به‌داخه‌وه ڕێژه‌ی قوربانییانی كۆرۆنا له ئێران، له ئێستادا پاش نزیك به یه‌ك ساڵ، به‌هۆی بێ كه‌فایه‌تی، گه‌نده‌ڵی و دزی و درۆنانه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستانی ورد و درشتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و هه‌روه‌ها ته‌بلیغاتی فریوكارانه و كۆنه‌په‌رستانه و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی كۆنه‌په‌رستانه‌ی مه‌زهه‌بی، ڕۆژبه‌ڕۆژ ڕێكۆردی نوێ تۆمار ده‌كات. له‌م په‌یوه‌نده‌دا، ڕۆژنامه‌ی هه‌مشه‌هری، یه‌ك مانگ له‌مه‌وبه‌ر، واته كاتێك كه ڕژیم هێشتا ڕێژه‌ی مه‌رگی ڕۆژانه‌ی كۆرۆنای نزیك به ٣٠٠ كه‌س ڕاده‌گه‌یاند، له بابه‌تێكیدا له‌ژێرناوی “باڵانشینیی ئێران له چارتی مه‌رگی جیهانیدا، به پێی داتاكانی ناوه‌ندی هه‌واڵنێریی “وۆرڵدۆمیتێرز“” نووسیی: “ئێران به ئاماری ٣٣٧ حاڵه‌تی مه‌رگ له ڕۆژدا، كه‌وتووه‌ته سه‌رووی چارتی مه‌رگی جیهانیی قوربانیانی كۆویدی ١٩”. به‌ڵام له ئێستادا به پێی ئاماری ڕژیم، كه كه‌م و زۆر چوار به‌رابه‌ر له ئاماری واقعی كه‌متره، ڕێژه‌ی تووش بووانی كۆرۆنا له ڕۆژدا گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی ١٠ هه‌زار كه‌س و ڕێژه‌ی مه‌رگی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش ٥٠٠ كه‌س له ڕۆژدا به‌رئاورد كراوه و به پێی هۆشداری وه‌زاره‌تی بێهداشتی ڕژیم، ئه‌گه‌ر باروودۆخهكه به‌مجۆره بڕواته به‌ره‌وه، له‌وانه‌یه ئاماری مه‌رگی ڕۆژانه بگاته ٢ هه‌زار كه‌س. كه‌وابوو ده‌توانین بڵێین، كۆرۆنا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا به مانای واقعیی ووشه بووه‌ته كاره‌ساتێكی مرۆیی.
له وه‌ها باروودۆخێكدا، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ستادی به‌ناو “به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ویرووسی كۆرۆنا” له دانیشتنێكیدا به سه‌رۆكایه‌تیی حه‌سه‌ن ڕووحانی، چه‌ندین بڕیاری ناته‌بای له‌ژێرناوی “گه‌ڵاڵه‌ی گشتگری به‌ربه‌سته‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا” ده‌ركرد. ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه قه‌راره له ڕۆژی شه‌ممه ئه‌وه‌ڵی مانگی سه‌رماوه‌زه‌وه به‌كرده‌وه ده‌ربێت. عه‌لی خامنه‌ییش كه هه‌تا ئێستا هه‌وڵی داوه به‌رپرسایه‌تیی ئه‌م باروودۆخه به ته‌نیا بخاته ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی و خۆی و باقیی ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌وانه ده‌زگا ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی ڕووحانییه‌ت و سپای پاسدارانی لێ به‌دوور بگرێ، ئه‌مجاره‌یان وه‌زعییه‌تی ڕژیمی ناله‌بار بینی و ڕایگه‌یاند كه په‌سندكراوه‌كانی ئه‌م ستاده به‌قه‌د په‌سندكراوه‌كانی “شۆرای باڵای ئه‌منییه‌تی میللی” گرینگن. به‌ڵام ئاشكرایه كه ڕژیم له پێگه‌یه‌كدا نییه كه بتوانێ هه‌وڵی جیدی له‌م بواره‌دا بدات. پانتایی گه‌ڵاڵه‌یه‌ك كه ڕووحانی ناوی ” گه‌ڵاڵه‌ی گشتگری به‌ربه‌سته‌كانی هاتووچۆ“ی له‌سه‌ر داناوه، هێستا بۆخۆشی به‌ته‌واوی ڕوون نییه. هه‌ربۆیه له‌و دانیشتنه‌دا ڕایگه‌یاند كه قه‌راره تا ڕۆژی چوارشه‌ممه (واته ئه‌مڕۆ)، ورده‌كارییه‌كانی ڕوون بێته‌وه و بۆ هاووڵاتییان شی بكرێته‌وه و له ڕۆژی شه‌ممه ئه‌وه‌ڵی مانگی سه‌رماوه‌زه‌وه به‌كرده‌وه ده‌ربێت. ئاشكرایه كه گه‌ڵاڵه‌ی بێ بنه‌مای ده‌وڵه‌ت بۆ پێكهێنانی به‌ربه‌سته‌كانی هاتووچۆ، به بێ دابین كردنی پێداویستیی بژێویی و ڕێفاهیی پێویست بۆ خه‌ڵك، حاڵه‌تێكی فۆرماڵی هه‌یه و بۆ نومایشی ئه‌نجام دانی كارێكه و هیچیتر. ئه‌وجۆره‌ی كه وته‌بێژی “ستادی میللی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا” ڕایگه‌یاندووه، ماوه‌ی تهعتیلییهكان له تاران و ١٥٠ شار و كهڵانشار، كه هه‌ر هه‌موویان له وه‌زعیه‌تی سوور دان، لانیكه‌م دوو حه‌فته ده‌بێت. له‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا هیچ باسێك له دابین كردنی بژێو و پێداویستییه ته‌ندرووستییه‌كانی خه‌ڵك له به‌رامبه‌ر كۆرۆنادا نه‌كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ڕژیم داماو و بێ توانایه. هه‌ربۆیه گه‌ڵاڵه‌كانی پێشووش كه به‌كرده‌وه ده‌رهاتن، هیچ ئاكامێكیان نه‌بوو. هاشمی سه‌رۆكی شۆرای شاری تاران ڕایگه‌یاند كه گه‌ڵاڵه‌ی هێنانه‌خواره‌وه‌ی كاتژمێری چالاكیی پیشه‌كان و سیستمی هاتووچۆی گشتی، كه له ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردووه‌وه له تاران به‌ڕێوه‌چووه، ئاكامێكی نه‌بووه و ته‌نیا بووه‌ته هۆی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی و زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.
ڕووحانی له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، ته‌نیا بۆ ڕواڵه‌ت پارێزی، داوای ئیعتباراتی ماڵیی له سازمانی به‌رنامه و بوودجه كردووه تا ئیعتباراتی پێویست بۆ وه‌زاره‌تی بێهداشت و ده‌رمان و باقیی ده‌زگا به‌رپرسه‌كان به‌خێرایی دابین بكات. له‌م په‌یوه‌نده‌شدا، به له‌به‌رچاوگرتنی قه‌یران و داڕماویی ئابووریی ده‌وڵه‌ت، ڕووحانی چه‌كی له‌گۆتره كێشاوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ده‌ستی ده‌وڵه‌ت له‌م بواره‌شدا ئاواڵه نییه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پووڵێكیش له‌گۆڕێ دا بێ، به‌ر له‌وه‌یكه بۆ باشتر كردنی خزمه‌تگوزاریی پزیشكی بخرێته گه‌ڕ، له لایه‌ن به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی دزی حكوومه‌تی ئیسلامیه‌وه ده‌دزرێ. له‌م په‌یوه‌نده‌دا ئه‌ندامێكی كۆمیسیۆنی بێهداشت و ده‌رمانی مه‌جلیس ڕایگه‌یاند كه له ٩ مانگی ڕابردوودا ته‌نیا نیوه‌ی ئه‌و سه‌د ملیارد یۆرۆیه‌ی كه قه‌رار بووه بۆ بابه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا ته‌رخان بكرێ، خراوه‌ته ئیختیار وه‌زاره‌تی بێهداشت و ده‌رمانه‌وه.
ڕه‌حمانی فه‌زلی، وه‌زیری ناوخۆ و فه‌رمانده‌ی “قه‌رارگای عه‌مه‌لیاتیی ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا“، ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٦ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له دانیشتنی ئه‌م ستاده‌دا به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه ڕووبه فه‌رمانداره‌كان وتی: “هه‌موو شتێكمان هه‌یه، سزای ماڵیمان هه‌یه پلۆمبمان هه‌یه، په‌روه‌نده‌كان له ده‌زگای قه‌زایین، یاسای به‌ڕێوه‌به‌ریی قه‌یرانمان هه‌یه، شۆرای دابین كردنی ئۆستانمان هه‌یه، ئۆستاندارهكانیش هه‌ن، له‌وه زیاتر چیتان ده‌وێ؟. كه‌وابوو من پێتان ده‌ڵێم كه ئێمه هیچ كه‌موكوڕییه‌كمان نییه. كێشه‌كه له به‌ڕێوه‌بردن و تێنه‌گه‌یشتن له یاسا و ڕێساكان دایه”. هه‌ڵبه‌ت وته‌كانی ڕه‌حمانی فه‌زلی له‌مباره‌وه ڕاسته. ئه‌وان له داموده‌زگای سه‌ركوتدا هیچ كه‌موكوڕییه‌كیان نییه و له‌م بواره‌دا هه‌موو شتێكیان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌یكه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته خوێنڕێژه نییه‌تی، سه‌لاحییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگایه. فه‌زلی له درێژه‌دا ئاماژه به ئامارسازیی درۆیینی ته‌ڵه‌فات و نهێنكارییهكانی ڕژیم ده‌كات كه له لایه‌ن باڵی ڕه‌قیبه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت و وه‌زاره‌تی بێهداشت و ده‌رمان تووشی هه‌ڵه ده‌كات. ئاشكرایه كه مافیای ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له ترسی ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵكی ئێران، هه‌موو شتێك له‌وانه كۆرۆناش به ئه‌منییه‌تی ده‌زانن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه خۆشییان ئاگادارن كه له‌سه‌ر چ ده‌ریایه‌ك له ڕق و نه‌فره‌تی خه‌ڵك درێژه به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ده‌ده‌ن.
خه‌ڵكی ئێران به‌باشی ماهییه‌ت و تاكتیكه‌كانی ڕژیمی ئیسلامی ده‌ناسن. ئه‌وان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نین كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دژه مرۆییه ژیانێكی باشتریان بۆ دابین بكات. كه‌وابوو، له وه‌ها باروودۆخێكدا خه‌ڵكی ئێران، بۆ خۆ دوور خستنه‌وه له كۆرۆناش، پێویسته پشت به‌هێز و توانای خۆیان ببه‌ستن. له ئێستادا مه‌سه‌له‌ی كۆرۆنا له ئێران بووه‌ته یهكێكیتر له مه‌یدانه‌كانی ڕسوا كردنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی.