کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كۆرۆنا و منداڵانی كار

96 06 c22 582

96 06 c22 582

ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی جیهانیی كار به‌ بۆنه‌ی ١٢ی ژۆئه‌ن، ڕۆژی جیهانیی خه‌بات له‌دژی كاری منداڵان، له‌ ئاست ژماره‌ی منداڵانی كار و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ له‌ ده‌وره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا هه‌ڕه‌شه‌ له‌و منداڵانه‌ ده‌كات، هۆشداری داوه‌. ئه‌م ڕێكخراوه‌ باس له‌ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٦٠ ملیۆنیی ژماره‌ی منداڵانی كار، به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری له‌ جیهاندا، ده‌كات. هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕۆژنامه‌كانی چاپی تاران، ڕاپۆرت و بابه‌تی جۆراوجۆریان به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی ڕێگری له‌ كاری منداڵان نووسیوه‌. ئه‌گه‌رچی له‌و بابه‌تانه‌دا له‌‌ئانقه‌ست هه‌وڵ دراوه‌ كه‌ پانتایی واقعیی كاری منداڵان و هه‌ژاریی بنه‌ماڵه‌كان كه‌م نیشان بده‌ن، به‌ڵام له‌ لابه‌لای هه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌شدا، ده‌توانین به‌وه‌ بگه‌ین كه‌ حاڵ و ڕۆژی منداڵانی كار له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنادا، له‌ چ باروودۆخێكی مه‌ترسیدار دایه‌.

ڕۆژنامه‌ی ئافتابی یه‌زد نووسیویه‌تی: به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ كۆرۆنا، هه‌موو شتێك له‌ وڵاتدا گۆڕدرا و منداڵانی كاریش له‌و گۆڕانه‌ بێ به‌ش نه‌بوون. داخرانی كارگاكان بوو به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ زۆرێك له‌و منداڵانه‌ی كه‌ تا دوێنێ له‌ كارگاكاندا كاریان ده‌كرد، ناچار بن كاره‌كانیان بگۆڕن و له‌ ئاست شه‌قامه‌كانی شاره‌كاندا كاری دیكه‌ ده‌ستپێبكه‌ن، تا بتوانن بژێوی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یانی پێ دابین بكه‌ن. ڕۆژنامه‌ی هه‌مشه‌هری باس له‌ منداڵانی زبڵگه‌ڕ ده‌كات و ئه‌نجومه‌نی دیفاع له‌ مافی منداڵان، ده‌ڵێت:  “١٤ هه‌زار منداڵی زبڵگه‌ر له‌ تاراندا بوونیان هه‌یه‌”.

ڕۆژنامه‌ی “ئافتابی ئیقتسادی” نووسیویه‌تی: كۆرۆنا و دواهاته‌كانی، پتر له‌ هه‌مووان ژیان و چاره‌نووسی بێ دیفاعترین گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كردووه‌ته‌ ئامانج. منداڵانی كار له‌ ئێران له‌و زومره‌یه‌ن. هه‌م ژماره‌ی منداڵانی كار زیادی كردووه‌ و هه‌م ژماره‌ی منداڵانی تووش بوو به‌ كۆرۆنا. هه‌واڵنێریی ئیلنا نووسیویه‌تی: “كۆرۆنا، ژماره‌یه‌كی زیاتری له‌ منداڵانی كار ڕه‌وانه‌ی‌ بازاری كار كردووه“‌.

ڕژیمی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ ئێران، یه‌كێك ناحه‌زترین سیماكانی نیزامی سه‌رمایه‌دارییه‌ له‌ هه‌ڵسووكه‌وت كردنی له‌گه‌ڵ منداڵان و كاری منداڵان. له‌ ئێران هیچ جۆره‌ ئامارێكی باوه‌ڕپێكراو و واقعی سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی منداڵانی كار له‌به‌ر ده‌ست دا نییه‌. ئاماره‌ ڕه‌سمیه‌كان له‌ ئێران باس له‌ بوونی ٢ ملیۆن منداڵی كار ده‌كه‌ن. به‌ڵام، به‌ پێی ئاماره‌ ناڕه‌سمیه‌كان، ژماره‌ی منداڵانی كار، ٧ ملیۆن منداڵی ژێر ته‌مه‌نی ١٥ ساڵ به‌رئاورد كراوه‌. شه‌پۆلی منداڵانی كار له‌ ئێران له‌سه‌ر سیمای شاره‌كان به‌تایبه‌ت شاره‌ گه‌وره‌كانی ئێران به‌ ڕوونی ده‌بیندرێ.

سه‌دان ملیۆن منداڵ له‌ جیهان دا له‌ باروودۆخێكی یه‌كجار نائینسانانه‌ و مه‌ترسیداردا، شان به‌ شانی گه‌وره‌كان، خه‌ریكی كاری پیشه‌یین. منداڵان له‌به‌رچاوی گه‌وره‌ساڵان له‌ باروودۆخێكی كۆیله‌ئاسادا له‌ كارخانه‌، مه‌زرا، مه‌عده‌ن، سه‌رشه‌قام، چوارڕا و مه‌یدانه‌كان و باقیی ناوه‌نده‌كانی كار و ته‌نانه‌ت له‌و بۆنگا و ناوه‌ندانه‌ی كه‌ ئینسانه‌كان ناچار به‌ له‌شفرۆشی و فرۆشتنی ئه‌ندامانی له‌ش و كاری قاچاخ ده‌كرێن، خه‌ریكی كارن.

ئه‌گه‌رچی، هه‌ر چه‌ند وه‌خت جارێك، ڕێكخراوی جیهانیی كار، چه‌ند ئامارێك سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی منداڵانی كار له‌ ئاست جیهانیدا بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م ئامارانه‌ ناتوانن ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وه‌یكه له‌م بواره‌دا‌ له‌ جه‌ره‌یان دایه‌، نیشان بده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ زانیاریه‌كانی ڕێكخراوی جیهانیی كار، سه‌رچاوه‌گرتوو له‌و ئامارانه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی ئه‌م ڕێكخراوه‌ ده‌یخه‌نه‌ ئیختیاری. زۆرێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌كان، ئاماری جێگای متمانه‌ سه‌باره‌ت به‌ منداڵانی كارێك كه‌ خه‌ریكی كاری پیشه‌یین و به‌شێوه‌ی ته‌واو وه‌خت سه‌رقاڵی كارن، بڵاوناكه‌نه‌وه‌. له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ ئاماری ده‌یان ملیۆن منداڵی كار له‌ ناوه‌نده‌ كرێكاریه‌كاندا تۆمار ناكرێت و به‌شێوه‌ی نایاسایی و ڕه‌ش كاریان پێده‌كرێ، ژماره‌ی منداڵانی كار یه‌كجار زۆرتره‌ له‌و ڕێژه‌یه‌ی كه‌ له‌ ئاماره‌كاندا ده‌یبینین. سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه‌، ڕێكخراوی جیهانیی كار باسی له‌ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٦٠ ملیۆنیی منداڵانی ژێر ته‌مه‌نی ١٧ ساڵ له‌ باروودۆخی كۆرۆناییدا كردووه‌. منداڵانی كار و منداڵانی سه‌رشه‌قام به‌رهه‌م و قوربانیی هه‌ژاری و بێكاری و ئاسه‌واره‌كانی واته‌ ئێعتیادی دایكان و باوكان و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كانن. ئه‌وان به‌ناچار بوونه‌ته‌ نان ده‌رهێنه‌ره‌ بچووكه‌كانی بنه‌ماڵه‌. ئه‌وان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌ریكی ده‌ستفرۆشی و پیشه‌ی هاوشێوه‌ن و یان له‌ناو كووره‌كاندا، له‌ ده‌خمه‌ و ژێرخانه‌كانی فه‌ڕش كردن، كارگاكان و ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تیه‌ نائه‌منه‌كان و له‌ گه‌لێك شوێنی دیكه‌ی له‌مجۆره‌، له‌به‌رده‌م له‌ناوچوون دان. ئه‌م منداڵانه‌ كه‌ ڕۆڵه‌ی كرێكارانن، خۆشیان كرێكارێكی چكۆله‌ن كه‌ به‌ژانی بێبه‌شیه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. ئه‌وان به‌ته‌نیا له‌ خوێندن بێبه‌ش نین. ئه‌وان به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م تووش بوون به‌ ئێعتیاد و نه‌خۆیشی جه‌سته‌یی و ده‌روونی دان و گه‌لێك گرووپی جه‌نایه‌تكار، له‌وانه‌ فرۆشیارانی مه‌وادی موخه‌دیر داویان بۆ ناونه‌ته‌‌وه‌.

له‌ زۆرێك له‌ كارگا و كارخانه‌كانی سه‌ربه‌ سپای پاسداران و سه‌ربه‌ كۆمیته‌ی ئیمدادی خۆمه‌ینی، به‌سیجی مۆسته‌زعه‌فین و له‌ پیشه‌ ماڵیه‌كان و گه‌ڵاڵه‌كانی وه‌ستا – شاگردیی سه‌ر‌به‌و ناوه‌ندانه‌، كار به‌ منداڵان ده‌كه‌ن و بێبه‌زه‌یانه‌ شیره‌ی گیانیان هه‌ڵده‌مژن. له‌و نێوه‌دا، ناوچه‌ په‌راوێز نشینه‌كانی ئێران له‌وانه‌ ئۆستانه‌كانی كوردستان، ئازه‌ربایجانی غه‌ربی، كرماشان، سیستان و به‌لووچستان و خووزستان له‌ بوار به‌كارهێنانی هێزی كاری منداڵانی ژێر ته‌مه‌نی ١٥ ساڵ له‌ لایه‌ن ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی كه‌ باسیان لێكرا، یه‌كجار زیاتره‌. هه‌روه‌ها، توندبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری له‌ناو بنه‌ماڵه‌ كرێكاری و په‌نابه‌رانی دانیشتووی ئێران، ملیۆنان منداڵی ئه‌م خه‌ڵكه،‌ ڕۆژانه،‌ ڕه‌وانه‌ی بازاڕی كار و سه‌رشه‌قامه‌كان ده‌كات و ئه‌وان له‌ دونیای منداڵانه‌یان بێبه‌ری ده‌كات و به‌ربه‌ گه‌شه‌ی سرووشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و جه‌سته‌ییان ده‌گرێت. ئاشكرایه‌ كه‌ منداڵان خۆیان له‌ پێگه‌یه‌ك دانین كه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان دژبه‌م باروودۆخه‌‌ دژه‌ ئینسانیه‌ی كه‌ به‌سه‌ریان دا سه‌پاوه‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌. ڕزگاریی منداڵان له‌ چنگ ئه‌و ڕژیمه‌ سیاسیه‌ و ئه‌و نیزامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه‌ به‌مجۆره‌ شیره‌ی گیانیان هه‌ڵده‌مژێ، له‌ گره‌وی ئه‌وه‌ دایه‌ كه‌ گه‌وره‌ساڵانی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێكراو یارمه‌تیده‌ریان بن.