کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

فەرهەنگ لۆغەتی ئاوەژوو لە زمانی ئاخوندیدا

 

  ئاخوند حسێن جەلالی، نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی رۆژی یەکشەممە ٦ ی مانگی خاکەلێوە لە شارستانی ئەنار لە ئوستانی کرمان وتویەتی کە:” گەڵاڵەی ناسراو بە” عەفاف و حیجاب” دوای بەڕێوەچوونی ٣٠٠ جەلەسە لەگەڵ شوڕای ئینقلابی فەرهەنگی و شوڕای ئەمنیەتی نەتەوەیی یەکلایی بۆتەوە.” بە وتەی جەلالی لەم گەڵاڵەیەدا، بۆ بە کرداری کردنی حیجابی ئیجباری لە ٧ بەشدا شاملی” نێو ماشێنەکان، نێو شوێنە گشتی و ڕێستوڕانەکان، ئیدارە و ڕێکخراوە دەوڵەتیەکان، ناوەندەکانی ئاموزشی و زانکۆکان و ترمیناڵەکان، فەزای مەجازی سیلیبریتیەکان و سەر شەقام و پیادەڕەوەکان” کۆمەڵێک سزا لەبەرچاو گیراوە. 

بە وتەی ئەم ئاخوندە جەریمەی ٥٠٠ تا ٣ ملیۆن تمەن، باتڵ کردنەوەی ئیجازەی شۆفیری و پاسپۆرت بۆ کەسانی بێ حیجاب، لەوانە وردەکاری ئەم گەڵالەیە کە بۆ” ڕێبەریی و قوەی قەزاییە” نێردراوە و دەبێ دەوڵەت لە یەکدوو حەوتوی داهاتودا لایەحەکەی بێنێت بۆ مەجلیس و دوای پەسند کرانی کرداری بێتەوە. 

جەلالی لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی هەمشەهری جەختی کردەوە کە هیچ چەشنە بەرەوڕوو بوونەوەیەکی فیزیکی لەم تەرحەدا بوونی نییە و بەرەنگار بوونەوەیەک ڕوونادات. ئاگادار کردنەوەی شفاهیش نادرێت. ئەم کارە لە ڕێگای مودیریەتی هۆشمەندەوە ئەنجام ئەدرێت. کردنی ئەم قسانە لە ڕووی داماویەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی بەرین لە ژنانی ئێران بە تایبەت لە تاران و شارەگەورەکان بە کردەوە حیجابی ئیجباریان فڕێداوە و ئازادانە لە شوێنە گشتیەکان هاتوچۆ دەکەن. کاتێک گەشتی بەدناوی ئیڕشادی لە بەرانبەر ژنانی ئازادی خوازدا  ڕیسوا و شکستی خواردو نەیتوانی خۆڕاگری بکات و بە کردەوە لە مەیدان چووە دەرەوە، گەشتی مەجازی و بەناو” هۆشمەندی” ڕژیم لەم بوارەدا چی لەدەست دێت؟ 

بەڵام ئاخوندەکان پسپۆڕن لەوەی کە زمان لە ناوەرۆک داتەکێنن و هەرچیەکیان دەوێ ئاوەژوو، وە بە تەواوەتی ناتەبا و دژ بەیەک نیشان بدەن. بۆ نمونە خۆیان لەشفرۆشی ئیسلامی لەژێر ناوی سیغەیان کردۆتە بازرگانیەکی گەورە، تا ئەو جێگایەی کە ئێستا یەکێک لە هەناردەی حکومەتی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت دوورە دەستیش هەر لەم بوارەدایە. 

دژە ژنی و ئاپارتایدی جنسیەتی لەدژی ژنان نێودەنێن عیفاف. لاتولوتی گەشتی ئیڕشاد و ئاتەش بە ئیختیار، سیخوڕ و ئەشکەنجەگەران بە سەربازانی ئیمامی زەمان و یان جان نسارانی زەینەب ناو دێنن. ئاخوندە نەخوێندەوار و دژە فەرهەنگ و زانستەکان ناو دەنێن عالم و زانا و لەقەبی گاڵتەجاڕانەی وەک بەحرالعلوم، عەلامەی دەهر و هیتر بە شێوەیەکی بەرین لە بارەیانەوە بەکار دەبەن. تەنانەت کار گەیشتۆتە جێگایەک کە بە قوتابخانە سەدە نێوەڕاستیەکانی بارهێنانی تەلەبەکان و کارخانەی بەرهەمهینانی ئاخوند دەڵێن حەوزەی عیلمیە. 

  شەش مانگ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی زەوی لەژێر پێی ئاخوندەکاندا داخ کردوە. ژنان لە شارە گەورەکان حیجابی ئیجبارییان فڕێداوە، لە شایی و خۆشی نەورۆزیدا بە ئاشکرایی لەسەر شەقامەکان دەردەکەون. ڕژیم کە ناتوانێ بارودۆخەکە بگێڕێتەوە بۆ ٦ مانگ لەوە پێش، هەڕەشەی جەریمەی قورسی لە ملیۆنان کەس لە ژنانی ژێر ستەم و بنەماڵەکانیان کردوە و بە کردەوە بە زەوت کردنی مافە سەرەتاییەکانیان وەک بەرگرتن لە شۆفیری کردنیان، سەفەر کردن، وەرگرتنەوەی پاسپۆرت، دەرکردن لەسەر کار و تەنانەت بەرگرتن لە کەڵک وەرگرتن لە خزمەتگوزاری دەرمانی و پزیشکی ڕووبەڕوو کردونەتەوە. 

ئاخوندە کۆنەپەرست و ڕاگەیەنەرە حکومەتیەکان بەسەر ژنان و لاوانی ناڕازیدا دەگوڕێنن و لاتولوتە ئیسلامیەکان بۆ یارمەتیدان بانگەواز دەکەن. بە هەزاران زیندانی سیاسی ناچار بە دانی وەسیقەی قورسی ماڵی کراون و ئێستا سەرانی حکومەتی وەرشکستەی ئیسلامی بیر لەوە دەکەنەوە کە دەست بکەن بە تاڵان کردنی گیرفانی خەڵک لەژێر ناوی درۆینەی عیفاف دا. ڕژیمێک کە لەوپەڕی بێکاری ملیۆنی و گرانی کەمەرشکێندا، خەریکی پارە کێشانەوە لە زیندانیانی سیاسی و ژنانە لەگەڵ هەموو ئەرزش و بایەخە ئینسانیەکانی بەشەریەتی ئەمڕۆدا بێگانەیە. 

ژنان کۆڵەکەی سەرەکی خەبات و خۆڕاگری لە بەرانبەر وەحشیگەری مەزهەبیدان و ئەم پیلانە داماوانەیەی حکومەتیش تێدەشکێنن. ژنان، لاوان، خەڵکی کوردستان، جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرتاسەری ئێران سەرئەنجام ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە توڕ هەڵئەدەنە نێو زبڵدانی مێژوەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-