ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژ، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە عێراق بڕیارێکی نوێدا، هەڵگرتنی هەرجورە چەکێکی لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بە تەواوی قەدەغە کردووە.
ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان پەسەند کرا. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئامانج لەم هەنگاوە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و هێشتنەوەی چەکە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدایە. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە توندی هۆشداری دراوەتە ئەو لایەنانەی کە لە دەرەوەی یاساکانی دەوڵەت چەکیان هەڵگرتووە و جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە ڕووبەڕووی حوکمی قەزایی لە لایەن دەوڵەتەوە دەبنەوە.
