کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سه‌رانی ڕژیم له‌ كۆرۆنا ده‌ترسێن یان له‌ شۆڕشی هه‌ژاران؟

download

download

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ خه‌ڵك هه‌موو ڕۆژێ له‌ ماته‌مینی گیان له‌ده‌ست دانی ئازیزانیان دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و له‌ باروودۆخێكدا كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا و دواهاته‌كانی هه‌موو بواره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگای خستووه‌ته‌ ژێر چنگی خۆیه‌وه‌ و وێنه‌ و ئاماری قوربانیان و تووش بووان له‌ هه‌موو شوێنێك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌، سه‌رانی كۆماری ئیسلامی هیچ ترسیه‌كیان نییه‌ كه‌ بێنه‌ به‌ر دووربینه‌كان و یان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ ده‌ركه‌ون و به‌ ئاشكرا درۆ و ده‌له‌سه‌ ته‌حویلی خه‌ڵك بده‌ن. له‌ حاڵێكدا كه‌ ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا باس له‌ گیرۆده‌بوونی ٥٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌كات، ڕووحانی له‌ ناوچه‌ به‌ناو سپیه‌كانی سیستان و به‌لووچستان ده‌دوێ. ڕه‌بیعی وته‌بێژی ده‌وڵه‌تیش ئیدعا ده‌كات كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ شێوه‌ی هاوكات به‌ شوێن “پاراستنی گیان و دابین كردنی نان“ه‌وه‌یه‌. به‌ وته‌ی ئه‌و ” ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووترین ئه‌زموونی وڵاتانی جیهان له‌ ده‌وره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ كۆرۆنادا بووه‌”. هه‌روه‌ها ده‌شڵێ كه‌ به‌ مه‌رجی “پێكهێنانی هاوسه‌نگی له‌ نێوان سڵامه‌ت و ئابووری” و متمانه‌ی نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات“، ئێران ده‌توانێ ” مۆدێلێكی تایبه‌ت له‌ناو هه‌موو مۆدێله‌كانی كۆره‌ی باشوور و چین و ئۆرووپا پێشكه‌شی جیهان كات. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ئه‌و ئیدعایانه‌ له‌ باروودۆخێكدا دێنه‌ به‌ره‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌ چاوی خۆیان دیتیان كه‌ چۆن نهێنی كاریه‌كانی ڕژیم كۆمه‌ڵگای له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسێكی مه‌ترسیدار به‌ره‌وڕوو كرده‌وه‌. خه‌ڵك به‌ چاوی ناباوه‌ڕی خۆیان دیتیان كه‌ چۆن كۆرۆنا سۆراغی زیان هه‌ڵگرترین توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای گرت. خه‌ڵك به‌ ناباوه‌ڕیه‌وه‌ دیتیان كه‌ تووش بووانی ویرووسی كۆرۆنا له‌ به‌ر ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌كاندا له‌ پێكه‌وتن. خه‌ڵك باش بینیان كه‌ ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌تی به‌خاك سپاردنی نزیكترین ئازیزانیشیان نه‌بوو.

٤٠ ملیۆن بنه‌ماڵه‌ی كرێكاری به‌ چاوی ناباوه‌ڕی خۆیان دیتیان كه‌ ڕێك له‌ جه‌رگه‌ی مه‌رگ و كاره‌ساتدا، نوێنه‌رانی دوڵه‌ت و خاوه‌نكار لانیكه‌م ٢٠ له‌سه‌د كه‌متر له‌ ئاستی ته‌وه‌رۆم واته‌ ٢١ له‌سه‌دیان دابه‌زینی ئاستی حه‌قده‌سته‌كان، په‌سند كرد. خه‌ڵك دیتیان كه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ كرێكاران، كه‌ له‌ ئابووریی ناڕه‌سمی دا بوونه‌ته‌ كۆیله‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ی وا پێیان ده‌وترێ كرێكارانی “ژێرپلله‌یی“، به‌ حاڵی خۆیان ڕه‌ها كراون. ده‌وترێ كه‌ لانیكه‌م نیوه‌ی كرێكارانی بیناسازی بێكار بوون. له‌ باروودۆخێكدا كه‌ ته‌نیا نزیك به‌ ٤٠ له‌سه‌دیان به‌ركه‌وتووی بیمه‌ی بێكاری ده‌بن و له‌ باروودۆخێكدا كه‌ سندووقه‌كانی ته‌ئمینی ئیجتماعی، پێش كۆرۆناش تاڵان كرابوون و به‌رئاورد كراوه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی تا مانگی ڕێبه‌ندانی ساڵی ڕابردوو نزیك به‌ ٢٥٠ هه‌زار ملیارد تمه‌ن قه‌رز دار بووه‌ و ئه‌وه‌ش‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت له‌ جه‌ریانی كۆرۆنادا، ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنانی له‌ پێدانی سێ مانگ حه‌قی بیمه‌ به‌ كرێكاران، معاف كردووه‌. ئه‌وه‌ش به‌ مانای قووڵتر بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ناو سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعیه‌، واته‌ وڵام نه‌دانه‌وه به‌ خواستی كرێكاران له‌ لایه‌ن ئه‌م سازمانه‌وه‌. كه‌وابوو ئه‌م كرێكارانه‌ چۆن ده‌توانن تیكه‌ نانێك بۆ تێر كردنی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان په‌یدا بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ڕێك ئه‌و مۆدێله‌یه‌ كه‌ وته‌بێژی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی وه‌ك “مۆدێلێكی تایبه‌ت” به‌ جیهانی ده‌ناسێنێ. له‌و مۆدێله‌ تایبه‌ته‌دا، ئه‌وه‌ی وا‌ ئه‌نجام نادرێ “پاراستنی گیان و دابین كردنی نان“ه‌. ته‌كلیفی “نان“یشمان له‌ ته‌وه‌رۆمی سه‌ره‌وه‌ی ٤٠ له‌سه‌د و له‌ بێكاری كرێكارانی ئابووریی ناڕه‌سمی دا و له‌ زۆربه‌ی كارگا گه‌وره‌ و چكۆله‌كان و له‌ سیمای منداڵانی كاردا و له‌ ڕوخساری هه‌ژاریی ملیۆنان په‌راوێزنشیندا، بینی. با ته‌كلیفی “پاراستنی گیان“یش له‌‌ زمانی حه‌ریرچی جێگری گشتیی وه‌زاره‌تی بێهداشته‌وه‌ ببیستین. ئه‌و له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانی دا وتی: “به‌ڵگه‌ نوێیه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ قوربانیانی كۆرۆنا له‌ له‌ناو هه‌ژاراندا زیاترن و ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان كه‌متر ده‌ستیان به‌‌ كه‌ره‌سته‌ی ته‌ندرووستی و ده‌رمانی ڕاده‌گات. واته‌ كاریگه‌ریی ئابووریی له‌سه‌ر هه‌ژاران زیاتره‌ تا سه‌رمایه‌داران. ئه‌وانه‌ی وا خه‌رێكه‌ پیشه‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و یان به‌ ڕۆژمزد كار ده‌كه‌ن، له‌و باروودۆخه‌دا زیانێكی زیاتریان وه‌به‌رده‌كه‌وێ“. ئه‌و هه‌روه‌ها ئیدعای ئه‌وه‌ی كرد كه‌: “به‌ هۆی دابه‌زینی قیمه‌تی نه‌وت، به‌ربه‌سته‌كانی ده‌وڵه‌تیش زیاتر بوون“. مه‌به‌ستی ئه‌و له‌ هه‌ژاران، ئه‌و جه‌معیه‌ته‌ پتر له‌ ٤٠ ملیۆن كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ئه‌م ڕستانه، ته‌كلیفی “گیان“یشیان له‌ زمانی جێگری گشتیی وه‌زاره‌تی بێهداشته‌وه‌، ڕوون كرده‌وه‌. پێویسته‌ له‌و كه‌سه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بكرێ كه‌ بۆچی به‌هۆی دابه‌زینی قیمه‌تی نه‌وت، سفره‌ی پتر له‌ ٤٠ ملیۆن ئینسان به‌تاڵ ده‌كرێت به‌ڵام هاوكات بوودجه‌ی سپای پاسداران، واته‌ ئۆرگانی سه‌ركوتی خه‌ڵك ٣٣ له‌سه‌دی پێ زیاد ده‌كرێت و هه‌زاران ملیارد بوودجه‌ ده‌درێته‌ ناوه‌نده‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی خورافات و دواكه‌وتووترین بۆچوونه‌كان و یان هه‌زینه‌ی به‌رزه‌ فڕیه‌كانی ڕژیم له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ ده‌كرێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ حاڵێكدان كه‌ وته‌بێژی ده‌وڵه‌ت ده‌ڵێ كه‌ پتر له‌ سێ ملیۆن دامه‌زراوی ڕه‌سمی و چوار ملیۆن دامه‌زراو‌ی غه‌یره‌ ڕه‌سمی كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیی كه‌م كردنه‌وه‌ی حه‌قده‌ست و ده‌ركردن و هه‌روه‌ها، چالاكیی پتر له‌ یه‌ك  ملیۆن و  ٥٠٠ هه‌زار كارگه‌ ڕاگیراوه‌. كه‌وابوو هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ درووشمی “جه‌هێشی ته‌ولید“ه‌كه‌ی خامنه‌ییش بۆ ساڵی نوێ، بۆوه‌ به‌ هیچ. ئه‌گه‌رچی عه‌لی شه‌معخانی به‌رێوه‌به‌ری شۆرای باڵای ئه‌منیه‌تی میللی وتوویه‌تی كه‌ “ئابووری و سڵامه‌ت” وه‌ك مۆدێلێكی گونجاو بۆ تێپه‌ڕینی كه‌م زیان له‌ قه‌یران به‌كرده‌وه‌ ده‌ردێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ سه‌رانی ڕژیم بایه‌خی نییه‌، نان و گیانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكه‌.  سه‌رانی ڕژیم نیگه‌رانی قووڵتر بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری و شۆڕشی هه‌ژاران و برسیه‌كانن. له‌خۆڕا نییه‌ كه‌ ڕووحانی له‌ دانیشتنی شۆرای ئه‌منیه‌تی میللی دا وتوویه‌تی: “ئه‌گه‌ر چالاكیی ئابووری ڕابگرین، سی میلیۆن برسی ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان” و ئه‌وه‌ش ڕێك ئه‌و واقعیه‌ته‌یه‌ كه‌ سه‌رانی ڕژیمی له‌ دواهاته‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرنا تۆقاندووه‌.

له‌ ڕاستیدا،‌ خه‌ڵك له‌ به‌فرانباری ٩٦ه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ملا و له‌ كاتێكه‌وه‌ كه‌ هێشتا كرۆنا له‌ ئارادا نه‌بوو، دژ به‌م ڕژیمه‌ هاتبوونه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و خوازیاری ڕووخاندنی بوون. شایه‌د حزووری هێزی سه‌ركوتگه‌ر له‌سه‌ر‌ شه‌قامه‌كان و مه‌ترسیی ویرووسی كۆرۆنا، له‌ ئێستادا ڕێگه‌ نه‌دات خه‌ڵك بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ڵام بێ گومان خه‌ڵك له‌ یه‌كه‌مین ده‌رفه‌ته‌كاندا و ڕێك به‌هۆی هه‌موو ئه‌و جه‌نایه‌ت و نهێنی كاریانه‌ی وا ڕژیم له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌كانی ڕابردوودا ئه‌نجامی داوه‌، ئه‌مجاره‌یان به‌ تووڕه‌یه‌كی زیاتره‌وه‌، شه‌قامه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ گۆڕه‌پانی ده‌ربڕینی نه‌فه‌رت و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان.