کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سفرەی نەورۆزی کرێکاران ئەمساڵیش بەتاڵە

لە حاڵێکدا کە کەمتر لە یەک حەفتەی ماوە بۆ ساڵی نوێ، هێشتا کرێکاران سەرەڕای مانگرتن، ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی بەرینیان لە کارخانە و ناوەندە کرێکاریەکان، وڵامێکیان بۆ داخوازیەکانیان وەرنەگرتۆتەوە. نەتەنیا هەواڵێک لە جێژنانە و پاداشی ساڵانە لە ئارادا نییە، تەنانەت وەعدەی دانی حەقدەستە دوا خراوەکانیشیان نە بە کرێکارانی بەشی دەوڵەتی داوە و نە بە کرێکارانی کەرتی تایبەت. ئێستا لە سەرودەمی نەورۆز و ساڵی تازەدا نە تەنیا هێشتا هەواڵێک لە زیاد کرانی حەقدەستەکانی گونجاو لەگەڵ هەزینەی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری لە ئارادا نییە، بەڵکو هەم ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی خاوەنکارێکی گەورەیە و هەم باقی سەرمایەدارانی خوسوسی و هەم نوێنەرانی فەرمایشی ناوەندە دژی کرێکاریەکانی وەک ” شوڕا ئیسلامیەکانی کار و خانەی کارگەر” لە هەوڵدان بە فڕوفێڵ و حیلەی شەرعی دیسانیش لە ساڵی داهاتودا حەقدەستی پێنج مه‌رته‌به‌ لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن.

رۆژی سێ شەممە ٢٢ مانگی ڕەشەمە کوموسیۆنی سێ لایەنەی كۆماری ئیسلامی بۆ دیاری کردنی حەقدەستەکان، بەبێ حوزوری نوێنەرانی کرێکاران بە دانی کۆمەڵێک ئاماری ساختە و ناڕاست لە تەوەڕوم کە گۆیا یەک ڕەقەمییە و گونجاندنی تەنیا بەشێک لە قەڵەمەکانی سەبەدی بەڕێچوون لە محاسباتیاندا، لانیکەمی سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری سێ کەس و نیوی دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تەمەن ڕاگەیاند. ئەم مەبلەغە خۆیشی نیوەی هەزینەی ژیانی سەر هێڵی هەژارییە بۆ بنەماڵەیەکی مامناوەندی کرێکاری. لەگەڵ ئەوەدا ئەوان دەیانەوێ بە کرێکارانی بسەلمێنن کە ئەوەی بەرپرسانی ڕژیم بە” دواکەوتنی” نێوان حەقدەست و سەبەدی بەڕێچوونی دەزانن کە ئەویش پەنجا لەسەدە، دەبێ قەبوڵی بکەن لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی ئەوانەوە خاوەنکاران توانایی دانی حەقدەستی زیاتریان نییە. بەم جۆرە تا ئەمرۆش شوڕای سێ لایەنەی دیاری کردنی حەقدەستەکان لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانیان بۆ ساڵی ١٣٩٧ ڕانەگەیاندوە. بەڵام بێگومان ئەوەی لە پەسند کراوی ئەم کوموسیۆنە دژی کرێکارییە لە پێوەند لەگەڵ دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستەکان بۆ ساڵی داهاتو دەردێت، زیاد کرانێکی کەم دەبێت کە تەنانەت قەرەبووی بەرز بوونەوەی نرخی تەوەروم و گرانی چەند مانگی ڕابردوش ناکاتەوە. 

دەوڵەت و باقی خاوەنکاران لە حاڵێکدا بە درۆ ئیدیعا دەکەن توانایی دانی حەقدەستی زیاتریان بە کرێکاران نییە کە ساڵانێکە حەقدەستی پێنج مه‌رته‌به‌ ژێر هێڵی هەژاریان بەسەر کرێکاراندا سەپاندوە. ڕێژەی حەقدەستی کرێکاران لە ئێران شتێکی نزیک پێنج لەسەد لە سەرجەم هەزینەی بەرهەمهێنانە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئەو ئامارانەی بە ڕەسمی بلاو کراونەتەوە لە لایەن یەکێتیە کرێکاریەکانەوە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، حەقدەستی کرێکاران زیاتر لە ٣٠ لەسەدی هەزینەی بەرهەمهێنان پێکدێنێ. بەم جۆرە بەپێی یاسای دژی کرێکاری و دژی ئینسانی ڕژیمی ئیسلامی، کرێکاران لە ئێران بە توند ترین شێوە نیسبەت بە کرێکارانی باقی وڵاتان دەچەوسێنەوە.

بەڵام کرێکاران لە بەرانبەر ئەم وەحشیگەرییە هەوسار پچڕاوەی سەرمایەداریدا بێدەنگ نین. لە چەند مانگی ڕابردودا مانگرتن، ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی کرێکارییەکان لە ئاستی سەرتاسەری لە ئێران زیادی کردوە و بۆتە هۆی نیگەرانی و ترسی سەرانی ڕژیم. کار گەیشتۆتە جیگایەک کە تەنانەت هیندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامیش هەڵبەت بۆ هێرش کردنە سەر ڕەقیب، ئیعتیڕاف دەکەن کە هەشتا لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و سەبارەت بە مەترسی روودانی ناڕەزایەتی توندتر لە ناڕەزایەتیەکانی مانگی بەفرانبار هۆشداری ئەدەن.

رۆژی چوار شەممە ٢٣ ی مانگی ڕەشەمە کرێکارانی گوروپی سەنعەتی فولاد لە ٢٣ هەمین رۆژی ناڕەزایەتی و کۆبونەوەی بەردەوامی خۆیاندا، بە دانی دروشمی وەک” حسێن حسێن دروشمیان، دزی کردن شانازیان و “نە زیندان نە هەڕەشە ئیتر فایدەی نییە”، ” دەمرین خۆڕادەگرین مافەکانمان وەردەگرین” جارێکی تر پەردەیان لە ڕواڵەتی دژی کرێکاری سەرانی ڕژیم هەڵماڵی و لەسەر درێژەدان بە خەباتیان تا دەستەبەر بوونی داواکاریەکانیان پێداگرییان کرد. رۆژی دواتری خامنەیی لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگان دەستی کرد بە مەوعیزە و دوای سەفسەتەیەکی زۆر، لە وڵام بە ناڕەزایەتی کرێکاران ئیعتیڕافی کرد کە ” دەنگی شۆڕش”ی بیستوە. ئەو وتی:” ئاگاداری کێشە و گرفت و موشکلاتی خەڵک هەین. ئینشا اللە لە چەند رۆژی داهاتەدا قسە له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كه‌م.” ئەو کە ئەمجارە لە پێگەی دیفاعی و مەزلوم نمایانەوە قسەی دەکرد، بە ئاماژە کردن بە قەیرانی سیاسی، ئابووری، ئەمنیەتی و فەرهەنگی ڕژیم کە ئەو بە شەڕی دوژمن ناوی برد وتی:” هەڵبەت کەسانێک لەم بارودۆخە ناڕازین و پێیان وایە کۆماری ئیسلامی ئەم شەڕەی دەست پێکردوە ئەم گومانە جۆرێک غافڵ بوونە.” خامنەیی بەشێوەی ئاسایی و وەک پێشو هێرش و شەڕی دوژمنانی دین بە هۆکاری ئەم بارودۆخە دەزانێت و وتی:” عولەما و کەسانێک کە گوێ لە قسەکانیان دەگیرێت و دەزگا ئاموزشیەکان و سەدا و سیما بە بەرنامە داڕشتن و چڕ بوونەوەی پێویست ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن.” بەم جۆرە خامنەیی بێ توانایی ڕژیمەکەی لە چارەسەر کردنی ئەو کێشە و گرفتە گەورانەی کە بەرۆکیان بە کۆمەڵگا گرتوە ڕاگەیاند و بە تاوانبار کردنی کرێکاران بە فریوخواردوانی دوژمنانی ئیسلام پەیامی دا بەو کرێکارانەی چەقۆ گەێشتۆتە سەر ئێسقانیان کە ئەمساڵیش دەبێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەسەر سفرەی بەتاڵی نەورۆزی دانیشن. بێ گومان خامنەیی لە قسەکانی چەند رۆژی داهاتوی وەعدە دراویشیدا وڵامێکی بێجگە لە پەنابردنەبەر هێزی سەرکوت و دەزگای فریو و خورافە لەدژی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ناڕازی کە داوای مافی خۆیان دەکەن، نابێت.

حکومەتی کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی سەرمایەدار و پارێزەر و داکۆکی کاری بەرژەوەندی سەرمایەدارانە. بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەم ڕژیمەش وەک هاو جنسەکانیان لە ڕێگای چەوساندنەوەی هێزی کار و تاڵان کردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگاوە هەم خۆیان دەستیان بە سەرمایەیەکی نجومی ڕاگەیشتوە و هەم ڕێگایان بۆ بەهرەکێشی باقی هێزە سەرمایەداریەکان لە ئێران کردۆتەوە. گەندەڵی و دزی و ئیختیلاسی کەڵان لە سەرتاپای ئەرکانی ئەم نیزامەدا نیهادینە کراوە. لەگەڵ ئەوەدا هەزینەی زۆر و زەوەندی درێژەدان بەم حاکمیەتە دژی بەشەرییە چ لە نێوخۆ و چ لەدەرەوەی وڵات، کرێکاران و زۆربەی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانی بەرەو رووی هەژاری و برسیەتی کردۆتەوە. کاخ نشینانی سەردەمداری حکومەتی لە دەزگای پان و بەرینی روحانیەتەوە گرتویەتی تا سەرانی سپای پاسدارانی سەرمایە و کار بەدەستانی دەوڵەت کە لەبیری کەڵەکە کردنی سەروەتی زیاتر و پاراستنی دەسەڵاتیان دان لە بەرانبەر هەژاری و برسیەتی ڕۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری خەڵکی ئێراندا بێ خەیاڵن.

بەڵام درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران نیشانەی ئەوەیە کە کرێکاران لە ماهیەتی دژی کرێکاری ڕژیم ئاگادارن و دەزانن کە ئەم ڕژیمە وڵام دەرەوەی داواکاریەکانیان نابێت. لە وەها بارودۆخێکدا بەرز کردنەوەی ئاستی خەباتی کرێکاری بە هەوڵدان بۆ سەرتاسەری کردنەوەی و پەرەدان بە تەشەکولیابی جەماوەری و چێنایەتی کرێکاران دەتوانێ هاوسەنگی هێز بە قازانجی کرێکاران بگۆدڕێت و ڕژیم وادار بە پاشەکشه‌ و قەبوڵ کردنی زیاد کرانی حەقدەستەکانی گونجاو لەگەڵ هەزینەی لانیکەمی ژیانێکی ئاسودە، بۆ کرێکاران و سەرئەنجام تێکەوە پێچڕانی بەساتی ئەم ڕژیمە سەدەی نێوەڕاستیە بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-