باروودۆخی ناله‌باری ئابووریی ئێران ڕۆژ له دوای ڕۆژ خراپتر ده‌بێت. سندووقی نێونه‌ته‌وه‌یی پووڵ له دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سه‌باره‌ت به باروودۆخ و دوورنهمای ئابووریی جیهان ڕایگه‌یاندووه كه ” ئابووریی ئێران بۆ سێهه‌مین ساڵی به‌رده‌وام لاوازتر ده‌بێته‌وه و گه‌شه‌ی ئابووری ئه‌م وڵاته له ساڵی ٢٠٢٠دا، بۆ مه‌نفی ٦ له‌سه‌د داده‌به‌زێت“. ئه‌رزشی پووڵی ئێران له ئێستادا له‌چاو ئه‌و ساڵانه‌ی ڕابردوودا گه‌یشتووه‌ته نزمترین ئاستی خۆی. داهاتی فرۆشی نه‌وت كه سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی دابین كردنی بوودجه‌ی ڕژیمی ئێرانه، له سیفر نزیك بووه‌ته‌وه. سه‌دان كارخانه و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان نابووت بوون و یان خه‌ریكه نابووت ده‌بن. ئاماری بێكاری به‌خێراییه‌كی زۆره‌وه ده‌ڕواته سه‌ر. پێداویستیه‌كانی ژیانی خه‌ڵك، له خانووبه‌ره‌وه بگره تا خۆرد و خۆراكی ڕۆژانه و باقیی پێداویستیه سهرهكیهكانیتر، به خێراییه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ره‌وه گران ده‌بن. ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری تا ڕاده‌یه‌ك كۆنه و پرتووكاون كه نه ده‌كرێ سه‌رله‌نوێ ساز بكرێنه‌وه و نه ده‌شكرێ نۆژن بكرێنه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌ره‌سته و ئه‌سبابی پێویستیش بۆ نۆژنكردنه‌وه په‌یدا بێت، هیچ سهرفهیهكی نییه. سه‌رمایه‌دارانی ئێرانی ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی وا گهمارۆكانیشیان وه‌به‌ر ناكه‌وێ، حازر نین سه‌دان ملیارد دۆلار له‌و سه‌رمایه كهڵانهی كه له ڕێگه‌ی هه‌نارده كردنی به‌رهه‌مه‌كانی پێترۆشیمی و به‌رهه‌مه غه‌یره نه‌وتیه‌كان به‌ده‌ستیان هێناوه، بۆ ئێرانی بگه‌ڕێننه‌وه. ئه‌وان ئه‌و سهرمایهیهیان له بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خه‌واندووه و یان له ده‌ره‌وه‌ی ئێران بازرگانیی پێده‌كه‌ن. زانكۆكان و ناوه‌نده‌كانی بارهێنانی هێزی پسپۆڕ، كه له بناغه‌كانی ستراتێژیكی گه‌شه‌ی ئابووریی سه‌رمایه‌دارین، له زانست و شاره‌زایی به‌تاڵ كراون. له وه‌ها باروودۆخێكدا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌مارۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش له‌سه‌ر ئێران لاچێت، بۆرۆكراسیی ده‌وڵه‌تی و گه‌نده‌ڵیی ماڵی و ئیداری وه‌ها تار و پۆی ئه‌م ڕژیمه‌ی ته‌نیوه كه هه‌موو جۆر پڕۆژه‌یه‌ك بۆ باشتر كردنی ئه‌م باروودۆخه، له خۆیدا نوقم ده‌كات و ده‌یكاته هاوڕه‌نگی خۆی. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه كه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌مارۆكان له‌سه‌ر ئێران نه‌مێنن، كۆماری ئیسلامی سیستمێكی به‌هێز و كارامه‌ی نییه كه بتوانێ داهاته‌كان بكاته ئامرازێك بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یران. سیسته‌می ئابووریی ئێران له نێوان دوو سیسته‌می ئابووریی بازاڕ و ئابووریی ده‌وڵه‌تی دا دابه‌ش كراوه. سپای پاسداران وه‌ك ده‌وڵه‌تێك كه به‌شێكی زۆری له بۆنگا ئابووری و ماڵییه‌كان له كۆنتڕۆڵ دایه، وڵامی ده‌وڵه‌تی ڕه‌سمی ناداته‌وه. ئه‌م دووبهرهكایهتیه و ناته‌باییه، به‌رده‌وام په‌ره‌ی به توندبوونه‌وه‌ی ئه‌م باروودۆخه قه‌یراناویه‌ی ئێران داوه. پێویسته به‌و هۆكارانه‌ی كه باسیان لێكرا، په‌ره‌سه‌ندنی په‌تای كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانی ڕكوودی ئابووریی جیهان له ده‌وره‌ی پاش كۆرۆنا له‌سه‌ر ئابووریی ئێرانیش ئیزافه بكه‌ین.
به‌ڵام كۆماری ئیسلامی له زومره‌ی ئه‌و ڕژیمانهیه كه به هۆكاری سیاسی و ئیدێئۆلۆژیك و به‌هۆی ناته‌باییه ناوخۆییه‌كانی، ناتوانێ ڕیزه‌كانی بۆرژوازیی ئێران یه‌كگرتوو كات، هه‌ربۆیه، وه‌ك ده‌بینین، كۆمه‌ڵێكی به‌رین له ئۆپۆزیسیۆنی داكۆكیكاری نیزامی سه‌رمایه‌داریش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕژیمه‌دا شكڵیان گرتووه. ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه به‌قه‌د توانای خۆی، بۆ له‌سه‌ر كار لابردنی ئه‌م ڕژیمه هه‌وڵ ده‌دات. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه خه‌باته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و فاكتۆره سیاسی و ئابووریانه‌ی كه له‌سه‌ر باروودۆخی ئێران كاریگه‌ری داده‌نێن، دوورنهمای مانه‌وه‌ی ڕژیمیان ڕه‌ش و تاریك كردووه، هه‌وڵی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ش بۆ شكڵ دان به ئاڵترناتیوی دڵخوازی خۆی، له جه‌ره‌یان دایه. به‌ڵام به چاوخشاندنێك به‌سه‌ر به‌رنامه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان، به‌ڕوونی ده‌توانین ئه‌وه ببینین كه هیچ كام له‌و به‌شانه له ئۆپۆزیسیۆن، كه یه‌كجار لێك بڵاو و ناكۆكیشن، بۆ كۆتایی هێنان به فهلاكهتی ئابووریی جه‌ماوه‌ر و ته‌نانه‌ت بۆ دابین كردنی گه‌شه‌ی ئابووریه دڵخوازهكهشیان، ڕێگا چاره‌یه‌كی واقعییان نییه. ڕێگا چاره‌ی ئه‌م هێزانه بۆ وڵامدانه‌وه به باروودۆخی ئێستا، ناسراو و تا ڕاده‌یه‌كیش جیهانییه. “ڕێگا چاره”ی ئابووریی ئه‌وان هیچ شتێك نییه بێجگه‌له: “سپاردنی ئابووریی وڵات به‌ده‌ست به‌ڕێوه‌به‌رانی تێكنۆكرات“، “ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا“، “لابردنی كۆسپه‌كانی سه‌ر ڕێگای تێكه‌ڵ كردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی ئێران له‌گه‌ڵ بازاڕی جیهانی“، “به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی به‌رنامه‌ی ئابووریی نێئۆلیبڕالی پشت به‌ستوو به بازاڕی ئازاد له ناوخۆی وڵات” و له باشترین حاڵه‌تیشدا “به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی“یه، كه ته‌نانه‌ت توانینی ئه‌وه‌ش به پێی به‌رنامه‌كانی ئه‌وان، یه‌كجار جێگای شك و گومانه. ئه‌م نۆسخه پێچاندنانه بۆ چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانی ئابووریی سه‌رمایه‌داریی ئێران، له حاڵێكدایه كه هاوشێوه‌ی ئه‌م ڕێگاچارانه له زۆربه‌ی وڵاته جۆراوجۆره‌كانی جیهان به‌كرده‌وه ده‌رهاتوون و تاقی كراونه‌ته‌وه و له كۆتایی دا هیچ بهرهنحامێكیان بێجگه‌له درێژه‌ی ئه‌م باروودۆخه و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و نابه‌رابه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه.
له وه‌ها بارووخێكدایه كه ئێمه ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه كه سۆسیالیسم ته‌نیا به‌دیلێكه كه ده‌توانێ ئاسۆی ڕزگاری به‌ره‌و ڕووی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی هه‌ژار بكاته‌وه. به‌دیلی سۆسیالیستی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی واقع بینانه و له‌سه‌ر ده‌ستی كرێكارانێك كه توانیویانه زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌ژار و سته‌ملێكراوی ناو كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ خۆیان هاوڕێ بكه‌ن، ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. ئالتێرناتیوی سۆسیالیستی له مه‌سیری پێشڕه‌ویی خۆیدا، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا كۆماری ئیسلامی ده‌ڕووخێنێت. ماشێنی ده‌وڵه‌تیی زاڵ وێڕای هه‌موو ئۆرگانه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی تێكده‌شكێنێ و ده‌سه‌ڵاتی شۆرایی خه‌ڵك داده‌مه‌زرێنێت. ده‌سه‌ڵاتی شۆرایی به‌رینترین ئازادیی بێ شه‌رت و مه‌رجی سیاسی دابین و زه‌مانه‌ت ده‌كات. له ڕێگه‌ی گشتی كردنه‌وه‌ی خاوه‌نداریه‌تیی ئامرازی به‌رهه‌مهێنان، هه‌موو توانا ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێران به به‌رنامه و به شێوه‌ی داڕێژراو ده‌خاته كار. به له‌ناوبردنی هه‌ستی نامۆیی ئینسان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می كاری خۆی،، داهێنان و توانای ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی، كه ئازادن و به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیاندا زاڵن، ده‌پشكوێنێ. دابین كردنی نه‌ك به‌رهه‌مهێنانی قازانج، دابین كردنی ژیانی به‌خته‌وه‌ر و شایسته‌ی ئینسان ده‌كرێته ئامانجی به‌رهه‌مهێان. هه‌ربۆیه‌ش پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ی ئابووریی ڕاسته‌قینه مه‌یسه‌ر ده‌بێت، به‌رهه‌می كار زۆر به‌خێرایی گه‌شه ده‌كات و خزمه‌تگوزاری و پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك له ئاستێكی بهرنیدا به ئامانجی دابین كردنی بواری بواری پێداویستیه‌كانی مادی و مه‌عنه‌وی ئینسانه‌كان به‌رهه‌م دێت. خه‌ڵك له ئیمكاناتی یه‌كسان و فراوان بۆ گه‌شه‌ی توانا كه‌سیه‌كانیان به‌هره‌مه‌ند ده‌بن و هێزی داهێنان و توانای تاكه‌كه‌سی ده‌پشكوێ. له وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدا، ئازادی و خۆشبژێویی هه‌ر تاكێك مه‌رجی ئازادی و خۆشبژیویی هه‌موانه و ته‌قالا بۆ مانه‌وه‌ی تاك كۆتایی پێدێت و ئیسانه‌كان به‌ره‌و قۆناخێكی به‌ڕاستی ئینسانی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن.
له نیزامی كۆمه‌ڵایه‌تیی سۆسیالیستی دا، كار له جه‌بر بۆ په‌یدا كردنی پێداویستیه‌كانی ژیانه‌وه ده‌بێته چالاكیه‌كی خۆبه‌خشانه كه ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌ساسی تێگه‌یشتن له ئه‌ركه‌كان و وڵامدانه‌وه به پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێت. تێكنۆلۆژی و پێشكه‌وتنه زانستیهكیان له‌ژێر چنگی كێبه‌ركێی سه‌رمایه‌داری و له نهێنی خانه‌كانی ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆنگا ئابووریه‌كان، دێنه ده‌ر و وێڕای پێشكه‌وتنه جیهانیه‌كانی زانست، خێراییه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ر بهخۆدهگرن. كۆمه‌ڵگای سۆسیالیستی له‌گه‌ڵ نابه‌رابه‌ری و هه‌ڵاواردن له‌وانه سته‌می ڕه‌گه‌زی و سته‌می نه‌ته‌وه‌یی بێگانه ده‌بێت. هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و به‌رچاوته‌نگیی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادی، جێگای خۆی ده‌دا به هاوپشتیی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسانه‌كان. دامه‌زراندنی وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك، خه‌یاڵ په‌ردازی و هێنانه به‌رچاوی شاری ئاواته‌كان نییه، به‌ڵكوو حهرهكهتێكه له ڕه‌وتی گۆڕانكاریه مادیه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێداویستیه مادییه‌كانی وه‌دی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ئاماده‌یه، به‌ڵام بۆ خێرایی به‌خشین به پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك، پێویسته قۆڵی لێهه‌ڵماڵین.