کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سوریە، دەورێکی نوێ لە کێشەکان

چەندین رۆژی بەردەوامبوو کە دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی ئەمریکا، فەرانسە و ئینگلستان ڕای گشتی دنیایان بۆ هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر سوریە ئامادە دەکرد، ئەویش لە بارودۆخێکدا کە هێشتا حەفتەیەک لە تەوافوقنامەی ١٥ ئەندامی شوڕای ئەمنیەتی سازمانی ملەل بۆ ئیجرای ئاتەش بەس لە سوریە تینەپەڕیبوو. ئەمجارە بە بیانوی بە ڕواڵەت بەکارهاتنی چەکی شیمیایی لە لایەن دەوڵەتی بەشار ئەسەدەوە لە شارۆچکەی ” دوما” و کوژرانی چل کەسی غەیرە نیزامی. جارێکی تر چەندین رۆژ کۆبونەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بێجگە لە دروستی یان نادروستی روودانی وەها بابەتێک، بوو بە مەیدانی زۆرەوانی زل هێزە جیهانیەکان. قەتعنامە دوای قەتعنامە خرایە دەنگدانەوە تا بە ڕواڵەت کۆدەنگیەکی جیهانی لەسەر دژ کردەوە لە عەلیەهی سوریە فەراهەم بێت. سەرجەمی ئەم هەرا و هوریایانە بۆ ئەوە بوو کە خەڵکی دنیا باوەڕ بکەن زل هێزە جیهانیەکان لە ڕقابەتەکانیاندا ڕێز لە دامەزراوەیەکی وەک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەگرن. سازمانی ملەل کە خۆی لە هەمان سەرەتاوە شتێک زیاتر لە بەیانی هاوسەنگی هێزێکی جیهانی نەبووە و هەر کاتێک بەرژەوەندی هێزە جیهانیەکان ویستبێتی، کەمترین سەرنج درواوەتە مەنشور و پەسند کراوەکانی. پێویست نییە زۆر دوور بکەوینەوە و بگەڕێینەوە بۆ ساڵەکانی سەرەتای دامەزراندنی، مەگەر سازمانی ملەل مۆری تەئیدی لە هێرشی ئەڕتەشی ناتۆ بۆسەر یوگوسڵای، عێڕاق، ئەفغانستان، لیبی بۆسەر مالی دا بەڵام بینیمان کە چەندە هاسان خاکی ئەو وڵاتانە بە بیانوی دیفاع لە مافی کەمینەکان، بە بیانوی دیفاع لە مافی ژنان بە تورەکە کێشرا و بە ملیۆن ئینسانیان کردە قوربانی. لە ڕاستیدا نوتقە پڕ حەرارەتەکان بۆ دیفاع لە سەربەخۆیی و مافی حاکمیەتی وڵاتانی ئەندامی سازمانی ملەل پەردەیەکە بەسەر پێشێل کرانی بە ئاشکرای هەر ئەم مافانەدا.

لە تەپوتۆزی هێرشی لەفزی زل هێزە جیهانیەکاندا لە سەحنی سازمانی ملەل و مێدیا جیهانیەکان لە رۆژانی ڕابردودا، سەرجەم نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە سوریە شاهیدی دەورێکی تر دەبێت لە کێشمەکێشی زل هێزە جیهانی و ناوچەییەکان. ئەگەر بۆ دەورەیەک ئەساسەن ئەم وڵاتە گۆڕەپانی شەڕە نیابەتیەکانی نێوان سوریە و هاوپەیمانەکانی روسیە و ئێران لە لایەکەوە و ڕەوتە کۆنەپەرستە تیرۆریستیی- مەزهەبیەکان لەژێر ناوی بەناو ئوپوزسیوندا بوو، ئێستا بە تایبەت لەگەڵ دەست پێکردنی شکڵدان بە جوغڕافیای سوریە لە دورەی دوای داعشدا، زل هێزە جیهانی و ناوچەییەکان بە ئاشکرایی بەدوای ئاڕایشێکی نوێدان لە گۆڕەپانی سوریەدا. دەکرێ ئاماژە بکرێت کە بە هێرشی جەنایەتکارانەی ئەڕەتەشی تورکیە بۆسەر عەفرین، هاوێژرانی موشەک لە لایەن دەوڵەتی ئیسرایلەوە بۆسەر فرۆکەخانەکانی سوریە و لە کۆتاییدا هێرشی ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکا، فەرانسە و ئینگلستان لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەدا ئەم قۆناغە نوێیە دەستی پێکردوە.

بەشار ئەسەد و دەوڵەتانی روسیە و ئێران لە رۆژانی ڕابردودا گەلێک جار لە وڵام بە هەڕەشەکانی ترامپ و پەیوەست بوونی دەوڵەتانی فەرانسە و ئینگلستان بە ئۆرکێسترەکەیەوە، مەترسی پەرەسەندنی نا ئەمنی زیاتریان لە ناوچەکەدا بە گوێیاندا ئەدا کە گۆیا ئەوان رۆڵێکیان لەم نا ئەمنیانەدا نەبووە و داوەرانی گۆڕەپانی نەبەردبوون. بەڵام لە عەینی حاڵدا دەیانزانی کە هێرشی ئاسمانی ئەنجام ئەدرێت. بۆ هەمویان بابەتەکە نەک هێرش کردن یان هێرش نەکردنی هەرسێی ئەو دەوڵەتانە، بەڵکو کات و دوای ئەو هێرشە و ئاکامی سیاسی بەرهەمهاتو لێیەوە لە هاوسەنگی هێزی هێزە بەشدارەکان لە مەیدانی نەبەردی سوریەدایە.

کاتژمێرێک دوای ئەم هێرشە ئاسمانیە وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆتایی ئەم قۆناغەی لە هێرشی ئاسمانی ڕاگەیاند و بەدوای ئەودا بە خێرایی دەنگی شەیپوری هێرشی لەفزی هەردو لایەنی نەبەرد بەرز بۆوە. ئەگەر ترامپ دوای هێرشی ئاسمانی لە نوتقەکەیدا هۆشداری ئەداتە روسیە و ئێران کە دەست لە پشتگیری بەشار ئەسەد هەڵگرن، سەرۆک وەزیری بریتانیا لە بەیانیەیەکدا کە بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند کە ئامانج لەم هێرشانە” دەستێوەردان لە شەڕی نێوخۆی سوریە و گۆڕینی ڕژیم نییە”. لەبەرەی تردا، بەشار ئەسەد لە کاردانەوە بەم هێڕشە ئاسمانیانە ڕایگەیاند کە” ئەم هێرشانە سوریە و خەڵكی ئەم وڵاتەی زیاتر لە هەمیشە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم لە وڵاتدا سورتر کردوە.” باڵوێزی روسیە لە ئامریکا هەڕەشەی کرد کە” وەها کردارێک بەبێ وڵام نامێنێتەوە و سەرجەم بەرپرسیاریەتیەکانی دەکەوێتە ئەستۆی واشنگتۆن، لەندەن و پاریس.” هاوکات روسیە خوازیاری پێکهاتنی ئیجلاسی تایبەتی شوڕای ئەمنیەتی بوو. خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئەم هێرشەی بە ” جەنایەت” ناوبرد و وتی” هەڵبەت هیچ سود و قازانجێکی لێ ناکەن.”

لە رۆژانی داهاتودا دنیا شاهیدی ئاژاوە و کێشمەکێشی بازیگەرانی گۆڕەپانی سوریە دەبێت. سەرجەمی ئەو هێزانەی کە بارودۆخی موسیبەتباری ئێستایان فەراهەم کردوە خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێ لە کێشمە کێشەکان ئامادە دەکەن و لەم نێوانەدا ئەوە خەڵکی سوریەن کە دەبێ ببنە قوربانی ڕقابەتی نێوان هێزە ئیمپڕیالیستی و ناوچەییەکان. ئەوانەی کە ئێستا بە بیانوی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە لایەن ڕژیمی کۆنەپەرستی ئەسەدەوە وەک ڕزگار کەری خەڵکی سوریە هاتونەتە مەیدان، سەردەمێک دەوڵەتی فاشیستی تورکیە و هاوپه‌یمانه‌كانی لە عەفرین سەدان کەسیان کوشت و بە سەدان هەزار کەسی دیکەیان ئاوارە کرد تەنیا دۆعای خێریان بۆ ئه‌ردۆغان ده‌كرد. لە حاڵێکدا کە هەموو جەنایەتەکانی ئەڕتەشی تورکیە بە بەرچاوی ئەوانەوە و بە چەکە هەدیە کراوەکانی ئەوان بە ئەردوغان، بەڕێوەچووە.

ئەوەی کە بە دڵنیاییەوە دەکرێ بوترێت ئەوەیە کە ئاکامی ئەو هێرشە ئاسمانیەنەی ئەنجام دراون تەنیا دەتوانێ ببێتە هۆی پەرەسەندنی نائارامی و بشێوی زاڵ بەسەر دنیادا و ڕاست لە ناخی ئەم بشێویەدایە کە چەمکەکان لە مەفهومە واقعیەکانی خۆ بەتاڵ دەبێت و فاشیستەکانی لە شێوەی تڕامپ، مەکرۆن، ترێزا مەی، پوتین، بەشار ئەسەد، ئەردوغان و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە بێشەرمیەوە لیباسی عاریەتی لەبەر دەکەن و دەبنە داکۆکیکاری ئەرزشە ئینسانیەکان.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە نیزامی سەرمایەداری بە شەڕ و داگیرکاریەکانی و بە بەکۆیلە کردنی بە ملیۆن کەس لە خەڵک، جەوهەری دژی ئینسانی خۆی پیشان ئەدات. هەر چەشنە هیوایەک بە ڕێگاچارەکانیان بێجگە لە دریژەی دێهشه‌ت ئاوه‌ری ئێستای دنیا هیچی تر نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-