ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٧ی مانگی گوڵان، بنه‌ماڵه و خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئیزه به كۆبوونه‌وه له‌سه مه‌زاری گیانبه‌ختكردووی ڕێگای ئازادی “حامید سه‌له‌حشوور” ڕێزیان له یاد و بیره‌وه‌رییه‌كانی گرت.
به‌پێی ئه‌و گرته‌ویدیۆیانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دا بڵاو كراوه‌ته‌وه، بنه‌ماڵه‌ی “حامید سه‌له‌حشوور” هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئازادیخوازانی ئه‌و شاره به كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر گڵكۆی ئه‌و گیانبه‌ختكردووه وێڕای ڕێزلێنان له یادی ته‌واوی قوربانیانی شۆڕشی “ژینا” په‌یمانیان له‌گه‌ڵ ئاواته‌كانیان نوێ كرده‌وه. به‌شداربووان خوازیاری ئازادی “مه‌هسا ئه‌حمه‌دی” هاوژینی ده‌ستبه‌سه‌ركراوی ئه‌و گیانبه‌ختكردووه بوون كه ماوه‌یه‌ك له‌وه‌پێش له‌لایه‌ن ناونده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕاگوێزی زیندانی “سپیدار”ی ئه‌هواز كرابوو.