کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

عەفرینیش دەبێتە کۆبانییەکی دیکە بۆ ئه‌ردۆغان

بەشوێن شکستە یەک بەدوای یەکەکانی تورکییە لە سیاسەت و هاوپێمانێتی نێو خۆیی و دەرەکەیەکانیدا، حەوتووی ڕابردوو ئه‌ردۆغان سەرۆک کۆماری تورکییە لە درێژەی سیاسەتە داگیر کارانە و دخاڵەتگەرانەکانیدا هەڕەش و لەشکرکێشی بۆسەر عەفرین یەکێک لە کانتۆنەکانی کوردستانی سوورییەی ڕاگەیاند. ئەڕتەشی داگیرکەری تورکییە دوای ناردنی هێزی زرێپۆش و تۆپخانە بەرەو سنووری سوورییە لە عەفرین، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی مانگی بەفرانبارەوە دەستی کردووە بە تۆپباران کردنی ئەو شارەو دەوروبەری. ئەم هێرشە وەحشینایە تا ئێستا بۆتە هۆی زەرەروزیانی گیانی و خەسارەتی ماڵی خەڵکی ئەو ناوچەیە. ئه‌ردۆغان ڕۆژی سێشەممە لە سوخەنڕانیەکدا وتی کە ” ڕێگه‌ی نادات لە پاڵ سنوورەکانی تورکییەدا لە نێو خاکی سوورییە گروپە تیرۆریستییەکان بەهێز بکرێن، بە تەبلیغاتی جەنگی ” مه‌نبج و عەفرین دەبێ تەسلیم بن و سبەی یان دوو سبەی هێرش دەکەین” و هەڕەشە دەکات کە شاری عەفرین و باکووری سوورییە داگیر دەکات. کاردانەوەی شێتانەی ئه‌ردۆغان بە تایبەت دوای بەهێز بوونی دەنگۆی پێکهێنانی ئەڕتەشێکی ٣٠ هەزار کەسی لە لایەن ئەمریکاوە لە باکوری سوورییە و بە هاوکاری یەکینەکانی پاراستنی گەل ” ی پ گ” بڵاو بۆوە.17

لە بەرانبەر ئەم هەڕەشە و دەست درێژیە ئاشکرایەی دەوڵەتی تورکییەدا بۆسەر کوردستانی سوورییە، حیزبی یەکێتیی دێمۆکراتیک” پ ی د” کە دەسەڵاتی کانتۆنەکانی کوردستانی سوورییەی بە دەستەوەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ ی مانگی بەفرانبار لە ڕاگەیاندنێکدا وتی کە:” خەڵک لە هەموو شار و دێهاتەکانی کوردستانی ” ڕۆژئاوا” و باکوور و ڕۆژئاوای سوورییە، لە بەرانبەر گشت ئەو کەسانەدا کە هێرش دەکەنە سەر حاکمییەتی مەشروعی خەڵک ڕادەوەستن و بەرەنگاریان دەبنەوە. “سیبان حەمۆ” فەرماندەی ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” یش لە وڵام بە هەڕەشەکانی ئه‌ردۆغان ڕایگەیاند کە ” هێزەکانمان ئامادەی دیفاع لە عەفرینن و لە ئەگەری بەرپابوونی شەڕ، ناوچەکە لە هێزەکانی سەربە ئه‌ردۆغان پاک دەکەینەوە.”.

بەداخەوە فەزای جەنگی و خوێنڕشتن لە سوورییە تەنانەت دوای داعشیش کەم نەبۆتەوە. سوورییە لەژێر حاکمییەتی ڕژیمی دیکتاتۆڕی بەشار ئەسەد و دخاڵەتی دەوڵەتانی روسییە، ئێران، تورکییە، ئەمریکا، عەرەبستان و دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی و گروپە کۆنەپەرستە جەنایەتکارە ئیسلامییەکاندا هەروا مەیدانی تەڕاتێن و ڕقابەتی ئیمپڕیالیستی و ناوچەییە. هەرکام لەم هێزانە هەوڵ دەدەن بە درێژەدان بە دخاڵەتی خۆیان لەوێ، ئامانجە دژی ئینسانی و بەرژەوەندییەکانیان بە قیمەتی درێژەی شەڕ و نائەمنی و کوشتاری خەڵکی سوورییە دابین بکەن. ئەوان بە یەکەوە و لەدژی یەکتر دەچنە تەوافوقات و بەرەی جۆراوجۆرەوە کە هیچ پێوەندییەکی بە بەرژەوەندی خەڵکی سورییەوە نییە و لەدژی ئاسایش و ئەمنییەتی ئەوانە..

تا ئێرە کە پێوەندی بە تورکییەوە هەیە، ئەم دەوڵەتە سەرەڕای هەموو هەوڵ و وه‌رچه‌رخانێكی سیاسی و دیپڵۆماتیکەکانی، لە بەرەو پێش بردنی سیاسەتە ناوچەییەکانیدا تووشی شکست هاتووە. ساڵانی پێشو کاتێک کە ئه‌ردۆغان بە خەونی بەرزە فڕانەی ڕێبەریی دنیای ئیسلام و ژیاندنەوەی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی، ژێستی دژایەتی لەگەڵ هاوپەیمانان و موتەحیدینی ستڕاتێژیکی خۆی واتە ئەمریکا، ئیسڕائیل و دەوڵەتانی ئۆرووپایی دەگرت و وای پیشان ئەدا کە لەگەڵ دەوڵەتانی ئیسلامی سوننیدا نزیکایەتی هەیە و پشتیوانی لە جەریاناتی ئیسلامی وەک حەماس و ئه‌لقاعیدە دەکات و کەشتی مەڕمەڕەی بۆ غەزە نارد، کەس بەلایەوە گرنگ نەبوو. هەوڵەکانی لە سوورییە لە هاوجیهەتی و نزیکایەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا و عەرەبستان و پشتیوانی لە جەریاناتی توندڕەوی وەک بەرەی نوسرە و داعش و ئوپۆزسیۆنی لیبڕاڵ و بێ خاسیەتی سوورییە و پێکهێنانی ئەڕتەشی بەناو ئازادەکەشی یارمەتییەکی ئەوی نەدا بۆ دەستەبەر کردنی بارودۆخێكی گونجاو بۆ سەهەم خوازی لە معادلاتی ناوچەکەدا. کەڵک وەرگرتنی ئه‌ردۆغان لە کارتی پەنابەرانیش بەرەوڕووی هەڵسوکەوتی سوکایەتی ئامێزی دەوڵەتانی ئۆرووپایی بۆوە و نەیتوانی لە سیاسەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئۆرووپاییدا بۆ پەیوەست بوون بە یەکێتی ئۆرووپاوە ئاڵوگۆڕێک بەدی بێنێت..

وه‌رچه‌رخانی ئه‌ردۆغان بەرەو ڕووسییە پاش داوای لێبووردنکردنی پڕ لە سوکایەتی بەخاتری خستنە خوارەوەی فرۆکەیەکی ڕووسی و چوونە نێو هاوپەیمانییەکی لاواز و ناسەقامگیرەوە لەگەڵ ڕووسییە و ئێرانیش، نەیتوانی جێگاو پێگه‌یه‌كی پتەو بۆخۆی بدۆزێتەوە. تورکییە لەم هاوپێمانێتییه‌شدا بە ئامانجی وەک بەستنی کۆنفڕانسەکانی ئاشتی ژێنێڤ و پێکهێنانی ناوچەی بەناو ” ئەمن و دوور لە شەڕ لە سوورییە” دوای شکستی داعش، قورسایی و پێگەیەکی ئەوتۆی نەدۆزیوەتەوە. ئێستا لەم ناوچەیەدا نە تەنیا شەڕ و کوشتار کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو فرۆکە ڕووسی و سوورییەکان بەردەوام خەڵکی ناوچەی ژێر نفوزی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکییە بومباران دەکەن. لەگەڵ ئەوەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی مانگی بەفرانبار دەوڵەتی سوورییە سەرەڕای پێگەی لاواز و ناسەقامگیری ئێستای، لەبەرانبەر هەوڵەکانی توورکییەدا بۆ هاوئاهەنگی و ئیجازە وەرگرتن لە ڕووسییە بۆ بۆمباران کردنی پێگەی هێزەکانی پاراستنی گەل لە عەفرین، ڕایگەیاند کە:” هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە هەر هێرشێکی ئاسمانی تورکییە کە بیکاتە سەر خاکی ئەو وڵاتە بە توندی وڵام ئەداتەوە.”.

هەواڵی پێکهێنانی ئەڕتەشێکی ٣٠ هەزار کەسی زیاتر لە هێزەکانی ” ی پ گ”، لە لایەن ئەمریکاوە لە نزیک سنوورەکانی تورکییە، ئەگەرچی دواتر لە لایەن ناوەندەکانی دیکەی ئەمریکاوە ڕەد کرایەوە و ڕاگەیەندرا کە مەبەستی پێهێنانی وەها ئەڕتەشێكیان نییە، بەڵام هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ حوزور و دەخاڵەت و سەهم خوازی لە سوورییە لەکەس شاراوە نییە. ڕوون و ئاشکرایە کە لە بارودۆخێکدا کە ڕووسییە و کۆماری ئیسلامیی و حیزبوڵڵا و دەوڵەتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی، سوورییەیان کردۆتە دۆزەخ بۆ خەڵکی بی دیفاعی ئەو وڵاتە، حوزور و دخاڵەتی نیزامی ئەمریکا دۆخێکی گەلێک ئاڵۆز و مەترسیدارتری لە سوورییە بەشوێنەوە ئەبێت. بە دڵنیاییەوە هێرشی تورکییە بۆسەر عەفرین دەورێکی دیكه‌ لە شەڕ و خوێنڕشتن لە کوردستانی سوورییە دەخاتەڕێ. ڕۆژنامەی تایمزی لەندن، هێرشی تورکییە بۆسەر عەفرینی بە یاری کردن بە ئاگر وەسف کردووە و نووسیویەتی هێرشی تورکییە دەتوانێ ئاگری شەڕێکی تازە بڵێسەدار بکات..

بێ گومان وەها بارودۆخێک بۆ خەڵکی کوردستانیش گەلێک دژوار دەبێت. لەگەڵ ئەوەدا وشیاری و دەرکی سیاسی ڕێبەرانی کانتۆنەکان و پشت بەستن بە هێزی خەباتکار و هێزی بەرینی جەماوەری خەڵکی لێبڕاوی کوردستان بۆ دیفاع لە خۆیان و لە دەستکەوتەکانی خەبات و تێکۆشانیان و پشتیوانی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز لە سوورییە و لە سەرجەم ناوچەکەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە عەفرینیش لەم قۆناغە مێژووییە سەرکەتوانە دەرباز بێت. ئیرادەی پتەوی خەڵک ئەگەر توانی کۆبانی لە شەڕی داعش ڕزگار بکات، ئەمجارەش هەمان ئیرادە و هێزی جەماوەری خەڵک، عەفرین سەربەرزانە لە شەڕی جەنایەتکارێکی وەک ئه‌ردۆغان ڕزگار دەکات.