کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەیرانی شۆڕشگێڕانە لە قەزاقستان و ڕۆڵی چینی کرێکار

لە وڵاتی قەزاقستان، هەڵکەوتوو لە ئاسیای ناوەند و لە دراوسێتیی ڕووسیە و چین، قەیرانێکی شوڕشگێڕانە و ئاخێزێکی ڕاستەقینەی جەماوەری لە ئارادایە. ڕۆژی سێشەممە ۱۱ی مانگی ژانویە، “قاسم تۆکایۆف” سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتییەکان تەواو بوون و سەرۆک وەزیرانی نوێی ناساندە پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانیش دەنگی متمانەیان پێ دا. بەڵام ئەم شانۆیە، کرێکاران و خەڵکی ناڕازیی ئارام نەکردوە.

قەزاقستان وڵاتێکی گەورەیە کە لە بواری سەرچاوە ژێرزەمینیەکان دەوڵەمەندەو زەوییەکانی بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ گونجاوە. ئەم وڵاتە خاوەن دووهەمین پاشەکەوتی ئۆرانیۆم لە جیهاندایە و بەشێوەی  خاو و پیتێندراو بۆ ڕووسیە و وڵاتانی ئەورووپا هەناردەی دەکات. ئەم وڵاتە لە بواری پاشەکەوتی نەوتیی لە ئاستی جیهاندا پلەی یازدەهەمی بە خۆی تەرخانکردووە و خاوەن سەرچاوەی بەرینی گازە. قەزاقستان کە تا ساڵی ١٩٩١ ویلایەتێک لە ١٥ ویلایەتەکانی سۆڤیەت پێشوو بوو، خاوەنی هێزی کاری بە ئەزموون و شارەزایە کە ئابوورییەکی بەهێزیان بو ئەو وڵاتە بەرهەم هێناوە. بەڵام زۆربەی ئەو سەرمایە گەورەیە کە لە لایەن کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرهەم هێنراون لە ژێر دیکتاتۆری “نوورسوڵتان نەزەربایۆف”  چووەتە  گیرفانی ئەندامانی بنەماڵەکەی و ئەوانەی کە لە بنەماڵەکەیەوە نزیکن. “نەزەربایۆف” دوو ساڵ پێش ئێستا لە سەر ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک دژبە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات  بەڕواڵەت لابرا، بەڵام لە ڕێگەی بەدەستەوەگرتنی ناوەندی سەربازی، ئەمنیەتی و زانیاری دەوڵەتێکی شاراوەی درووست کرد. دەوترێت کە ناوبراو زیاتر لە یەک ملیارد دۆلار سەرمایەی هەیە. “نەزەربایۆف” یەکێک لە شوێنکەوتووە گەندەڵەکانی بە ناوی “قاسم تۆکایۆف”ی سەرۆک کۆماری ئێستای خستە شوێنەکەی خۆی بەڵام لە پشتەوە و بە شێوەی نهێنی وڵاتی قەزاقستانی بەڕێوە دەبرد. لە ئێستادا ڕوون بووەتەوە کە شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی تەنیا ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی یەک یان دوو کەس نەبووە بەڵکوو بە گشتی سیستەمی ئابووری و سیاسی قەزاقستان ئامانجی ئەو ناڕەزایەتییانەیە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی بزووتنەوەی سوسیالیستی قەزاقستان، کە لە ٩ی ژانویە بڵاو کرایەوە: “ناڕەزایەتیەکان هەر لە سەرەتاوە ماهییەتی  کۆمەڵایەتی و چینایەتییان هەبووە. بەرزبوونەوەی دوو بەرابەری نرخی گاز لە بازاڕی بورس  خەڵکی بە تەواوەتی تووڕە کرد. خەبات لە “ژاناوزن” و بە دەست پێشخەری کرێکارانی نەوت دەستی پێکرد کە بە جۆرێک بووەتە  ناوەندی سیاسیی گشت بزووتنەوە ناڕەزاییەکان. “ئاینوور کورمانۆف” لە ڕێبەڕانی سوسیالیستی ئۆپۆزیسیۆن ڕۆژی ١٦ی بەفرنبار لە وتارێک بە ناوی “شۆڕشی هێمنانە یان هەستانەوەی چینی کرێکار؟” تەئکیدی لە سەر ڕۆڵی چینی کرێکار لە ڕاپەرینەکانی دوایی لەو وڵاتە کردەوە. کرێکارانی قەزاقستان  لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە دەستیان داوەتە دەیان مانگرتنی گەورە و داوای چوونەسەرەوەی حەقدەست، باشتر کردنەوەی باروودۆخی کار کردن و ئازادی پێکهێنانی ناوەندی کرێکاری سەربەخۆ لە دەوڵەتیان، کردووە. لە ساڵی ٢٠١١ “نەزەربایۆف” سەرۆک کۆماری ئەو کاتی قەزاقزستان، فەرمانی تەقەکردن لە کرێکارانی مانگرتووی “ژاناوزن”ی دەرکرد کە لە ئاکامی ئەم فەرمانەدا ١٥ کەس گیانیان بەختکرد و سەدان کەس بریندار کران، بەڵام کرێکاران تەسلیم نەبوون. ئەم خەباتە بووە هۆی چوونەسەرەوەی توانای کرێکاران و دوابەدوای ڕاپەڕینی ٢ی ژانویە کە لە لایەن کرێکارانەوە ڕێکخرابوو زۆربەی ناوچە سەنعەتی و شارەکان بەم خەباتەوە پێوەست بوون. بۆ نموونە ڕۆژی ٤ی ژانویە کرێکارانی نەوتی “تەنگیز ئۆیڵ” دەستیان داوەتە مانگرتن، “تەنگیز ئۆیڵ” لە زنجیرە شیرکەتەکانی “شۆرۆن”ی ئەمریکایە. ئەم گەورە شیرکەتە بە پشتیوانی دەوڵەت لە دیسامبری ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٤٠ هەزار کرێکاری لە سەنایەعی ئەو ناوچەیە لە سەر کار دەرکرد. شەپۆلی بێکار کردنی نوێ پێشبینی دەکرا بەڵام  بە هۆی ئەم ڕاپەڕینەوە بەریان پێگیرا .

خەباتی کرێکاری و جەماوەری پشتیوانی ناوچەکانی دیکەشی لەگەڵە. گرووپی کرێکاران لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکان بۆ گەیاندنی داواکاریەکانیان وەکوو بەرزبوونەوەی سەد لە سەدی حەقدەستەکان، لابردنی گەڵاڵەی بردنەسەرەوەی کوالێتی گاز، باشترکردنەوەی باروودۆخی کار و ئازادی چالاکی ناوەندە کرێکاریەکان بەکارهێنا. لە “ژاناوزن” کرێکاران داخوازی نوێیان پێشکەش کرد: “دەست لە کار کێشانەوەی سەرۆک کۆماری ئێستا و  تەواوی بەرپرسانی سازمانی ئەمنیەتیی “نەزەربایۆف”، بووژاندنەوەی یاسای بنەڕەتی ساڵی ١٩٩٣ و ئازادیەکانی پێکهێنانی حیزب، یەکیەتی کرێکاری، ئازادی زیندانی سیاسی و کۆتایی هێنان بە سەرکووت.”

کرێکاران و ناڕازیان لە تەواوی ناوچە شارنشینەکان ڕێکخراوگەلێکیان بۆ هیدایەتی خەبات و دابین کردنی پێداویستیی هاووڵاتیان دامەزراند. هەیئەتی دەسەڵاتدار و خودی “تۆکایۆف” لە لایەن ولادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە کە بە تەلەفۆنی تایبەت سەرکووتی خەباتکارانی هیدایەت دەکرد، هان دەدران تا شەمشێر لە ڕووەوە ببەستن. “تۆکایۆف” فەرمانی تەقەکردن بە مەبەستی کوشتنی ناڕازیانی دەرکرد. کوشتنی ناڕازیان لە لایەن پۆلیسەوە بە تایبەتی لە “ئاڵماتی”، دووهەمین شاری گەورەی وڵاتی قەزاقستان ئاگری ناڕەزایەتییەکانی گەشاوەتر کرد. ئەگەرچی پۆلیس بێ بەزەییانە بەرەوڕووی خۆپیشاندەران تەقەی دەکرد، بەڵام بەشێک لە واحیدەکانی ئەرتەش و بەتایبەت سەربازان نە تەنیا بەڕەوڕووی خۆپیشاندەران تەقەیان نەدەکرد بەڵکوو لەگەڵیان هاودەردیشان دەکرد. کوشتنی سەدان خۆپیشاندەر و دەستبەسەر کردنی هەزاران کەس لەوان، خەڵکی تووڕەتر کرد و سەرپێچی سەربازان لە تەقەکردن “تۆکایۆف”ی ترساند. ناوبراو بە ڕاوێژ کردن لەگەڵ پوتین  بۆ ناوچە کرێکاریەکان نرخی بێنزینی هێنایە خوار سەردەمی بەرلە ناڕەزایەتییەکان، کابینە و خودی “نەزەربایۆف” لە سەرکار لابران و ” تۆکایۆف” بەڵینی دا کە داخوازییەکانی خۆپیشاندەران لە بەرچاو دەگرێت. ناوبراو هاوکات داوای هاوکاری لە “ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی کۆمەڵ ” کە لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینی دامەزرا، کرد. کارگێڕانی ئەو ڕێکخراوەش ٢ هەزارو ٣٠٠ هێزی چەکداریان ڕەوانەی قەزاقستان کرد. پوتین و هەیئەتی دەسەڵاتداری قەزاقستان هاوکات لەگەڵ ئەم داگیرکارییە سەربازییە تەبلێغاتی خویان پەرە پێ دەدا و  ئاخێزەکانیان بە پیلانگێڕی ئەمریکا پێناسە کرد. لە حاڵێکدا کە ئەمریکا لە ڕێگای کۆمپانیاکانی “ئێکسۆن مۆبیل” و “شۆرۆن”ەوە سەرمایەگوزاری بەرینی لە مەیدانی نەوت و گازی قەزاقستان کردووه و بە چەوساندنەوەی کرێکاران نەوتی ئەو وڵاتە بە نرخێکی هەرزان بەرهەم دێنێت و هەناردەی دەکات. هەر بۆیە “ئانتۆنی بلینکێن” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ٩ی ژانویە بە کەناڵی “ئەی بی سی” نیووزی وت: “دەوڵەتی قەزاقستان مافی خۆیەتی لە ناوەندەکانی وڵات پارێزگاری بکات.”

ئاخێزی کرێکاران و خەڵکی بێبەش لە قەزاقستان دەتوانێت بۆ کرێکاران و ئەو جەماوەرەی کە تینووی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامین، هەڵگری گەلێک دەرس و ئەزموون بێت. ئەم ئاخێزە نیشانی دا کە لە هەموو ناڕەزایەتیەکاندا چالاکانی کرێکاری و کرێکارانی پێشڕەو لە ئێران کە خاوەنی بەهێزترین بزووتنەوەن لە ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەکەونە سەرووی ئەم ڕاپەڕینانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-