سەرکەوتنی دۆناڵد تڕامپ وەک چل و پێنجەمین سەرۆک کۆماری ئامریکا بۆ زۆر کەس چاوەڕواننەکراو و بەرەوڕووی کاردانەوەی خەڵک و ئەندامانی هەیئەتی حاکمەی وڵاتانی جۆراوجۆریش بوویەوه. لە حاڵێکدا کە کەسانی وەک پووتین و سهرۆكی پارته ڕاسیستهكان لە ئۆرووپا خۆشحاڵبوونی خۆیان لەههمبهر ئهم سەرکەوتنە نەشاردەوە. بەپێچەوانەوه ئەوانەیکە لە ڕێگهی جۆراوجۆرەوە چاوەڕوانی هەڵبژێردرانی کلینتۆن بوون بە دهستهواژهی وەک ” شۆک”، ” دابهزینی بایهخه ئینسانییەکان لە کۆمەڵگای ئامریکا” و …. ئهمانه، تڕامپیان تەفسیر کرد. لەم نێوانەدا ڕەنگە بارودۆخی وەزیری دەرەوەی ئاڵمان کە تڕامپی به “مەوعیزەگەرێكی ڕاسیست” ناونابوو، لە هەمووان خراپترە. بێگومان تڕامپ زەقترین کەسایەتیی ڕاسیست، دژه ژن و دژ به کەمایهتییهكان ئامریکایە. بەڵام ڕەقیبەکەی، نوێنەری ناوەندە داراییهكان، کارگوزاری باڵی شەڕخوازی هەیئەت حاکمەی ئامریکا و یەکێک بووه لە دیارترین نوێنەرانی دامودهزگای دهسهڵاتداریی سیاسیی ئامریکا. نابێ ئهوهشمان لەبیر بچێتەوە کە دۆخی ماددیی بۆ سەرکەوتنی تڕامپ، ئهزقهزا هەر ئەم کارگێڕانهی لێژنهی دهسهڵاتداری ئامریکا پێكیان هێناوە. ئەمانه هەر ئەوانەن کە لە جەریانی قەیرانی داراییدا بە میلیارد دۆلاریان داوه بە بانک و دامەزراوە پیشەسازییەکان و کەمترین ئاوڕیشیان لە بهمیلیۆن ئینسان نهداوهتهوه کە لەژێر کاریگەریی ئەم قەیرانەدا بوون و نەبوونی خۆیان لەدەستداوە. سەد هەڵبەتە تڕامپ لەڕێگهی ئێمپڕاتۆرییە داراییهكهیهوه، هیچ ڕێگهیەکی بۆ ڕزگاربوونی ئەم پەراوێزخراونە نابێت، بەڵام تڕامپ و هەموو ڕاسیستە هاوشێوهكانی، بە پشت بەستن بە تەوەهۆماتی ئەم خەڵکە پەڕاوێزخراوە، بەرەو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بهڕێوهن.
لهسهر بهستێنی سەرکەوتنی تڕامپ، دەورێکی دیكه لە ڕقابەت لە نێوان باڵەكانی حکومەت لە ئێران شکڵی گرت. تڕامپ لەجەریانی تەبلیغاتی هەڵبژاردندا وتبووی کە “تەوافوقی هەستەیی لەگەڵ ئێران” دەدڕێنێ و ئەمەش بووه هۆکارێکی دیكه بۆ کێشەی باڵە حکومەتییەکان. هەڵبەت دەبێ لەنێوان ئیددیعاکانی تڕامپ لە کاتی خەباتی هەڵبژاردن و دەورەی سەرۆک کۆماریدا جیاوازی دابنێین. لەوێوە کە میکانیزمەکانی سیاسەتگوزاریی لە پارتی کۆماریخوازدا نیهادینە کراون، تڕامپیش لە هەمان چوارچێوەدا بەرژەوەندییەکانی هەیئەت حاکمەی ئامریکا نوینەرایەتیی دەکات. بەرخورد لهگهڵ بەرجامیش لەم قاعیدەیە بەدەر نییە.
خانمی مۆگرینی نوێنەری یەکێتیی ئۆرووپا لە موزاكراتی هەستەییدا لە لێدوانێكیدا بۆ كهناڵی “سی ئێن ئێن” وتی كه تەوافۆقی هەستەیی لەگەڵ ئێران، تەوافوقێکی دوو لایەنەی نێوان ئامریکا و ئێران نییە. ئەم تهوافوقە چەند لایەنەیە کە لە ڕێگهی وتووێژەوە دەستەبەر بووە و خودی منیش شەخسەن مەسئولییەتی ڕاستەوخۆم تێیدا هەیە و هەرئێستا سەرۆکی کۆمیسیۆنێکم کە بەسەر ئیجراکرانیدا خەریکی چاودێریی ئەو تەوافوقەیە ههتا لە لایەن گشت لایەنەکانەوە زەمانەت بکرێت. ئەم تەوافۆقە لە لایەن شوڕای ئەمنییەتی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكانهوه بڕیاری لەسەر دراوه.” هاوکات بهڕێوهبهری گشتیی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكانیش ڕایگەیاند کە “بابەتی هەستەیی مەوزوعێکە کە پێنج ئەندامی ههمیشهیی شوڕای ئەمنییەت لەسەری تەوافوقیان کردووە و لە لایەن شوڕای ئەمنییەتیشەوە پشتیوانیی لێکراوە.”
هەڵبەت تڕامپ دەتوانێ ئەو تەحریمانەی کە دەوڵەتی ئامریکا لەپێوەند لەگەڵ چالاکییه تیرۆریستییهكانی “کۆماری ئیسلامیی یان تاقیكردنهوهی موشەکی دوورمهودا ڕایگەیاندووە، تووندتر بکات. لەگەڵ گشت ئەمانەدا نابێ ئهوهشمان لەبیر بچێت کە هەم ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئامریکا و هەم کۆماری ئیسلامیش پێویستیان بەم تەوافوقنامەیە هەبوو. کۆماری ئیسلامیی لە بەرجامدا ڕێگهچارەی سەروساماندان بە قەیرانە ئابوورییەکەی دەدیت. لەگەڵ ئەم فاکتۆڕانەدا ” ئیددیعای دڕاندنی كوته کاغەزی بەرجام” لە لایەن تڕامپەوە دەبێ لە هەمان چوارچێوەی تەبلیغاتی هەڵبژاردندا لێك بدرێتهوه. بەم حاڵەشهوە نابێت گومانێك لهوهدا مابێت کە کۆماریخوازانی ئامریکا سیاسەتێکی سەختگیرانەتر لەههمبهر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەگرنە پێش.
دەزانین کە موزاكره لهسهر پڕۆژەی هەستەیی ئێران لە دەورەی ئەحمەدی نهژاددا و بە ئیبتیکاری سپای پاسداران لە عهممان دەستی پێکرد. بهڵام هەڵبژاردنی ڕوحانیی، لهڕاستیدا ئاڕایشی سیاسیی ڕژیمی ئیسلامیی بوو بۆ ڕێككهوتن لەگەڵ ئامریکا و بەرەپێشچوونی موزاكراته هەستەییەکان . ئاشکرایە کە باڵی ئۆسوولگەرای توندڕەو، ئیجرای بەرجام و ئاساییکردنەوەی موناسبات و پێوهندییهكان لەگەڵ ڕۆژئاوا هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا نابینێ. لە هەمانحاڵدا نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە یەکێک لە کۆسپە سەرەکییەکانی سەرڕێگهی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکیی، ئەو مەحدودییەتانەیە کە پێكهاتهی نیزامی سیاسیی حاکم درووستی کردووە. بەبێ لاچوونی ئەم کۆسپانە سەرمایە نێو نەتەوەییەکان نایەنە ئێرانەوە. لەم ڕوانگەیەوە جەوهەری سەرەکیی ڕقابەت و کێشەی باڵەکان ڕێك لەسەر چۆنایەتیی لاچوونی ئەم بەربەستە سیاسییانەیە. کەوایە دەبێ کێشەکانی باندی ڕەقیب دوای سەرکەوتنی تڕامپ بۆسەر دەوڵەتی ڕوحانی و ئیسلاحخوازان لەم چوارچێوەیهدا ببیندرێت.
حەدادی عادڵ كه نوێنەری ئەدواریی مەجلیسی ڕژیم و یهكێكه له سیما چالاكهكانی باڵی ئوسولگهرا، دەڵێ:” بەڵام ئەگەر واقعەن ” تڕامپ” ئەو قسانەی کە کردوونی بهەوێ بەکردەوەیان دەربێنێ، زۆر شت تێک دەچیت”. ناوبراو لە درێژەدا وێڕای ئاماژە بە تەوافوقاتی “بەرجام” دەڵێ:” ڕەنگە زۆریش خراپ نەبێت كه زۆر شت بشێوێت، چونكه لەو سامانەی کە داویە خێرێکمان پێ نەگەیشتووە، ڕەنگە لە بێ سامانیدا خێرێک هەبێت”. حوسێن شەریعەتمەداری لە بابهتێكیدا كه لە ڕۆژنامەی “کەیهان”دا چاپ كراوه، نووسیویهتی: “دەربڕینی نیگەرانیی نزیک لە وەحشەتی مۆددەعییانی ئیسلاحات لە هەڵبژێردرانی تڕامپ ئەگەر سەرچاوەگرتوو لە نەزانیی سیاسییهوه نەبێت، کە ئهمهش ڕێی تێناچێت، تەنها ووشهیهك کە شیاوی بێ، وەحشەتێکی دهستكرد و ساختهچییانهیه. بەڵام لەبەرچی؟ پەرە بەم شێوەیە لە وەحشەت دەدرێت و بە چ ئامانجێک، ئەگەر بەرجام بە وتەی سەرۆک کۆمار، سەد تەحریمی لابردووە، با لانیکەم ئاماژە بە یەکێک لەو تەحریمە لابراوانە بکات. ئەگەر دهڵێ كه وانییە، ئهی ئاغایان ساڵحی و زەریف و عەراقچی بۆچی لهسهر ئهوه جەخت دەکەنەوە کە تەحریمەکان تەنها لەسەر کاغەز هەڵگیراون. کەواتە چ دەستکەوتێک گەورەتر و باڵاتره لەوەیه كه تڕامپ ئەم سەنەدە نەك ههر به “بێ خاسییهت”ه، بەڵکوو به پڕ لە خەسارەته بدڕینێ، با لهسایهوه میللەتی ئێرانیش لە نهگبهتییهكانی ڕزگاریان بێت.”
لەبەرانبەر ئەم قسانەی ئۆسولگەرایاندا، “عارف” سەرۆکی فڕاکسیۆنی ” ئومید” لە مەجلیسی ڕژیم ئاوی پاکی بەدەستی ڕەقیبەکانیدا کرد و بەئاماژە بە هەڵوێست گرتنەکانی تڕامپ لهسهر بەرجام وتی كه: ”ئەم قسانە تەبلیغات و جەفەنگن و کاتێک ئەم کەسە ڕەسمەن بێتەسەر کار ناچارە ساز و کاره نێونەتەوەییهكانیش قەبوڵ بکات. دەوڵەت بە هەمان مەسیردا دەڕوات کە بەرژەوەندییەکانی تێدا لەبەرچاو گیراوە، بۆ ئهوهیكه بتوانین مافەکانمان بەتەواویی دەستەبەر بکەین.
ئاشکرایە کە هێرشی باندی ڕەقیب بۆسەر ڕوحانی و ئیسلاحخوازان هەرچی لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماریی نزیکتر دەبینەوە، توندتر دەبێت. لە بەرانبەردا باندی ڕوحانی و ئیسلاحخوازانیش هیچ دەرفەتێک بۆ هیرشکردن لەکیس نادەن. بەم حاڵەوە هیچکام لە باڵەکان نیازی سڕینهوهی ئێجگاریی ئەویتریانی لە بهرنامهدا نییە. هیچکام لە باڵەکان نایهەوێ بهئیستلاح تیغی جەڕراحیی لەسەر جەستەی نیزامه ئیسلامییهكهیان بدهن. هەرتك باڵەکە لەسەر بهستێنی ئەمجۆرە کێشمەکێشانە لە هەوڵدان کە بە هەر فرت و فێڵێك بووە، جەماوەرێکی زیاتر بکێشنە پای سندووقەکانی دەنگدان. ئامانجی سەرەکیی سپای پاسدارانی ڕژیم لە موهەندێسی کردنی هەڵبژاردن ههر ئەمهیە و ئێمهش دەبێ ئەم ئامانجەش بکهینه نیشانە.
هەر چەشنە گومانێک بەم شەڕ و ململانێیانه بە هەر ئەنگیزەیەکەوە بێت، بۆ داخوازییە گشتییەکانی خەڵک و بەتایبەت ویست و داواکاریی چینی کرێکار وێرانگەرە. کێشەی باڵە حکومەتییەکان هیچ پێوەندییهکی بە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکەوە نییە. لهو شوێنهش كه كێشهكه بگاته سەرکوتی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، ئەم ڕقابەتانە دهنرێنه لاوه و کاڵ دەبنەوە. پێشكهشكردنی گهڵاڵهی گۆڕینی “یاسای کاری ئەحمەدی نهژاد_ ڕوحانی”ش بۆ مەجلیس لە ماوهی ئهم هەفتانەی دواییدا، كاری ئێمەی بۆ ئاماژەکردن بە باسكردنی نمووونه و ههژماركردنی هۆكارهكانی، بێ نیاز کردووە. لەسهر بهستێنی ئەم کێشه و ململانێیانه، وڵامی چینی کرێکار و بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان، ناتوانێ شتێكی دیكه بێت، بێجگەلە پەرەدان بە خەبات بۆ پاشەکشەکردن بە ڕژیم نهبێ. ههر بۆیه نە بازاڕگەرمیی بۆ هەڵبژاردن و نە کێشەی باندەکان، ئهمانه نابێ چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک بکاتە ڕهشایی لەشکری یەکێک لەم باندانە.