کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

سیاسەتی کۆمەڵە سەبارەت بە هاوکاری و کاری هاوبەش لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان

کۆمەڵە بە پێی بەرپرسیارییەتیێک کە له مەڕ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا هەیەتی، لە ڕووی پێویستی لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە لە سەر ڕێگای بەرەوپێشچوونی ئەم بزووتنەوەیە بوونیان هەیە، هەروەها بۆ وڵامدانەوەیەکی گونجاو بە مەیلی یەکگرتنخووازانەی خەڵکی کوردستان بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە هەمووهێز و تواناکانی کۆمەڵگای کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی، و لە لایەکی تریشەوە به مەبەستی زەمینەخۆشکردن بۆ خەبات لەپێناو نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی، کەمکردنەوەی ڕەنج و ئازار و وەلانانی دژوارییەکانی خەبات دژی ئەم ستەمە، و لە لایەکی تریشەوە سنووردارکردنی ئەگەری پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ پێکهێنانی دووبەرەکایەتی لە نێوان پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان دا لە کوردستان، به پێویستی دەزانێت هاوکاری و یەکگرتوویی کرداری لە نێوان هێزە سیاسییەکان دژی کۆماری ئیسلامی و هاوکاریی نێوان هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا بەرفراوان بکرێتەوە.

لەم پێوەندییەدا، کۆمەڵە ئەم ڕێنماییە گشتیانەی خوارەوە بۆ هاوکاری و ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارت و ڕەوتە سیاسییەکان، کەسایەتییە سیاسییە خەباتکارەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دادەنێت:

یەکەم: پێکهێنانی کەشوهەوای دیالۆگ و گفتوگۆ، بەهێزکردنی ڕۆحی ڕەخنە و ڕۆشنگەری لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و لە ئاستەکانی تری کۆمەڵگادا بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی خەباتێکی سیاسی ئاشتیانە و شارستانیانەی نێوان هێزەکان و چالاکانی سیاسی لە کوردستاندا.

دووەم: پابەندبوون بە پڕەنسیپی ئازادیی سیاسیی بێ مەرج وەک یەکێک لە پایەکانی خەباتی سیاسی ئاشتیخوازانەی نێوان حیزب و لایەنەکانی کوردستان، ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی جەماوەر، لەوانەش مافی چارەنووس، جیایی دین لە دەوڵەت، مافی منداڵان و ژنان و باقی ناسنامە جنسی و جێندەرییەکان و هەروەها مافی نەتەوەکانی دیکە.

سێهەم: بەفەرمی ناسینی پڕەنسیپی مافی دەسەڵاتدارێتی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردستان لە ڕێگەی ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەرەوە.  لایەنە سیاسییەکان تەنیا لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر بۆ بەرنامەکانیان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە دەسەڵاتی سیاسیدا

چوارەم: دوورکەوتنەوە و خۆ بواردن لە هەر دانوستانێکی بە تاک لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی سەبارەت بە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان. پێویستە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بارودۆخی سیاسی و خەباتکارانەی ئێستادا، خۆیان لە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ حکوومەتی ناوەند بپارێزن. ئەگەر لە هەلومەرجێکی تایبەتی و دیاریکراودا، دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەت لەڕووی سیاسییەوە پێویست بوو، دەبێت لە سەر ئەساسی بنەمای ڕێککەوتنێکی گشتگیر له نێوان حیزب و لایەنە چالاکەکان لە کوردستان دا بێتە ئەنجام. هەروەها پێویستە میکانیزم و شێوازی بەرەوپێشبردنی ئاوا پەیوەندیێک بە شێوەی هاوبەش دیاری بکرێت.

پێنجەم: جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتی بەکارنەهێنانی چەک لە بەرەوپێش بردنی جیاوازیە سیاسییەکان و ڕاگەیاندنی پابەندبوونی بێ مەرج بە ئاوا بەڵێنیێک بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بەمەبەستی دابینکردن و پابەندبوون به وەها سیاسەتێک، پێویستە هێزی چەکداری حیزبەکان دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، لەژێر کۆنترۆڵ و ڕێنمایی ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکدا بن.

شەشەم: هاوتەریب لەگەڵ بەرەوپێشبردنی ئەم ئاراستەیە، کۆمەڵە لە بارودۆخی ئێستادا، جەخت لەسەر هاوکاری لەم بوارانەی خوارەوە دەکاتەوە:

١  هاوکاری لە پێشخستنی شۆڕشی ژینا لە بوارە جیاجیاکاندا، دەستەبەرکردنی هەماهەنگیی لایەنە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان لەم بوارەدا و بەهێزکردنی ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لەم شۆڕشەدا.

٢گرتنەبەری سیاسەتێکی یەکگرتنخوازانە لە ناوخۆی وڵاتدا لەخزمەت بە بەهێزکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا، هاندانی هاوکاری و یەکگرتوویی بەکردەوەی هەڵسووڕاوان بەمەبەستی بەهێزکردنی ناڕەزایەتییە مەدەنی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان.

٣  هاوکاری لە پێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی جەماوەر و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان، حزب و دامەزراوە پێشکەوتنخوازەکان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان و گروپ و ڕێکخراوە مرۆییەکان لە سەرانسەری جیهان بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان. دانانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم بابەتە لە دەرەوەی وڵات.

٤  گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەش، بۆ نموونه لەڕێگەی دەرکردنی بەیاننامە و بانگەوازی هاوبەش، هەروەها چالاکیی کرداری هاوبەش لە پەیوەند لەگەڵ ڕووداوە گرنگە سیاسییەکان لە کاتی پێویستدا.

٥هاوکاری لە بوارەکانی زانیاری و ئاسایشدا بەمەبەستی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و دیاریکردنی میکانیزمەکەی.

٦هاوکاری فەننی و  تەکنیکی و یارمەتی گەیاندن و ئاسان کاری کردن بۆ یەکتر لە بوارە جیاجیاکانی دیکەی خەباتدا.

ئەو خاڵانەی که لەم بەڵگەنامەیەدا ئاماژەیان پێ کرا، لە هەر ئاستێکدا پەیڕەو بکرێت، نابێت ناتەبا بن لەگەڵ بەرژەوەندی گشتیی کرێکاران و خەڵکی چەوساوە لە ئێران و لە ناوچەکەدا و نابێت ببنە هۆی لاوازبوونی خەباتی یەکگرتووانە و ڕاستەوخۆی کۆمەلانی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتە سەرکوتگەرەکانی دیکە له ناوچەکە.

کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

  خاکەلێوەی١٤٠٢یهەتاوی

ئاوریلی٢٠٢٣یزایینی

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خەڵک،ناوچەکە و جیهاندا،لەهەمووکاتێک لاواز و تاککەوتووترە-هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

نەورۆز، شادی، خۆڕێکخستن و گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی

-

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی گیان لە دەستدانی هاورێ «یەدێ بیگلەری» سیمای ناسراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-