کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سپای پاسداران هێزێکی تیرۆریستیە

  ئەوەی کە سپای پاسداران هێزێکی تیرۆریستیە، باوەڕی گشتی زۆربەی خەڵکی ئێرانە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ ی مانگی بەفرانبار بە شێوەی قەتعنامەیەک برایە کۆبوونەوەی پاڕلمانی ئوروپا. لە ٥٤٥ ئەندامی ئامادەی کۆبوونەوەکەی پارلمانی ئوروپا ٣١٣ پارلمانتار دەنگی ئەرێنیان پێدا. پارلمانی ئوروپا ناوەندێکی یاسا دانانە و لە کاروباری وەک بوجەی یەکێتی ئوروپا یان قەراردادە بازرگانی و تیجاڕیە نێونەتەوەییەکاندا خاوەنی ئیختیاراتە، بەڵام لە بابەت گەلی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە و ئەمنیەتی نەتەوەیی وڵاتانی ئەندامدا خاوەنی ئیختیاراتی ئیجرایی نییە. کەوایە پەسندکراوەکە دەبێ لەلایەن سەرجەم ئەندامانی شۆڕای وەزیرانەوە پەسند بکرێت تا شیاوی بەکردەوە دەرهاتن بێت. ئەگەر ئەمە ڕوبدات سپای پاسداران لەپاڵ ڕێکخراوەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعشدا دەچێتە لیستی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەروپاوە. لە قەتعنامەکەدا لەسەر پێویستی بە تیرۆریست ناساندنی هێزەکانی بەسیج، لیباس شەخسیەکان و هێزەکانی قودس،  پێداگری کراوە و ئاماژەش بە پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران و دژایەتی لەگەڵ قەتڵە دەوڵەتیەکان لە زیندانەکان و لە دەرەوەی زیندانەکانیشدا دراوە. بەر لە ئەندامانی پارلمانی ئوروپا نوێنەرانی مەجلیسی عەوامی بریتانیا رۆژی ١٢ ی مانگی ژانویە یەکدەست دەنگیان بە گەڵاڵەیەک دا کە داوا لە کابینەی دەوڵەتی بریتانیا دەکات سپا بخاتە نێو لیستیڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە. لە ڕاپۆرتەکانداهاتوە کە وەزیرانی دەرەوەی ئاڵمان و ئامریکا سەرەتا لەگەڵ قەتعنامەکەدا دژایەتیان کردوە و دواتر بە هێندێک دەستکاریەوە موافقەتی خۆیان بۆ ڕاگەیاندوە. ئەندامانی کابینەی بریتانیا، کە بە گشتی ئەندامی پارلمانیشن، لە هەمان سەرەتاوە مایلبوونی خۆیان بۆ بە تیرۆریست ناوبردنی سپای پاسداران دەربڕیوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان دەزگای دەسەڵاتدار و حاکمەی ئەم وڵاتە دەیەوێ ڕێبەریی دەستەبەربوون و بەرەپێش بردنی ئەو بڕیارە لە ئوروپادا بگرێتە ئەستۆ.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە سپای پاسداران ڕێکخراوێکی مافیاییە کە لە نێوخۆ و لە دەرەوەی ئێران خەریکی کار و عەمەلیاتی تیرۆریستیە. سپا لە کوشتاری بە سەدان کەس لە ئێران، عێڕاق، سوریە، یەمەن، ئەفغانستان و لوبنان دا بەشداری هەبوە و هەیە. بەم دواییانەش لە شەڕ لەدژی خەڵکی ئۆکڕاین سپای پاسداران لەگەڵ ڕوسیە هاوکاری تەسلیحاتی، و بە تایبەت لە بواری پەهبادی دا هەیە.

  سپای پاسداران وێرای بەشداری ڕاستەخۆ لە کردەوەی تیرۆریستیدا، لەگەڵ زۆربەی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی چالاک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا لەوانە حشدی شەعبی لە عێڕاق، حیزاللە لە لوبنان، ڕەوتە شیعەکان لە سوریە، ئەفغانستان و یەمەن هاوکاری دەکات. سپای پاسداران بە بەشداری ڕاستەوخۆی لە بازرگانی مادەی هۆشبەردا، و بە یارمەتی مافیایەکی ئابووری کە لە کۆنتڕۆڵی دایە، هەزینەی ئاموزش و تەیار کردنی باقی گوروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان دابین دەکات. بەشێک لە تیرۆرەکانی سپای پاسداران لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا لە ڕێگای باندە چالاکەکان لە بواری مادەی هۆشبەر، هەناردەکردنی چەک، قاچاغی ئەرز و کۆچبەرانەوە بەڕێوە دەچێت.

ئەم ڕاستیانە، کە بۆ بەشی زۆری خەڵکی ئێران ڕوون و ئاشکرایە، تەنیا بەشێکی بچوکە لە جەنایەتەکانی ئەژدیهای سپای پاسداران. پەسندکراوی رۆژی ٢٩ ی مانگی بەفرانباری پارلمانی ئوروپا لە بارودۆخی ئێستادا  دەستکەوتێکی باشە بۆ شۆڕشی ئێران و دەبێ لەخزمەت بە بەهێز کردنیدا بەکار بهێندرێت. بەڵام پێویستە خەڵک و هێزە شۆڕشگێڕەکان وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان لە داهاتوی دوای کۆماری ئیسلامیدا بەر بە هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی بگرن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەمەش تەنیا لە ڕێگای دامەزراندنی حکومەتێکی شوڕایی و مایل بە سۆسیالیزمەوە ئیمکان پەزیر دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-