کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شه‌پۆلی یه‌كه‌می چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی كرێی خانوو‌ له‌ ساڵی ٩٩دا

58733

58733

به‌ پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێریه‌كانی كۆماری ئیسلامی، مامناوه‌ندی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی كرێی خانوو بۆ ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی‌ كه‌ كرێكانیان دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌، ٣١ و ٦ ده‌هۆمی له‌سه‌د زیادی كردووه‌ و ئه‌م ڕێژه‌یه‌ به‌رزترین ئاستی كرێی ماڵ بووه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا. به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرتانه، لێكدانه‌وه‌ی نوێترین ئامارێك كه‌ ناوه‌ندی ئاماری ئێران سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ری قیمه‌تی كرێی شوێنه‌كانی نیشته‌جێ بوونی بنه‌ماڵه‌ شارنشینه‌كان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، نیشانی داوه‌ كه‌ له‌ زستانی ١٣٩٦ه‌وه‌ هه‌تا زستانی ساڵی ڕابردوو، مامناوه‌ندی كرێی ماڵ له‌ نێوان ١٦ و ٨ ده‌هۆمی له‌سه‌د تا ٣١ و ٦ ده‌هۆمی له‌سه‌د دا بووه‌ كه‌ كه‌مترینه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زستانی ساڵی ٩٦. به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، له‌ ساڵی ١٣٩٨دا كرێی خانوو به‌رده‌وام زیادی كردووه‌ و له‌ وه‌رزی به‌هاردا ٢٧ له‌سه‌د، له‌ هاویندا ٢٧ و ١ ده‌هومی له‌سه‌د، له‌ پاییزدا ٣١ و ٢ ده‌هۆمی له‌سه‌د و له‌ زستانیشدا گه‌یشتووه‌ته‌ ٣١ و ٦ ده‌هۆمی له‌سه‌د.

شه‌پۆلی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی كرێی ماڵ له‌ ساڵی ٩٩دا له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ كارناسانی ئابووریی ئێران، له‌ سه‌روبه‌ندی دیاری كرانی لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كاندا، وێڕای پێشبینیی گه‌شه‌ی ئابووریی مه‌نفی ٧ و ٨ ده‌هۆمی له‌سه‌د له‌ ئێران، له‌سه‌ر حه‌تمی بوونی ته‌وه‌رۆمی ١٠٠ له‌سه‌د له‌ به‌شی خانووبه‌ره‌، نرخی ته‌وه‌رۆمی سه‌رووی ٥٠ له‌سه‌د له‌ به‌شی خوارده‌مه‌نیه‌كان و ته‌وه‌رۆمی ٣٠ له‌سه‌دی له‌ به‌شی هاتووچۆدا، ته‌ئكیدیان كردووه‌. چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٣١ له‌سه‌دی كرێی خانوو له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ هه‌زینه‌ قورسه‌كانی جه‌ماوه‌ری هه‌ژاری ناو كۆمه‌ڵ كرێی ماڵه‌‌ و ئه‌وانه‌ی وا خۆیان ماڵێكیان نییه‌ و له‌ ماڵی كرێ دا ده‌ژین، باش ده‌زانن كه‌ پێویسته‌ نیوه‌ی داهاته‌كه‌یان بۆ كرێی ماڵه‌كه‌یان وه‌لا نێن. ئه‌م به‌شه‌ له‌ هه‌زینه‌ی ژیانی جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی كۆمه‌ڵگا، خێراتر له‌ ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم و گرانیی گشتی، ده‌رواته‌ سه‌ر. چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌رده‌وامی هه‌زینه‌ی خانوو و ماڵ، كاربه‌ده‌ستانی ڕژیمی ناچار كردووه‌ كه‌ جار نا جارێك، لێره‌ و له‌وێ، ده‌ركه‌ون و باس له‌ گه‌ڵاڵه‌ و به‌رنامه‌كانی به‌ناو “چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی خانووبه‌ره‌ و كرێ نیشینان” بكه‌ن و ئاماری درۆیین بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و به‌ خه‌ڵكی بێ ماڵ و كرێنشین، واده‌ی سه‌ر خه‌رمان بده‌ن. به‌ڵام له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ واده‌ و به‌ڵێنیه‌كانیان هیچ كات به‌رنجامێكیان نه‌بووه‌، پووچی و بێ ناوه‌رك بوونیان، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ بۆ خه‌ڵك زیاتر وه‌ده‌ركه‌وتووه‌.

له‌ نیزامی سه‌رمایه‌داریی كۆماری ئیسلامی دا، وه‌ك هه‌موو نیزامه‌ سه‌رمایه‌داریه‌كانی دیكه‌، خانوو خۆی كاڵایه‌كه‌ و سه‌رمایه‌گوزاری له‌ بوار خانوو و ماڵدا په‌یڕه‌وی یاسای به‌رهه‌مهێنانی قازانج و سووده‌. هیچ سه‌رمایه‌دارێك، به‌ پێی ماهیه‌ته‌كه‌ی، به‌ ئامانجی وڵامدانه‌وه‌ به‌ پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵ، ده‌ست ناداته‌ به‌رهه‌مهێنان و سازكردنی شوێنه‌كانی نیشته‌جێ بوون. ڕژیم له‌ هه‌مان حاڵدا، سیاسه‌تی نێئۆلیبڕالی و یاساكانی بازاری ئازادی سه‌رمایه‌داریشی به‌ ئامانجی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری، له‌ به‌شی خانوو و شوێنی نیشته‌جێ بوون دا، به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێناوه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌ جیات داڕشتنی به‌رنامه‌ و دابین كردنی ئیمكانی ده‌ستڕاگه‌یشتنی توێژه‌ كه‌م داهاته‌كانی كۆمه‌ڵ به‌ خانوو و ماڵ، زۆربه‌ی ساخت و سازه‌كان له‌ خزمه‌ت قازانج په‌ره‌ستیی نوێژێك له‌ سه‌رمایه‌داران دایه‌ و ئاكامی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش، ستاندنه‌وه‌ی خاوه‌نداریه‌تی له‌ هاووڵاتیان و توند بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی خانووبه‌ره‌ بووه‌.

بۆ نموونه‌، له‌ حاڵێكدا كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ١٣٨٥ تا ١٣٩٥، پتر له‌ ١٠ ملیۆن یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون له‌ ئێران درووست كراوه‌، كه‌متر له‌ دوو و نیو ملیۆنیان كه‌وتووه‌ته‌ ئیختیار به‌كارهێنه‌رانه‌وه‌ و باقیه‌كه‌شی بۆ قازانجی زیاتر، كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌وه‌‌ كه‌ له‌ ڕانتی ده‌سه‌ڵات به‌هره‌مه‌ندن. دواهاتی ئه‌م باروودۆخه‌، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌رده‌وامی هه‌زینه‌ی‌ خانووبه‌ره‌ بووه‌ له‌ سه‌به‌دی بژێویی بنه‌ماڵه‌ كرێكاری و كه‌م داهاته‌كاندا. له‌ ئێستادا كرێی ماڵ نزیكه‌ی ٤٠ تا ٧٠ له‌سه‌دی هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی نزیك به‌ ١٠ ملیۆن بنه‌ماڵه‌ له‌ ئێران، پێكدێنێت. له‌ ماوه‌ی ساڵانی ١٣٦٥ تا ١٣٩٥، ژماره‌ی ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه‌ خاوه‌نی خانووبه‌ره‌ بوون له‌ ٨٠ له‌سه‌ده‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ٥٤ له‌سه‌د و ژماره‌ی كرێ نشیانی شاری ٧٠ له‌سه‌د زیادی كردووه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ هه‌ر ئێستا ته‌نیا له‌ تاران ٥٠٠ هه‌زار  و له‌ ئێران نزیك به‌ ٣ ملیۆن یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون به‌تاڵن. له‌ ڕاستیدا، هۆكاری گرینگی ئه‌و ئیحتكار و بازرگانیه‌ بێره‌حمه‌، سه‌رهه‌ڵدانی دامه‌زراوه‌ ماڵیه‌كان و ناوه‌نده‌كانی ژێر چاوه‌دێریی خامنه‌یی و باند و كه‌سانی سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌ت و سپا بووه‌ له‌ناو بازاری خانووبه‌ره‌دا. له‌م باروودۆخه‌دا، كۆماری ئیسلامی نه‌ ته‌نیا ناتوانێ قه‌یرانی خانووبه‌ره‌ چاره‌سه‌ر كات، به‌ڵكوو هه‌موو ڕۆژێ له‌ گۆشه‌ و كه‌ناری شاره‌كان به‌ ژماره‌ی كه‌سانێك كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی توانای ماڵییه‌وه‌‌، له‌ ماڵه‌ كرێكانیان ده‌رده‌كرێن و بێ ماڵ  و حاڵ ده‌مێننه‌وه‌، زیاد ده‌بێت.

له‌م باروودۆخه‌دا كه‌ توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابووریه‌كان و دواهاتی كاره‌ستاتباری بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له‌ دڵی قه‌یرانی سه‌رمایه‌داریی ئێراندا، ده‌و‌ڵه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی داڕمانی ئابووری به‌ره‌وڕوو كردووه‌ته‌وه‌‌ و له‌ باروودۆخێكدا كه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ بوودجه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌درێته‌ هێزی سه‌ركوتگه‌ری نیزامی و ناوه‌نده‌كانی كۆنه‌په‌رستیی ڕووحانیه‌ت، نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌رنامه‌یه‌كی بۆ دابین كردنی شوێنی نیشته‌جێ بوونی خه‌ڵك هه‌بێت و گۆڕان به‌سه‌ر ئه‌م باروودۆخه‌ كاره‌ساتباره‌دا بێنێت. دابین كردنی شوێنی نیشته‌جێ بوونی گونجاو ته‌نیا ده‌توانێ به‌رهه‌می خه‌باتی ڕێكخراو و یه‌كگرتووی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش بێت. ئه‌زموونی چوار ده‌یه‌ كار و ژیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا به‌ كرێكاران و بێبه‌شانی كۆمه‌ڵی نیشان داوه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌دا ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ شوێنی نیشته‌جێ بوونی گونجاو و ژیانێكی ئینسانی و ستاندارد مه‌حاڵه‌. كه‌وابوو پێویسته‌ هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له‌ جه‌ریانی كێشمه‌كێشه‌ چینایه‌تیه‌كان و بزه‌ووتنه‌وه‌ی موتالباتیی كرێكاران، كه‌ به‌رده‌وام له‌ جه‌ره‌یان دایه‌، جه‌ماوه‌ری كرێكار به‌و بۆچوونه‌وه‌‌ ڕابێنن كه‌ ته‌نیا ڕێگای ڕزگاربوون له‌و هه‌مووه هه‌ژاری و به‌دبه‌ختی و مه‌ترسییه‌ گیانیه‌، نه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی زاڵدا، به‌ڵكوو له‌ مه‌سیری ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌دا ببینن كه‌ دژبه‌ نه‌زمی زاڵه.