کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سیمای په‌روه‌رده‌ و بارهێنان له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی

images 3

له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ تا به‌سه‌ر ناوه‌رۆكی بواری په‌روه‌رده و بارهێناندا زاڵ بێت. ڕژیم بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ و ڕێگری له‌ شكستی دین له‌ به‌رامبه‌ر زانستدا، مه‌دره‌سه‌كانی كردووه‌ته‌ ناوه‌ندی فێربوونی ئایین و خورافه‌ و ناوه‌ندی له‌به‌ركردنی بابه‌تی بێ ناوه‌رۆك. له‌م شوێنانه‌دا له‌ جیات ئه‌وه‌یكه یارمه‌تی منداڵان و تازه‌لاوان بدرێت تا خۆیان و جیهانی ده‌ورووبه‌ریان وه‌ك خۆی بناسن، خوێندكاران ناچار ده‌كه‌ن تا مێشكیان به‌ بابه‌تی بێ ناوه‌رۆك و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ زانستی دونیای ئه‌مڕۆ پڕ بكه‌ن. له‌ مه‌دره‌سه‌ و ناوه‌نده ئامووزشیه‌كانی ئێران له‌ جیات ئه‌وه‌یكه‌ دوایین ده‌ستكه‌وته‌كانی زانست و كۆمه‌ڵێك مه‌علووماتی ئینسانی ببێته‌ ئامانجی فێركردن و خوێندكاران له‌ دوایین پێشكه‌وتنی زانست و گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری ئاگادار كه‌نه‌وه‌، قه‌باره‌یه‌كی قورس له‌ خورافاتی مه‌زهه‌بی له‌ ڕێگه‌ی كتێب و سه‌رچاوه‌ ئامووزشیه‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ریان دا ده‌سه‌پێت.

خوێندكاران هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین ساڵه‌كانی خوێندن و مه‌دره‌سه‌یانه‌وه‌، ده‌بێ فێری نوێژ و ڕۆژوو گرتن بن و له‌گه‌ڵ نه‌سیحه‌ت و ئامۆژگاریه‌كانی پێغه‌مبه‌ران و ئیمامان ئاشنا بن. كچان ده‌بێ فێربن كه‌ به‌ ڕه‌گه‌زی دووهه‌م بوون، به‌ بێ مافیی تۆخ و به‌ سووكایه‌تیه‌ك كه “كتێبی ئاسمانی” بۆی به‌ دیاری هێناون، عاده‌ت بكه‌ن. ده‌بێ فێربن كه‌ چۆن له‌ ژێر عه‌با و مه‌قنه‌عه‌دا قژیان داپۆشن. زیره‌كترین و به‌تواناترین خوێندكاره‌كان ده‌بێ ببنه‌ حافزی قورئان.

كتێب و بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بیه‌كان به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی داهێنان و زه‌وق و هونه‌ری خوێندكار بوونه‌ته‌ ئامرازێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی خورافات و وشه‌ی بێ مانا و ناوه‌رۆكی ئه‌م كتێبانه‌ به‌ كێشه‌ و پێداویستیه‌كانی لاوان هیچ بایه‌خێك نادات. خوێندكاران بۆ وه‌رگرتنی نۆمره‌ی قه‌بووڵی و تێپه‌ڕكردنی قۆناخه‌كانی خوێندن، بابه‌ته‌كان به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ هیچ چێژیه‌كی لێوه‌رگرن یان هه‌ستی ئه‌ده‌بیان ببزوێنێ، ته‌نیا له‌به‌ری ده‌كه‌ن. كتێبه‌ مێژووییه‌كان نه‌ ته‌نیا خوێندكاران له‌گه‌ڵ مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی به‌ره‌وپێش چوونی كۆمه‌ڵگا ئاشنا ناكه‌ن به‌ڵكوو به‌ ده‌ست تێوه‌ردان له‌ مێژوو و ئاواژوو نیشاندانی ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان و بایه‌خدانی یه‌ك لایه‌نه‌ به‌ كه‌سایه‌تیه‌ مێژووییه‌كان، به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رده‌می كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ك كه‌ تێیدا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، خوێندكاران له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ڕاست بینیه‌ك دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ و مه‌یل بۆ خوێندنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان له‌ناو ده‌به‌ن. فێربوونی زمانه خارجیه‌كان له‌ نه‌بوونی پێوه‌ر و ڕه‌وشتی فێر كردنی ستاندارد و به‌هۆی نه‌بوونی ئیمكاناتی پێویست، بووه‌ته‌ كارێكی دژوار و تاقه‌ت پڕووكێن.

هه‌روه‌ها، شێوازی وتنه‌وه‌ی ده‌رسه‌كانیش بنه‌مایه‌كی زانستییان نییه‌ و له‌ ده‌ستكه‌وته‌ نوێیه‌كانی بابه‌تی په‌روه‌رده‌ و بارهێنان به‌دوورن. بۆ نموونه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌روون ناسان نیشانی داوه‌ كه‌ لاوان بۆ په‌روه‌رده‌ كردنی هێزی عه‌قڵانیی خۆیان، پێویستیان به‌ شوێنی كاری جه‌معی هه‌یه‌ تا له‌وێدا بتوانن پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كانی زانست قسه‌ و باسی هاوبه‌ش بكه‌ن و به‌كۆمه‌ڵ هه‌وڵی بۆ بده‌ن. خوێندكاران وێڕای فێربوونی زانست و تێكنیك، پێویسته‌ ئازادانه‌ فكر و تێبینییه‌كانی خۆیان ده‌ربڕن و به‌ ئه‌زموونی خۆیان، به‌شێك له‌ په‌یوه‌ندی و فه‌رزیاتی زانستی كه‌ له‌ مێشكیان دایه‌، تاقی كه‌نه‌وه. به‌ڵام له‌ مه‌دره‌سه‌كانی ئێران به‌هۆی زۆربوونی ژماره‌ی خوێندكاران له‌ كلاسه‌كانی خوێندن، نه‌بوونی كاتی پێویست و كه‌مبوونی تاقیگه‌ و كارگه‌ یان نه‌بوونی ئیمكاناتی ستاندارد له‌ شوێنه‌ ئامووزشیه‌كان، موعه‌لیمان بوونه‌ته‌ بنه‌مای هه‌موو ئامووزش و فێركاریه‌ك له‌ ئێران. له‌ ڕاستیدا، ئه‌م شێوه‌كاره‌ مه‌جال و ده‌رفه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی جه‌معی و تاوتۆێ كردنی بیروڕا و به‌شداری له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ خوێندكاران ده‌ستێنێته‌وه‌ و ناچاریان ده‌كات تواناكانیان ته‌نیا بۆ له‌به‌ركردنی قسه‌وباسی موعه‌لیم بخه‌نه‌ گه‌ڕ.

له‌ مه‌دره‌سه‌كانی ئێران، له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌هۆی قه‌باره‌ی زۆری كتێبه‌كان، كه‌مبوونی كات و قه‌ره‌باڵغی كلاسه‌كان و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌هۆی شاره‌زا نه‌بوونی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی موعه‌لیم به‌سه‌ر گشت باسه‌كان، خوێندكاران ده‌رفه‌ت و مافی به‌شداری و ڕاده‌ربڕینیان نییه‌. ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ ده‌رس وتنه‌وه،‌ به‌ربه‌ گه‌شه‌ و داهێنانی خوێندكار ده‌گرێت و كلاسه‌كانی ده‌رس ده‌كاته‌ شوێنێكی تاقه‌ت پڕووكێن. ئاشكرایه‌، له‌  چوارچێوه‌یه‌كدا كه‌ كۆنه‌په‌رستی به‌سه‌ریدا زاڵه‌، كه‌ش و هه‌وایه‌ك كه‌ پڕه‌ له‌ بابه‌تی دابڕاو له خواست و ‌ ژیانی  ڕاسته‌قینه‌ی خوێندكاران، كلاسی ده‌رس و مه‌دره‌سه‌ هیچ خۆشیه‌كی بۆ خوێندكاران نامێنێت و ده‌بێته‌ شوێنێكی داخراو و جاڕزكه‌ر. كاتێك كه‌ كلاسه‌كانی ده‌رس بوونه‌ شوێنێكی یه‌كچه‌شن و تاقه‌ت پڕووكێن، كاردانه‌وه‌ی سرووشتیی خوێندكاران، هێندێك جار، له‌ لایه‌ن موعه‌لیمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جوێن و ته‌نبێی جه‌سته‌یی به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش زۆرترین زه‌ره‌به‌ له‌ كه‌سایه‌تیی منداڵان و تازه‌لاوان ده‌دات. كاتێك كه‌ موعه‌لیمه‌كان له‌ حاسڵی ده‌رس وتنه‌وه‌ی خۆیان له‌ سه‌ر كلاس ڕازی نین و یان نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن كه‌ شاگرده‌كانیان ئه‌وه‌یكه‌ فێری بوون له‌بیریان بچێته‌وه‌، ته‌كلیفی قورسیان بۆ داده‌نێن تا ماڵێ ئه‌نجامی بده‌ن. ئه‌م شێوازه،‌ كه‌ یه‌كجار باویشه‌‌‌‌، خوێندكار له‌ ده‌رس و مه‌دره‌سه‌ زه‌ده‌ ده‌كات.

له‌ سیستمی فێركردنی ئێراندا، وه‌رزش و په‌ره‌وه‌رده‌ كردنی جه‌سته‌ و ڕۆڵی سازێنه‌ری له‌سه‌ر منداڵان و تازه‌لاوان، بایه‌خی جیدیی پێنادرێ. منداڵان و تازه‌لاوان به‌هۆی نه‌بوونی شوێنی گونجاو له‌ شار و گونده‌كان و هه‌روه‌ها به‌هۆی ژیان به‌سه‌ر بردن له‌ناو ئاپارتمان و ماڵی چكۆله‌ و قه‌ره‌باڵغ، شوێنێكیان بۆ وه‌رزش و كایه‌ كردن نییه‌. دیاره‌ فه‌زای ته‌نگی مه‌دره‌سه‌كانیش، هیچ كات، وه‌ها ده‌رفه‌تێك بۆ خوێندكاران ناخوڵقێنێت.

له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، هاتنه‌ مه‌یدانی هێزی مه‌زنی خوێندكاران، موعه‌لیمان و مامۆستایانی خه‌باتكار و په‌یوه‌ند دانی خه‌باتی ئه‌وان له‌گه‌ڵ خه‌باتی كرێكاران و باقی به‌شه‌ ناڕازییه‌كانی كۆمه‌ڵگا، ده‌توانێ هه‌وڵی كۆماری ئیسلامی بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر فه‌زای فێر كردن، له‌ ئاست كۆمه‌ڵایه‌تیدا، پووچه‌ڵ كاته‌وه‌.