کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شكستی حه‌تمیی كۆماری ئیسلامی له‌ سنوورداركردنی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا

download

كۆمه‌ڵێك له‌ نوێنه‌رانی مه‌جلیسی ئیسلامی، گه‌ڵاڵه‌یه‌كیان له‌ژێرناوی “ڕێكخستنی ڕاگه‌یێنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان“، له‌بواری سنووردار كردنی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، دایه‌ مه‌جلیس. به‌ پێی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ كه‌ له‌ ٢٠ مادده‌دا گونجێندراوه‌، هه‌یئه‌تێك له‌ژێر چاوه‌دێریی ستادی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، به‌رپرسی چاوه‌دێری كردنی فه‌زای مه‌جازی ده‌بن و هه‌موو ڕاگه‌یێنه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كان، پێویسته‌ چالاكیه‌كانیان له‌ لایه‌ن ئه‌و هه‌یئه‌ته‌وه‌ ته‌ئید بكرێ. هه‌روه‌ها ته‌ئكید كراوه‌ كه‌ شوناسی هه‌موو به‌كارهێنه‌رانی ئینتێرنێت ده‌بێ مه‌علووم بێت. به‌ پێی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌، ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ داتای به‌كارهێنه‌ران به‌خاتری “ئه‌نجامدانی تاوان دژبه‌ ئه‌منییه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، موحاربه‌ و فسادی فیلئه‌رز، ڕێگه‌پێدراوه‌”. له‌و یاسایه‌دا بۆ “درووست كردن، بڵاوكردنه‌وه‌ و موعامه‌له‌ی وی پی ئێن و فیلتێرشكێن” زیندان و سزای نه‌خدی له‌به‌رچاو گیراوه‌. له‌ئێستادا ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ دانیشتنێكی عه‌له‌نیی مه‌جلیسدا، له‌ نۆره‌ دایه‌.

كارگێڕانی كۆماری ئیسلامی كه‌ ئه‌مڕۆ بۆ ده‌رباز كردنی كه‌شتیه‌ شكاوه‌كه‌ی خۆیان له‌ نوقم بوون ده‌ست بۆ هه‌موو ئامرازێك ده‌به‌ن، باش ده‌زانن كه‌ ئه‌مجۆره‌ گه‌ڵاڵانه‌ هیچ شتێك ناگۆڕن. ته‌نیا خه‌سه‌ڵه‌تی وه‌ها گه‌ڵاڵه‌یه‌ك، هێزنواندن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ دایه‌ كه‌ بایه‌خ به‌ یاسا و بڕیاره‌كانیانی ڕژیم ناده‌ن و ده‌مێكیشه‌ خه‌ڵك له‌و “هێزنواندنانه‌” ترسی ڕژاوه‌ و له‌ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی زانست و تێكنۆلۆژی، سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان، ئه‌وه‌یكه‌ ئیراده‌یان بۆ كردبێت، به‌ده‌ستیان هێناوه‌.

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دیارده‌ مۆدێرنه‌كان، واته‌ ئه‌و دیاردانه‌ی كه‌ ده‌سته‌كه‌وتی جیهانیی مرۆڤایه‌تین و ده‌رگاكانی زانست و پێشكه‌وتن به‌ره‌وڕووی خه‌ڵكی ئێران ده‌كه‌نه‌وه‌، ئاكامێكی بێجگه‌له‌ شكستی حه‌تمی نییه‌. سه‌رانی ڕژیم، ئه‌و ڕاستیه‌یان، ده‌بێ له‌ ماوه‌ی ئه‌و ٤١ ساڵه‌دا، بۆ وه‌ده‌ر كه‌وتبێ. ئه‌وان كه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌ر ئه‌وپه‌ڕی داماویی خۆیان ده‌ست ده‌ده‌نه‌ ئاماده‌ كردنی وه‌ها گه‌ڵاڵه‌یه‌ك، به‌ باشی له‌ پانتایی به‌رینی كه‌ڵك وه‌رگرتنی خه‌ڵك له‌ ئینتێرنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئاگادارن و بێ ئاكام مانه‌وه‌ی یاساكانی خۆیان له‌و بواره‌ و له‌ زۆر بواری دیكه‌دا ته‌جروبه‌ كردووه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌یكه‌ ڕژیم لێی نیگه‌رانه‌، تێپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستایان و داسه‌پاندنی پاشه‌كشه‌ی زیاتره‌ به‌سه‌ر ڕژیمی كۆنه‌په‌رستی زاڵدا.

چاوخشاندنێك به‌سه‌ر پێشینه‌ی موقاومه‌تی ڕژیم له‌ به‌رامبه‌ر تێكنۆلۆژیی مۆدێرنی میدیایی، ده‌ریده‌خات كه‌ ڕژیم چلۆن به‌ داسه‌پاندنی توندوتیژی، زیاتر له‌وه‌یكه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یكات، له‌ باردووخێكدا كه‌ خه‌ڵك له‌ ڕووی ئاستی خه‌بات و هاوسه‌نگیی هێز، له‌چاو ئه‌مڕۆ له‌ پێگه‌یه‌كی ناله‌بارتردا بوون، هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌وڕووی شكست ده‌بۆوه‌ و هه‌مووجارێ سه‌ری وه‌به‌رد ده‌كه‌وت. داستانی قه‌ده‌غه‌ كردنی ده‌زگای ویدئێۆ و ڕشبگیریه‌ك كه‌ له‌و ساڵانه‌دا، ڕژیم بۆی وه‌ڕێخستبوو، زۆرمان له‌بیرمانه‌، به‌ڵام ئاكامه‌كه‌ی چ بوو؟ له‌ جه‌رگه‌ی ئه‌م زه‌بروزه‌نگه‌دا، ئێران نیسبه‌ت به‌ جه‌معیه‌ته‌كه‌ی، كه‌وته‌ ڕه‌دیفی وڵاتانێك كه‌ زیاترین به‌كارهێنه‌ری ده‌زگای ویدێئۆیان هه‌یه‌ له‌ ئاست جیهاندا. فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان به‌ر له‌وه‌یكه‌ له‌ وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ر بڵاوكرابه‌یه‌وه‌، له‌ ئێران له‌ نێو لاواندا ده‌ست به‌ ده‌ستی پێده‌كرا و سه‌ره‌نجام نه‌ ته‌نیا ده‌زگای ویدێئۆ، به‌ڵكوو ویدێۆ كلووپه‌ عه‌له‌نیه‌كانیش به‌سه‌ر ڕژیمی ئیسلامیدا سه‌پێندران. پاشان بوو به‌ سه‌رده‌می به‌كارهێنانی ئانتێنه‌ ماهواره‌ییه‌كان. كۆماری ئیسلامی به‌سه‌رسه‌ختیه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان، فرۆشتن و دامه‌زراندنی ڕێگریی ده‌كرد. یاسایان بۆ په‌سند كرد، خه‌ڵكیان به‌خاتری زیندانی كرد و سزا دا، له‌دژی ته‌بلیغاتێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ی به‌رینیان وه‌ڕێخست، مه‌ئموورانی پۆلیس و هێزه‌ ئینتزامیه‌كان بۆ له‌ناوبردنی دیشه‌كان، هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر ماڵه‌كانی خه‌ڵك و هه‌موو هه‌وڵێكیان له‌دژی ئه‌نجام دا، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند كه‌ ئاخونده‌كان خۆشیان ئه‌و ئامێره‌یان به‌كاریان هێنا و ناچار بوون ته‌بسه‌ره‌ له‌ یاساكانیان بخه‌ن و پاشان هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو، به‌ سه‌رشۆڕیه‌وه‌، بۆ خه‌ڵكیش قه‌بووڵیان كرد. ئه‌مڕۆ له‌ ئێران، به‌ نیسبه‌ت جه‌معیه‌ته‌كه‌ی، ئاماری فرۆشی ئه‌م ئامێره‌ نوێیانه‌ زۆر له‌و وڵاتانه‌ زیاتره‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئازادانه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌كاریان هێناوه‌.

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ناكامیانه‌، سه‌رانی ڕژیم هێشتا له‌و ڕه‌وته‌ واقعیه‌ ده‌رسیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و به‌ر له‌ هێنانه‌ گۆڕێی گه‌ڵاڵه‌ تازه‌كه‌یان له‌ مه‌جلیس، بڕشتی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی خۆیان له‌په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بینیوه‌. سه‌ره‌تا له‌ دامه‌زراندنی شیركه‌ته‌ خسووسیه‌كانی خزمه‌تگوزاریی ئینتێرنێت ڕێگریان كرد و پاشان نرخی به‌كارهێنانی ئینتێرنێتیان برده‌ سه‌رێ و دواتر خێراییه‌كه‌یان دابه‌زاند، یاسای تاوانی كۆمپیوتێریان له‌ مه‌جلیس په‌سند كرد، به‌ڵام هیچیان ئاكامێكیان نه‌بوو. وێبڵاگ نووسینیان قه‌ده‌غه‌ كرد و وێبڵاگ نووسه‌كانیان خسته‌ زیندان، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ریدا ئێران پله‌ی زیاترین ئاماری وێبڵاگ نووسیی پێدرا. سایته‌ ئینتێرنێتیه‌كانیان فیلتێر كرد، سه‌نعه‌تی فیلتێرشكێن په‌ره‌ی پێدرا. سپای پاسداران بۆ شه‌ڕ له‌ دونیای مه‌جازی، ناوه‌ندێكی تایبه‌تی دامه‌زراند، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئینتێرنێت زیاتر په‌ره‌یان سه‌ند.

ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ڕه‌وتی جیهانی بوونه‌وه‌ و ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ مه‌زنه‌ی كه‌ له‌بواری په‌یوه‌ندیه‌كان و پێشكه‌وتنی تێكنۆلۆژیی ڕوویداوه‌ و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی زانست و وشیاریی گشتی، بۆشایی نێوان كلتووری جه‌ماوه‌ر و ئیدێئۆلۆژیی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی، كه ‌له‌سه‌ر فه‌رمانه‌كانی ئیسلام بینا كراوه‌، قووڵتر و قووڵتر ده‌بێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی  له‌بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دیارده‌ مۆدێرنه‌كان، له‌بواری ئیدێئۆلۆژیك و په‌ره‌پێدانی كلتووری ئیسلامی، له‌بواری زاڵ كردنی ئه‌خلاق و ڕێگا و ڕه‌وشتی ژیانی دڵخوازی، به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران، هاوكات له‌گه‌ڵ ئابووری و سیاسه‌ت و پان ئیسلامیسم، شكستی خواردووه‌ و له‌ بابه‌ت “پڕۆژه‌ی حكوومه‌تی ئیسلامی“ه‌وه‌ هیچ شتێكی پێنه‌ماوه‌. بێگومان، كرێكاران و خه‌ڵكی خه‌باتكار و لاوانی پڕگڕوتینی ئێران، ئه‌م شكستانه‌ ده‌كه‌نه‌ به‌ستێنی په‌ره‌پێدانی خه‌باتی خۆیان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی.