کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كۆماری ئیسلامی، دوژمنی خه‌ڵك

downwith

كۆماری ئیسلامی یه‌كێك له‌و ده‌گمه‌ن نیزامه‌ سیاسییانه‌ی دنیای ئه‌مڕۆیه‌ كه‌ گشت به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵ، هه‌موو باوه‌ڕه‌ سیاسییه‌كان، هه‌موو كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كان و گشت گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌كانی كردووه‌ته‌ نه‌یار و دوژمنی خۆی.

له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌ر كاری حكوومه‌تی ئیسلامی پتر له‌ چوار ده‌یه‌ له‌مه‌وبه‌ر، سه‌ره‌تا سه‌ركوت و كوشتاری پشتیوانان و كارگێڕانی ڕژیمی پاشایه‌تی ده‌ستیپێكرد و ئه‌وه‌نده‌ی توانیی لێی كوشتن و ماڵ و داراییه‌كانی لێ زه‌وت كردن و ئاخونده‌ ورد و درشته‌كان یه‌ك شه‌وه‌ بوون به‌ كۆشك نشین.

كوردستان، توركه‌مه‌ن سه‌حرا، به‌نده‌ر ئه‌نزه‌لی و كۆمۆنیسته‌كان، شه‌پۆلی دووهه‌می تیرۆر و كوشتار بوون. ڕێبه‌رانی خه‌ڵكی توركه‌مه‌ن سه‌حرایان ئێعدام كرد. خومه‌ینی فه‌رمانی جه‌هادی دژبه‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌ركرد. چل ساڵ كوشتار و سه‌ركوت له‌ كوردستان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌.

ژنان و داسه‌پاندنی بێ مافی به‌سه‌ریاندا، بوو به‌ پێناسه‌ و ده‌لیلی بوونی حكوومه‌تی ئیسلامی. له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا حیجابی ئیجباری و هه‌وڵ بۆ خانه‌نشین كردنیان و پاشان داڕشتنی یاسای كۆنه‌په‌رستانه‌ و له‌ناوبردنی هه‌موو ده‌ستكه‌وتێكی پێشووی ژنان، كه‌وته‌ ده‌ستووری كاره‌وه‌. ئه‌م سه‌ركوته‌ دژبه‌ خۆڕاگریی كه‌م وێنه‌ی ژنان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌ و له‌ ڕاستیدا خه‌بات و خۆڕاگریی ژنان له‌ به‌رامبه‌ر یاسای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و كۆنه‌په‌رستانه‌ی كۆماری ئیسلامی كه‌ ئاپاڕتایدی جنسیی به‌ته‌واو مانایه‌، خاڵی لاوازی ڕژیمی ئیسلامییه‌.

كه‌مینه‌ ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كان و به‌تایبه‌ت به‌هاییه‌كان و خه‌ڵكی كورد، كرانه‌ ئامانج. سه‌ركوتی خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهات. پڕۆژه‌ی ته‌واو عه‌یاری سڕینه‌وه‌ی فیزیكی و سیستماتیكی به‌هاییه‌كان كه‌وته‌ ده‌ستووری كاره‌وه‌ و ته‌نانه‌ت گۆڕستانه‌كانیشیان له‌ ئه‌ماندا نه‌مایه‌وه‌.

كوشتار و سه‌ركوتی كۆمۆنیسته‌كان به‌رده‌وام درێژه‌ی بوو و پاشان لایه‌نگرانی سازمانی موجاهدین كه‌ چه‌ند ساڵێك پشتیوانی حكوومه‌تی ئیسلامی بوون پێیان زیاد بوون و له‌ ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی ئه‌م كوشتاره‌ به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشت و هه‌زاران كه‌س له‌ به‌ندكراوانی سیاسی له‌ زینداندا ئێعدام كران.

ڕژیم كه‌ به‌ واده‌ و به‌ڵێنیی یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ “موسته‌زعه‌فین” هاتبووه‌ سه‌ر كار، كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی گرفتاری هه‌ژاری و بێبه‌شییه‌كی كه‌م وێنه‌ كرد. بێكاری، گرانی، نه‌بوونی ئاو و به‌رق، نه‌بوونی مه‌سكه‌نی گونجاو و سه‌ركوتی ڕێبه‌رانی كرێكاری، دیاریی نیزامی ئیسلامی بۆ جه‌ماوه‌ریی  ملیۆنیی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی ئێران بوو.

زانكۆكان ته‌عتیل و ئیسلامی كران، حه‌وزه‌ مه‌زهه‌بییه‌كان، به‌سه‌ر زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی زانست و فێربووندا زاڵ بوون. سه‌دان مامۆستای زانكۆ ده‌ركران و هه‌زاران خوێندكار ئه‌ستێره‌دار و له‌ خوێندن بێبه‌ری كران.

جیابیران، نووسه‌ران، شاعیران، هونه‌رمه‌ندانی سینه‌ما و تێئاتر و مۆسیقا، هه‌ر هه‌موویان له‌گه‌ڵ گوشاری كه‌مه‌رشكێنی ده‌زگای سانسۆڕ و پشكنینی بیروباوه‌ڕ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ و ژنان له‌ مه‌یدانی ئاواز خوێندن خرانه‌ ده‌ر.

ژینگه‌ی ئێران به‌خاتری سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی وێرانكه‌ری حاكمانی ئیسلامی خرایه‌ سه‌ر لێواری نابوودی و چالاكانی ژینگه‌پارێز به‌ بیانووی بێبنه‌مای سیخوڕی، تیرۆر، ئێعدام و یان زیندانی كران.

ڕۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆكان یه‌ك له‌ دوای یه‌ك داخران، ڕۆژنامه‌وانان خرانه‌ زیندانه‌وه‌ و یان ناچار بوون كۆچ بكه‌ن. كار گه‌یشته‌ جێگایه‌ك كه‌ پاش داخستنی ئه‌م میدیایانه‌، هێرشیان كرده‌ سه‌ر فه‌زای مه‌جازی و ئینتێرنێت و پێنج ملیۆن سایتیان بلۆك كرد.

پارێزه‌رانی سه‌ربه‌خۆ و ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤیان به‌ دوژمنی نیزام پێناسه‌ كرد و شه‌پۆلێك له‌ چالاكانی مافی مرۆڤ و پارێزه‌رانی ئازادیخواز و شه‌ریفیان زیندانی، خانه‌نشین و یان ناچار به‌ جێهێشتنی وڵات كرد.

جووتیاران، ئاژه‌ڵداران، به‌رهه‌مهێنه‌رانی ورد، بازاڕیابانێك كه‌ كاریان له‌ گره‌وی كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ئینتێرنێت و ئه‌رزشی پووڵی سه‌قامگیر دایه‌، به‌ره‌و شكست و نابوودی بران.

خانه‌نشینكراوان كه‌ پێویسته‌ له‌ ئه‌منییه‌ت و ڕێزدا بژین، كرانه‌ توێژی هه‌ژار و زیانهه‌ڵگری كۆمه‌ڵ و چه‌ند ملیۆن له‌م جه‌معییه‌ته‌یان له‌ ته‌مه‌نی به‌ساڵاچووییدا له‌گه‌ڵ كێشه‌ی ده‌روونی و ماددی به‌ره‌وڕوو كرده‌وه‌.

په‌ره‌سه‌ندنی ئێعتیاد و له‌شفرۆشی كه‌ بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ملیۆنان كه‌سی گرفتار كردووه‌، به‌شێك له‌ تراژێدیی حكوومه‌تی ئیسلامییه‌.

له‌ بواری ناوخۆییدا هیچ به‌شێك له‌ وڵات له‌ ئه‌ماندا نه‌مایه‌وه‌. شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق، شه‌ڕ دژبه‌ خه‌ڵكی كوردستان، كوشتاری كۆڵبه‌ران له‌ كوردستان و سووختبه‌ران له‌ به‌لووچستان، چاندنی ملیۆنان مین له‌ ناوچه سنوورییه‌كانی ڕۆژئاوای ئێران و برینداربوون و كوژران له‌ شوێنی كار و ژیان، ناچاركردنی پتر له‌ ٥ ملیۆن مرۆڤ به‌ كۆچ كردن له‌ ئێران، به‌شێكی چكۆله‌ له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تی ئیسلامییه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا.

له‌ بواری ده‌ره‌وه‌شدا، هه‌نارده‌ كردنی تیرۆریسم و كلتووری دواكه‌وتووانه‌ی شیعه‌ به‌ ڕه‌وایه‌تی ڕژیم، په‌ره‌پێدان به‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ چه‌ند وڵات و وه‌ڕێخستنی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ درێژه‌ی سیاسه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانی ڕژیم، ژیانی خه‌ڵكی ئێرانی ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ دژوارتر كرد‌.

حكوومه‌ته‌ باوه‌كانی بۆرژوایی  هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و له‌و ڕێگه‌وه‌ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕژیمی ئیسلامی هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی هاتنه‌ سه‌ر كارییه‌وه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ كه‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌ ١٦ پارێزگا و ده‌یان شارستانی ئێران هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌، به‌رده‌وام ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی په‌ره‌پێداوه‌ و ئه‌مڕۆ ئیتر بێجگه‌له‌ ده‌ – پانزده‌ له‌سه‌د له‌ جه‌معییه‌تی ئێران كه‌ ڕانته‌ حكوومه‌تیه‌كانیان له‌ ئیختیار دایه‌، هیچ به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵیان نین و یان خوازیاری له‌ناوچوون و ڕووخاندنی حكوومه‌تی ئیسلامین.

چوار ده‌یه‌ خۆڕاگری و خه‌باتی خه‌ڵكی ئێران له‌ به‌رامبه‌ر ڕژیمی ئیسلامی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات كه‌ ڕووخاندنی حكوومه‌تی ئیسلامی وه‌دی بێنێت. خه‌ڵك به‌درووستی به‌وه‌ گه‌یشتوون كه‌ درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ئیسلامی، به‌مانای برسییه‌تی و بێكاری، زه‌وت كرانی سه‌ره‌تاییترین مافه‌ ئینسانییه‌كان، له‌ناوچوونی ژینگه‌، دواكه‌وتن له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و ئه‌و ڕژیمه‌ دوژمنی خه‌ڵكه‌.