کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كایه‌ی قیزه‌ونی سیاسی له‌سه‌ر چاره‌نووسی په‌نابه‌ران

r 768x622 1

r 768x622 1

قه‌یرانی په‌نابه‌ران بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ سنووره‌كانی یه‌كیه‌تی ئۆرووپا له‌گه‌ڵ توركییه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌. ده‌وڵه‌تی توركییه‌ بۆ خستنه‌ ژێر گوشاری ده‌وڵه‌ته‌ ئۆرووپاییه‌كان و وه‌رگرتنی پوانی ئابووری سیاسی له‌وان، چه‌ند ڕۆژێكه‌ سنووره‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا به‌سه‌ر په‌ناپه‌راندا كردووه‌ته‌وه‌. له‌ ئێستادا به‌ ده‌یان هه‌زار په‌نابه‌ر كه‌ زۆربه‌یان له‌ مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕی سووریه‌ و بۆ ده‌رباز كردنی گیانی خۆیان له‌ ئاگری شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ هه‌ڵاتوون، له‌ سنووره‌كانی توركییه‌ و یونان و بۆڵغارستان كۆبوونه‌ته‌وه‌. ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ كایه‌كی مه‌گباردا سواری به‌له‌مه‌ بادیه‌كان بوون و خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ یونان. ڕۆژ نییه‌ میدیاكان دیمه‌نێكی ژاناوی له‌ باروودۆخی ناله‌باری ئه‌و په‌ناپه‌رانه‌ بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌. شایه‌تحاڵان باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ڕۆژی ڕابردوو دوو منداڵ به‌هۆی گازی فرمێسك ڕێژی پۆلیسی یونان خه‌فه‌ بوون. ده‌وڵه‌تی یونان به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای ناسراو به‌ “كۆنوانسیۆنی ١٩٥١ی ژێنۆ” كه‌ خۆی له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه‌‌ كه‌ ئیمزای كردووه‌، ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ هیچ داواكاریه‌ك بۆ په‌نابه‌ر بوون قه‌بووڵ ناكات.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ وتووێژی ئاشكرا و شاراوه‌ی نێوان نوێنه‌رانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركییه سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی په‌نابه‌ران دستی پێكردووه‌. هه‌موو نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ سه‌ره‌نجام ڕێكه‌وتن ده‌كرێت و ده‌وڵه‌تی توركییه‌ له‌و موعامه‌له‌یه‌دا به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ كارتی په‌نابه‌ران، لانیكه‌م به‌شێك له‌ ئیمتیازه‌ دڵخوازه‌كانی خۆی به‌ده‌ست دێنێ. هه‌ربۆیه‌ جارێ تا كاتێك كه‌ وتووێژی باجگیریی خۆی به‌سه‌ره‌نجام نه‌گه‌یاندووه‌،  به‌ربه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ده‌گرێت و پاشان ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌شیان پێده‌دا‌. به‌مجۆره‌ بۆ جارێكی دیكه‌ چاره‌نووسی په‌ناخوازان له‌ كایه‌یه‌كی قیزه‌ونی سیاسیدا، بوو به‌ ئامرازی موعامه‌له‌ی نێوان ئه‌ردۆغان و یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا.

ده‌وڵه‌تی توركییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ڕێگای بۆ په‌نابه‌رانی سووری به‌ره‌و سنووره‌كانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا كردووه‌ته‌وه‌، له‌ ڕاستیدا هیچ هه‌زینه‌یه‌ك له‌ توركییه‌ بۆ په‌نابه‌ران ناكا. به‌شێك له‌و په‌نابه‌رانه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی مه‌زنی هێزی كاری ئه‌رزان له‌و وڵاته‌ و به‌ سه‌ختی ده‌چه‌وسێنه‌وه‌ و هیچ حقووقێكیشیان وه‌ك په‌نابه‌ر پێنادرێ. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ به‌ده‌ر له‌ یارمه‌تیه‌ ڕووتینه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌ناخوازان له‌ توركییه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ملا ده‌وڵه‌تی توركییه‌ ملیاردها یۆرۆی وه‌ك حه‌قی ڕێگری له‌ په‌نابه‌ران له‌ ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی وه‌گرتووه‌. سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه‌، كه‌متر په‌نابه‌رێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵسووكه‌وتی نامرۆڤانه‌ی پۆلیسی توركییه‌، بیره‌وه‌ریه‌كی تاڵی نه‌بێت. سووكایه‌تی و په‌لاماردان و لێدان له‌ به‌رامبه‌ر چكۆله‌ترین ناڕه‌زایه‌تیدا، برسیتی چێشتن، نه‌بوونی ئیمكاناتی پزیشكی و ده‌رمانی، بێبه‌ری بوون له‌ كه‌مترین ئیمكاناتی پاراستنی منداڵان، سیمای ڕاسته‌قینه‌ی كه‌مپه‌كانی سووری و غه‌یره‌ سووریی له‌ توركییه‌ پێكهێناوه‌.

هه‌ر دوو به‌ری ئه‌و موعامه‌له‌ قیزه‌ونه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ پێكیان هێناوه‌ كه‌ هیچ بایه‌خێك بۆ  ئه‌خلاق و به‌ها ئینسانیه‌كان دانانێن و جگه له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری هیچ شتێكیتر به‌لایانه‌وه‌ گرینگ نییه‌. ده‌وڵه‌ته‌ ئۆرووپاییه‌كان كه‌ به‌مجۆره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا بوونه‌ته‌ ڕێگری په‌نابه‌ران، خۆیان هۆكاری خوڵقانی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ن كه‌ له‌و ناوچانه‌دا له‌ ئارادایه‌. ئه‌وان خوڵقێنه‌ری باروودۆخێكن كه‌ تێیدا ملیۆنان ئینسان بۆ دیتنه‌وه‌ی شوێنێكی ئه‌من بۆ زیندوو مانه‌وه‌، ناچار ده‌بن گیانی خۆیان به‌ شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا بسپێرن. ئه‌وان هۆكاری برسێتی و هه‌ژاری و بێكاری و داواكه‌وتوویین له‌ ناوچه‌ بێبه‌شه‌كانی جیهان. داگیركه‌رانی ئۆرووپایی هه‌تا توانیان سه‌روه‌تی سرووشتیی ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان به‌ تاڵان برد و كاتێكش كه‌ له‌وێ ڕۆیشتن، له‌ پاش خۆیان به‌ده‌یان زیانی ژاناویی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناكۆكیی قه‌ومی و ئایینیان جێهێشت. هه‌تا توانیان به‌‌ كاری ئه‌رزانی ئه‌وان له‌ وڵاته‌ ئۆرووپاییه‌كان سه‌رمایه‌یان كه‌ڵه‌كه‌ كرد و تا به ‌ئه‌مڕۆش سه‌روه‌تی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ره‌و ئۆرووپا ده‌ڕوات، به‌ڵام ئه‌وان له‌ پێناو ئه‌و باروودۆخه‌ فه‌لاكه‌تباره‌ی كه‌ به‌سه‌ر ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌دا سه‌پاوه‌، هیچ به‌رپرسایه‌تیه‌ك وه‌ئه‌ستۆ ناگرن. ئه‌و ئینسانانه‌ی كه‌ هه‌موو ڕۆژێ هه‌واڵی قوربانی بوونی ژوماره‌یه‌كی دیكه‌یان له‌ ئاوه‌كانی مه‌دیته‌رانه‌ و ئێژه‌دا ده‌بیستین، ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتی خۆیان كار و ئه‌منیه‌تیان بوایه‌، ئه‌گه‌ر ئاسۆیه‌كی ڕوونیان بۆ داهاتوو له‌به‌رچاو بوایه‌، ئه‌گه‌ر له‌ژێر گوشاری پولیسی سیاسیدا گیان و ئه‌منیه‌تیان نه‌كه‌وتبایه‌ مه‌ترسیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر  كاره‌ساتی شه‌ڕی داسه‌پاو به‌سه‌ریاندا نه‌باریبایه‌، بۆ چی خۆیان به‌مجۆره‌ به‌ ده‌ریا داده‌دا و گیانی خۆیان ده‌دایه‌ ده‌ست شه‌پۆل و گێژاوه‌كان؟ بۆچی سووكایه‌تیی ڕۆژانه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستان و ده‌وڵه‌تانی پشتیوانی ئه‌وانیان له‌ ئۆرووپا و ئۆسترالیا و ئه‌مریكا ته‌حه‌مول ده‌كرد؟ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ حه‌قیانه‌ كه‌ له‌ وڵاته‌تی خۆیاندا ئه‌منیه‌ت و ڕه‌فاه و ئازادیان بێت، مافی خۆیانه‌ كه‌ هه‌تا ڕوو ده‌كه‌نه‌ وڵاتێكی تر،  ئینسانانه‌ و وه‌ك هاووڵاتیه‌كی یه‌كسان، له‌گه‌ڵیان هه‌ڵسووكه‌وت بكرێ، نه‌ك ئه‌وه‌یكه‌ ژیانیان به‌ بارمته‌ بگرن و له‌سه‌ر مافه‌ ئینسانیه‌كانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی شوێنیست و جه‌نایه‌تكاری وه‌ك توركییه‌ موعامله‌ و به‌ند و به‌ست ئه‌نجام بدرێت.