وزارەتیکۆماریئیسلامیڕۆژی “بیست و یەکی” گوڵان ڕایگەیاند کە دوو شارۆمەندی فەڕانسەوی دەستبەسەر کردووە. ئەو دوو کەسە بریتین لە خاتوو کۆهلێر و هاوسەرەکەی ژاک پاری، ئەندامانی یەکێتی موعەلیمان بەناوی “هێزی کرێکاریی” فەڕانسە و وەک توریست هاتبوونە ئێران. “هێزی کرێکاریی” ئەندامی “فدراسیۆنی بارهێنانی نێونەتەوەی“یە کە خاوەنی ٣٨٣ یەکێتی هاوپەیمانی لە ١٧٨ وڵات و ٢٣ ملیۆن ئەندامە و گەورەترین تەشەکولی موعەلیمانە لە جیهاندا. خاتوو کۆهلێر ئەندامێکی کارا و بەرجەستەی ئەو فدراسیۆنە و بەرپرسی یەکێک لە ئۆرگانەکانییەتی. ناوبراو وەک پسپۆری ڕێکخستنی کرێکارانی ئامووزشیی دەناسرێت و گەلێک بابەت و نووسراوەی ناوداری هەیە.
بەرپرسانی داماوی ئیسلامی، کە لەگەڵ شەپۆلێکی بەهێزی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری بەرەوڕوون، بە دیتنی ئەم دوو توریستە فەڕانسەوییە، کەوتنە بیری پلانگێرییەکی کۆن و سواو. بەتایبەت ئەوەی کە ئەوان لەگەڵ ڕەزا شەهابی ئەندامی هەیئەت مودیرەی سەندیکای شیرکەت واحد، کە لە پاریسیش چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردبوون، دیداریان کرد و ژومارەیەک لە چالاکانی موعەلیمانیشیان وەک هاویەکێتیی، بینیبوو.
مەئموورانی گەندەڵی ئیتلاعات ڕۆژی ٢٢ی گوڵان ڕەزا شەهابییان بەخێرایی دەستبەسەرکرد و دواتر ژومارەیەک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و موعەلیمانیان گرت. دەستبەسەرکراوەکانی تر بریتین لە ” ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی“، ڕەیحانە ئەنساری نەژاد” و “کەیوان موهتەدی“، لە چالاکانی کرێکاریی و هەروەها “ڕەسووڵ بوداقی“، “جەعفەر ئیبراهیمی“، “شەعبان محەممەدی“، “ئەسکەندەر لوتفی“، “محەممەد حەبیبی” و “محسن عومڕانی“، لە هەڵسووڕاوانی موعەلیمان.
هەروەها هەتا ئێستاش چارەنووسی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و مەدەنی دەستبەسەرکراوی شاری بانە، واتا فاتح مەجیدی، پەروین عەبدوڵڵاپوور، حەسەن عێزەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی و ئەفشین ڕەحیمی نادیارە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە فاتح مەجیدی، لە ناڕەزایەتی بە درێژەی دەستبەسەرکران و دەستپێڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری دەرمانی، مانی لە خواردن گرتووە.
ئەم دەستبەسەرکردنانە لە ناخی سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەری لەدژی کۆماری ئیسلامیدا ڕوویداوە. شەپۆلی نوێی ئاخێزە جەماوەرییەکان، کە لە خوزستانەوە و دوابەدوای داڕمانی بینای میترۆپۆل دەستیپێکردووە، چەند شارێکی دیکەشی گرتۆتەوە. کۆماری کۆنەپەرستی ئیسلامی کە بەهۆی ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانەوە تا ڕادەیەکی بەرچاو لەناوخۆیدا تووشی ناکۆکی و پرش و بڵاویی بووە، لەڕووی داماویی و سەرلێشێواوییەوە هانای بردۆتەوەبەر هەمان ئەو تاکتیکە کۆن و ڕسوا بووانەی وەک پەروەندەسازی و پیلانگێڕیی، کە بەدرێژایی دەسەڵاتەکەی بەکاری هێناون.
هێزی سەرتاپا گەندەڵی دادوەریی، بۆ پاراستن و مانەوەی ڕژیمی جیبایەتکاری ئێسلامی، لە چواردەیەی ڕابردوودا و بەتایبەت دەیەی شەستی هەتاوی، بەهەزاران لاو و ژن و پیاوی پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی وەحشییانە، لەسێدارەدا. بەڵام ئەمڕۆکە ئەو هاوسەنگییەی کە پاش سەرکوتی خوێناوی و بێبەزەییانەی شۆڕشی پەنجا و حەوت، بەقازانجی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەدەستهاتبوو، تا ڕادەیەکی بەرچاو لەبەرژەوەندی خەڵکدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. جگە لەوەش ڕژیم ئەمجارەیان بەپێچەوانەی ڕابردوو، ئەندامی فەڕانسەوی فدراسیۆنێکی بەهێزی دەستبەسەرکردووە و دوابەدوای ئەوە ڕۆڵە پێشڕەو و قارەمانەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و موعەلیمانیان گرتووە.
فدراسیۆنی ” بارهێنانی نێونەتەوەیی“، جارێ هیوادارە کە بتوانێت لەڕێگەی دیپلۆماسی و ناردنی بەڵگەی پێویست و پێوەندیدار بەو دوو ئەندامە ناسراوەی خۆیەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕازی بکات خاتوو کۆهلێر و هاوسەرەکەی ئازاد بکات. بەڵام هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و خەباتکارانی ئێران لەو ڕووەوە کە ڕژیم بەباشی دەناسن و هۆکاری دەستبەسەرکرانی سەندیکالیستە فەڕانسەوییەکانیش دەزانن، تووشی تەوەهوم و خۆشباوەڕیی بە ئیدارەی ئیتلاعات، هێزی دادوەری و بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی نەبوون و بە نیشاندانی مشتی گرێدراو و لێک هەڵپێکراوی خۆیان لە ئاکسیۆن و ناڕەزایەتییەکاندا خوازیاری ئازادی بەدیل گیراوەکانن.
رێکخراە سەربەخۆ کرێکارییەکان و شۆڕای موعەلیمان، لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و بە دروشمی ” زیندانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت“، لە پێناو ئازادکردنی هاوچینەکانی خۆیاندا شێلگیرانە تێکۆشاون. جەماوەری خەباتکاریش بۆ نموونە لە مەریوان، سنە و شارەکانی تری ئێران دروشمی ” موعلیمی زیندانی دەبێت ئازاد بکرێت“یان کردۆتە دەستپێکی دروشمەکانی خۆیان و نیشانیانداوە کە دەیانهەوێ بەپشتبەستن بە هێزی یەکگرتووانە و خەباتکارانەی خۆیان ئیدارەی ئیتلاعات ناچار بکەن دەست لە پیلانگێڕیی هەڵبگرێت و ڕۆڵە خۆشناو و خۆشەویستەکانی خەڵکی ئێران و فەڕانسە بگەرێنێتەوە ناو باوەشی هاوڕێیان و هاوسەنگەران و بنەماڵەکانیان.
دەبێت هەوڵبدرێت خەبات بۆ شکست پێهێنانی پیلانگێڕیی و پەروەندەسازییەکانی ڕژیم و ئورگانە ڕسوا و گەندەڵەکانی لەدژی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و موعەلیمان، ببێت بە شەپۆلێک لەناخی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستادا، دروشمی ” زیندانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت“، ببێتە ئاڵایەکی ئامانجدار و لە سەرجەم ئاکسیۆنەکاندا بەرز بکرێتەوە.
لەبنەڕەتەوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە دەورەی قیرانی ئابووری و لاوازیی سیاسیدا بەردەوام پشتیان بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بەستووە. ئەم بابەتە بۆ کۆماری ئیسلامیش کە جگەلە قیرانی یەک لەدوای یەکی سیاسی و ڕەوایەتیی و ئابووریی، هیچ گەشە و پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەدیتووە، راستییەکی حاشا هەڵنەگرە. بەڵام لەم قۆناغەدا کە هاوسەنگی هێز لە نێوان خەڵک و ڕژیمدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، دەتواندرێت بە پێداگری لەسەر دروشمی ” زیندانی سیاسی دبێت ئازاد بکرێت“، زەمینەی ئازادکردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، مەدەنی و هەروەها، دوو چالاکوانی سەندیکالیستی فەڕانسەوی فەراهەم بکرێت.