ڕۆژی ڕابردوو، کرێکارانی هێڵی ئاسمانیی کۆریای باشوور لە ڕێگەی دانوستانی بەکۆمەڵەوە سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێنا و لە لایەکی دیکەشەوە سەندیکاکانی کرێکاران ئامادەکاری بۆ مانگرتنێکی سەرتاسەری و گەورە دەکەن.
کارمەندانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی کۆریا توانیویانە پێش یەکگرتنی کۆمپانیاکەیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە، بەشێک لە مافە داراییەکانیان جێگیر بکەن و مووچەی بنەڕەتییان لەسەدا دوو و نیو زیاد بکەن. لە هەمان کاتدا، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە کە بەهۆی گەیشتن بە بنبەستی دانوستانەکان لەگەڵ خاوەنکارەکان، هەفتەی داهاتوو زیاتر لە ١٠ هەزار کرێکار مانگرتنێکی گەورە و سەرتاسەری دەست پێدەکەن. داواکارییەکانی ئەم کرێکارانە بریتین لە کۆتاییهێنان بە جیاکاری، دابینکردنی ئاسایشی کار و مافی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خاوەنکارە سەرەکییەکان.
