌وڵه‌تیی ئه‌فغانستان، گرووپه‌ تیرۆریسته‌ جۆراوجۆره‌كان، هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ناتۆ و پاش ١٨ مانگ وتووێژی ئاشكرا و نهێنی، ڕێكه‌وتن نامه‌‌ی به‌ناو ئاشتیی له‌ نێوان ئه‌مریكا و تاڵه‌بان له‌ ١٠ مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ دا واژۆ كرا. ئه‌وانه‌ی وا كه‌ به‌ ڕواڵه‌ت ده‌وڵه‌تیه‌كیان له‌ ئه‌فغانستان دامه‌زراندبوو، ته‌نات‌  ئه‌و زه‌حمه‌ته‌یان به‌خۆیان نه‌دا كه‌ ئه‌وان له‌ دانیشتن و ڕێكه‌وتن نامه‌كه‌ی نێوان خۆیان و تاڵه‌باندا، به‌شدار بكه‌ن. هه‌ربۆیه‌ شه‌ڕ و هه‌را و هوریای ئه‌شره‌ف غه‌نی و عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری، بۆ خه‌ڵك زۆر گرینگ نییه‌.  ئه‌وان ئه‌و مۆرانه‌ن كه‌ هه‌موو  كات ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌ كه‌ لابردرێن تا مۆره‌ و ده‌ست نیشانده‌ی نوێ جێگایان بگرنه‌وه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن كه‌رزای بوو به‌ جێنشینی تاڵه‌بان و یان ئه‌شره‌ف غه‌نی به‌ڕواڵه‌ت له‌ جه‌ره‌یانی نومایشێكی هه‌ڵبژاردن دا كه‌ ته‌نانه‌ت ٢٠ له‌سه‌دی خه‌ڵكیش تێیدا به‌شداریان نه‌كرد، ده‌بوایه‌ ببوایه‌‌ جێنشینی كه‌رزای، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ كاتی به‌سه‌ر چووبوو.

له‌ ڕاستیدا، چاره‌نووسی خه‌ڵكی ئه‌فغانستان به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵكی هه‌موو ناوچه‌كه‌وه‌ گرێی خواردووه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به‌ر له‌ هه‌موو شتێك به‌‌ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی و كرانه‌وه‌ی ڕێگا بۆ كۆتایی هێنان به‌ حزووری زلهێزه‌ ئیمپریالیسته‌كان و هه‌موو ڕه‌وته‌ كۆنه‌په‌رست و تیرۆریسته‌ ئیسلامیه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌، گرێ دراوه‌.

بێ گومان، ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ ئێران، عێراق و لۆبنان، وه‌ها ئاسۆیه‌ك ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌.